عەلی ئەکبەر ئەلبۆرزی
هونەرمەند عەلی ئەکبەر ئەلبۆرزی ناسراو بە ” عەلی ئەکبەر خان” ساڵی 1920 لەشاری کرماشان هاتووەتە دنیاوە. لەسەرەتای تەمەنی لاوێتییەوە، یەکێک بووە لە شوێنکەوتەکانی مامۆستا ” دەروێش حەسەن خەراباتی” لە کرماشان و دواتریش دەچێت بۆ شاری تاران و دەبێت بە یەکێک لە پەیڕەوانی قوتابخانەی سۆفیگەری ” شا نێعمەتوڵڵا وەلی”.
ساڵی 1951 چووەتە ئێزگەی تاران و وەک یەکەمین گۆرانیبێژی کورد لەگەڵ ئۆرکسترای ڕادیۆی ئەو سەردەمەدا، بەستە و گۆرانییەکانی ناوچەی کرماشانی بە شیوەی کەڵهۆڕی وتووە.
لەگەڵ ئەوەشدا دوور لە بورادە هونەرەکەی، بە کارمەندی دەوڵەت لە ” پۆلیسی تاران” دامەزراوە، بەڵام لە کاری هونەریی دانەبڕاوە و جەندین گۆرانیی و ئاوازی کوردیی لە ڕادیۆی تاران تۆمارکردووە و هاوکاتیش لە تەلەڤزیۆنی تاراندا چەند جارێک بەشێوەی ڕاستەوخۆ بە جلوبەرگی کوردیی کەلهۆڕییەوە گۆرانی وتووە.
عەلی ئەلبۆرزی، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی لە ڕادیۆی تاران، لەگەڵ خانمە گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئێرانی ئەوسەردەمە ” ملووک زەڕابی” کە یەکێک بووە لەو گۆرانیبێژە فارسانەی کە بۆ بارەگا و کەسوکاری شای ئێران گۆرانی وتووە، چەندین گۆرانی کوردی و فارسییان وتووە. ئەلبۆرزی بە زمانی کوردیی و خانمی زەڕابییش بە هۆنراوەی فارسی وەڵامی داوەتەوە.
عەلی ئەلبۆرزی، ساڵی 2004 لە شاری تاران کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێش بە خاک سپێردراوە.
ناوی هەندێک لە بەرهەمەکانی عەلی ئەکبەر خانی ئەلبۆرزی: یاخودا مالەگەم بێ دوست وێرانە، داخ لەیل و داخ لەیل، کچکە شیرازی، خاڵۆ ڕێبوار، من دوور تۆ دوور، گوڵ ڕیزە ڕیزە، ئامان گوڵ
🗄 سەرچاوەکان
[1] ⚫ دیارینەکراو | 🏳️ کوردیی ناوەڕاست |
رۆژی کورد