حیشمەتوڵڵا لوڕنەژاد
ناوی حیشمەت کوڕی حاجی فەتحوڵڵایە. ساڵی 1947 لە گەڕەکی ” ئەلافخانە ” لە کرماشان و لە بنەماڵەیەکی هونەردۆست، چاوی بە ژیان هەڵهێناوە. لەژێر کاریگەری باپیری، کە دەنگخۆش بووە، دەستی بە وتنی گۆرانی کردووە و لە تەمەنی حەڤدە ساڵییدا، یەکەمین بەرهەمی لە دەستەی موزیکی ڕادیۆ کرماشان، پێشکەش کردووە.
سەرەتا و لەگۆرانی وتندا، پێڕەوی ڕێچکەی ” سەیید عەلی ئەسغەری کوردستانی، عەلی مەردان، تایەر تۆفێق ” ی کردووە و کەڵکی لە ڕێنماییەکانی ” حەسەن زیرەک ” و هەروەها میوزیک کارەکانی کرماشان، وەک ” مەحموود مرئاتی، رەحەمتی مەسعوود زەنگەنە، رەوانشاد محەمەد عەبدولسەمەدی، مەحمود بلوری و ئەکبەر ئیزەدی ” وەرگرتووە. دواتر، هەنگاوی بەرەو خۆناسی هونەرەکەی هەڵێناوە.
جگە لەوەی کە بەسۆرانی و کەلهوڕی و هەورامی، گۆرانی وتووە، بە زمانی فارسیش، چەند بەرهەمێکی تۆمار کردووە، لەوانە ” بازهەوایێ وەتەنم ئارزوست “.
لوڕنەژاد، پاش شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979 بەردەوامبووە لە تۆمارکردنی گۆرانی لە ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی کرماشان، لە ساڵی 1989 بەدواوە، بەهاوکاریی گرووپی ” موشتاق ” و بەسەرپەرشتیی ” سیاوەش نوورپوور ” ژمارەیەک کۆنسێرتی لە شارەکانی تاران و کرماشان ئەنجام داوە و دواهەمین کۆنسێرتی، ساڵی 1995 لە تاران بووە.
شارەزاییەکی باشی لە مەقاماتدا هەبووە و زۆر لە گۆرانییەکانی، خۆی دایناون یان لە دەستکاریکراوی خۆی بوون.
هۆنراوەی گۆرانییەکانی، زۆرترلە شاعیران ” تاهیر بەگی جاف، مەولەوی، سەیید یاقوویی ماهیدەشتی، شەیدا لورنەژاد ” وەرگرتووە.
بۆ ماوەی بیست و پێنج ساڵ کارمەندی دەزگای کەشناسی بووە لە کرماشان.
لوڕنەژادی دەنگخۆش، ڕۆژی 25ی گەلاوێژی ساڵی 1995 دڵی لە لێدان دەکەوێت و بۆ هەمیشە دونیای هونەریی بەجێ دێڵێت.
ناو هەندێک لە گۆرانییەکانی حیشمەتوڵڵا لوڕنەژاد:
عاڵەم دڵگیرم، ئەڕا وەفا نەکردی، عاشقی زار، بادەی کامەرانی، بەزڕان، چاوت گریانە، دڵم زیندانە، عاشقی جاوەدانی، ئەی خودا، گەڵارێزان، هەر تۆنی یارم، کرماشان، قەسرشیرین، ڕۆڵە لای لای، شەمع و پەروانە، یاری شیرین، گوڵەکەم نەخشانە، ئیمشەو میوانم، بەهاری من، ئەی گوڵ، حکایەتی دڵ، کەمەرە کەمەرە.
🗄 سەرچاوەکان
[1] ⚫ دیارینەکراو | 🏳️ کوردیی ناوەڕاست |
رۆژی کورد