وەزیری تەندروستی: ناتوانین دەرمان بۆ ئاوارەکان دابین بکەین
📊 ئامار و راپرسی
رۆژنیوز – بەرهەم لەتیف
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەتوانایدا نییە دەرمان بۆ هەموو ئاوارەکان دابین بکات و داوای هاوکاریش لە وەزارەتی تەندروستی عێراق دەکات.
ئەمڕۆ، د. رێکەوت حەمە رەشید، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان-ی کرد و لە بینای ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان و سەرجەم بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەکانی سنورەکە کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکەش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، د.رێکەوت حەمە رەشید، وەزیری تەندروستی وتی:" ئەمڕۆ سەردانی گەرمیانمان کرد، بۆ لە نزیکەوە گوێگرتن لە پێداویستییەکانی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان".
وتیشی:" پێداویستییەکانیان لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کە هەندێکیان پزیشکیان پێویستە، ئێمەش لە ئەنجومەنی وەزیران داوامان کردووە کە پزیشکمان بۆ دابمەزرێنێت، وە داواشیان کرد کە دەرماڵەی ئێشکگریان بۆ زیاد بکرێت".
لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنیوزدا، لەبارەی ئەوەی چیکراوە بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ ئه و ئاوارانەی کە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە؟، وەزیری تەندروستی رایگەیاند:" ئێمە پێشتریش جەختمان کردووەتەوه، کە دەرمان و پێداویستی پزیشکی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەتوانایدا نییە بۆ هەموو ئاوارەکانی دابین بکات".
وتیشی:" زیاتر لە یەک ملیۆن و 700 هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، لەبەر ئەوە داوا لە وەزارەتی تەندروستی عێراق دەکەین، کە زیاتر هاوکارمان بن، وە داواش لە نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپاش دەکەین، کە هاوکارمان بن بۆ ئه و مەبەستە".
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشیکردەوە:" لە هەرێمی کوردستاندا مەترسی قەیرانی دەرمان نییە، هەرچەندە هەموو دەرمانێکیشمان نییە و جاربەجار هەندێک جۆر دەبڕێت و دێت، چونکە ئێمە پێشتر بۆمان هەبوو بە ئازادی دەرمان بکڕین، بەڵام لە ئێستادا بۆمان دانراوە کە مانگانە بەبڕی شەش ملیار دینار دەرمان بکڕین، لە گەرمیانیش ئەمڕۆ پێیان وتین کە کێشەی دەرمان نییە، حکومەتی عێراقیش دەرمان دەنێرێت %45 ی پێداویستییەکانمان دەنرێت، چونکە بەغدا خۆشیان کێشەی بودجە و کڕینی دەرمانیان هەیە".
17-11-2016