رژێمی ئێران لە ماوەی 20 رۆژدا 60 کەسی لەسێدارەداوە
📊 סטטיסטיקה וסקרים
رۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
راپۆرتی پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە یەک مانگی رابردوودا دەخرێتەروو، کە بەپێی راپۆرتەکە، لە کەمتر لە 20 رۆژی رابردوودا 60 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون.
دوێنێ، ناوەندی چالاکوانانی مافی مرۆڤی کوردستان راپۆرتی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤی یەک مانگی رابردووی رژێمی ئێرانی بڵاوکردەوە.
ئەو ناوەندە لە راپۆرتەکەیدا باسی لە سێدارە، دەستگیری و لەناوبردنی ژینگە کردووە و ئاماژەی بۆ ئەوەداوە:" ئەم راپۆرتە هەموو پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناگرێتەوە، لەبەر ئەوەی لە هەندێک بواردا بەهۆی سنوورداربوونی زانیارییەکان و ئەمنی بوونی دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان زانیاری تەواو بەدەستی ئێمە نەگەیشتووە".
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە لەم مانگەدا ئیجلال قەوامی، رۆژنامەنووسی سنەیی بانگکراوە بۆ دادگا، هەروەها 12 هاوڵاتی شاری مهاباد لەسەر دۆسیەی ئۆتێل تارا و کوژرانی فەریناز خوسرەوانی سزای مادی دراون.
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە:"پێنج ژن بەناوەکانی ئەفسانە بایەزیدی، هاجەر پیری، سوهێلا مینایی، سودابە حەسەنخانی و فەریدە خوشناو سزای قورس دراون و دوورخراونەتەوە بۆ زیندانی کرمان کە هەزار و 500 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی کوردستان دوورە، هەروەها دوو برا بەناوەکانی دیاکۆ و مستەفا شێخی لە بۆکان دەستگیرکراون و چالاکوانێکی سیاسی بەناوی کامەران دەروێشی لە دادگای ورمێ بە پێنج ساڵ زیندان سزادراوە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ناوی ئەو کەسانەی تێدایە، کە لە یەک مانگی رابردوودا لە سێدارەدراون یان کوژراون، لەم بەشەدا ئاماژەدراوە، کە تەنیا لە زیندانی قروە 47 کەس چاوەڕێی ئەنجامدرانی سزای سێدارەن، لەکۆتایی ئەم بەشەی راپۆرتەکەدا هاتووە، کە لە کەمتر لە 20 رۆژی رابردوودا 60 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون، ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ساڵی 2015دا 966 کەس لە ئێران لەسێدارەدران.
بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە باسی لە کوژرانی کۆڵبەرەکان و رووداوەکانی سەرسنور کردووە، لەو بەشەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە لە 25 ساڵی رابردوودا تەنیا لە پارێزگای ئیلام 320 کەس بەهۆی تەقینەوەی مین بەسەختی برینداربوون، سێ کۆڵبەر لە یەک مانگی رابردوودا کوژراون یان بەهۆی هەژارییەوە کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە، ژمارەیەکی زۆری دیکە لە هاوڵاتیان بەهۆی تەقینەوەی مین برینداربوون کە ژمارەیەکی بەرچاو لەوان منداڵبوون.
لە بەشی ژینگەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەدراوە، ژیانەوەی دەریاچەی ورمێ لەم مانگەدا راگیراوە و هەروەها بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاگردا سوتێندراون.
راپۆرتەکە هەروەها باسی لە نامەی زانیار و لوقمان مورادی، زیندانیانی سیاسی چاوەڕێی سزای سێدارە، بۆ عاسمە جەهانگیری، رێپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران کردووە، کە ماوەیەک پێش ئێستا بۆ زانیاریدان سەبارەت بە دۆخی سەختیان لە زینداندا نووسیبوویان.
22-11-2016
⚠️ פריט זה נכתב בשפה (🏳️ کوردیی ناوەڕاست), לחץ על סמל
כדי לפתוח את הפריט בשפת המקור!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!