زانیاری تەواو لەسەر کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی سلێمانی و بڕی تێچوونی و مەترسییەکانی
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، هۆگر کەمال
لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری شارەوانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، کە رۆژانە کۆمپانیاکانی کۆکەرەوە و تیمەکانی شارەوانی هەزار و 200 تۆن خۆڵ و خاشاک کۆدەکەنەوە، کە ساڵانە بڕی 25 ملیار دیناری تێدەچێت، دەشڵێت "ئەو خۆڵ و خاشاکەی لە ناوچەی تانجەرۆ کۆیدەکەینەوە مەترسییەکی گەورەی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان هەیە و زۆرترین رێژەی تووشبوانی شێرپەنجەش لەو ناوچەیەن".
ڕزگار ئەحمەد، لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری شارەوانی سلێمانی، بە دواڕۆژی وت "پاکڕاگرتنی شار لە ئەستۆی شارەوانی و کۆمپانیا کۆکەرەوەکانە، بەڵام تا ئێستا سیستمی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک شێوازێکی سەرەتاییە و پێشکەوتوو نییە".
وتیشی "پاکڕاگرتنی شارێکی گەورەی وەک سلێمانی لە سنوری ماستەرپلانی سەرۆکایەتی شارەوانی کە رووبەرەکەی 472 کیلۆمەترە، تەنها ئەرکی شارەوانی نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو هاوڵاتیانیشە و ئەرکێکی نیشتمانی و ئاینی و مرۆییە".
باسی لەوەشکرد "رۆژانە چوار کۆمپانیای کۆکەرەوە و تیمەکانی شارەوانی سلێمانی، واتە بە هەزار و 600 ژینگەپارێز و 550 ئامێری جۆراوجۆر سەرقاڵی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی شارەکەن، دواتریش دەیگوازنەوە بۆ وێستگەی ژێرخستنی تەندروستی لەناوچەی تانجەرۆ، لەوێش بەشێوەیەکی سەرەتایی بە گڵ دادەپۆشرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد "لە رۆژانی ئاساییدا رۆژانە هەزار و 200 تۆن خۆڵ و خاشاک لە سلێمانی کۆدەکرێتەوە، لە بۆنە ئاینی و نەتەوەییەکاندا لەماوەی 24 کاتژمێردا هەزار و 250 بۆ 350 تەن خۆڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە و دەگوێزرێتەوە بۆ ناوچەی تانجەرۆ".
لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری شارەوانی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو "لە ناوچەی تانجەرۆ وێستگەیەکمان هەیە بۆ ژێرخستنی تەندروستی بەشێوەیەکی سەرەتایی دفن دەکرێت و دواتر دادەپۆشرێت بە گڵی خاوێن".
ئاشکراشیکرد "ساڵانە شارەوانی بڕی 25 ملیار دینار خەرج دەکات بۆ پاکڕاگرتنی شاری سلێمانی و گواستنەوەی تانجەرۆ".
هێمای بۆ ئەوەشکرد "زۆرینەی خاشاکی شاری سلێمانی بریتییە لە خواردەمەنی رۆژانەی ماڵان، دواتر پلاستیک و شوشە و جۆرەکانی تری خاشاکە، بەداخەوە کلتورێکی خراپمان هەیە و لە بانگهێشتی میوانێکماندا خواردنێکی زۆر دروست دەکەین و وادەزانین بەمە رێزمان زیاتر دەبێت، هەر بۆیە رێژەی خاشاکی خواردەمەنی لە 58% و رێژەی شوشە 2% و نایلۆن و بتڵی ئاو لە 18% و قوماش 4% و تەختە 3% و کارتۆن و کاغەز 7% و ئاسان و ئەلەمنیۆم 4% خاشاک پێکدەهێنن".
رونیشیکردەوە "بەدڵنیاییەوە زۆری خۆڵ و خاشاک گرفتێکی زۆری بۆ دروست کردووین بەتایبەتی ناوچەی تانجەرۆ، کە بۆ 16 ساڵ دەچێت خۆڵ و خاشاک لەو ناوچەیە کۆدەکرێتەوە، کاتی خۆی بەپێی لیژنەی ژینگە و وەزارەتەکانی تەندروستی و شارەوانی ئەو شوێنە دابینکراوە بۆ کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، کە ئەوکاتە کەسی تێدا نەدەژیا، بەڵام لە ئێستادا بۆتە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون و رێژەی گوندەکان لەو سنورە زیادییان کردووە و کارگە پیشەسازییەکانیش لەوێن، ئەوەش مەترسییەکی زۆری دروست کردووە".
سەبارەت بە هەوڵی شارەوانی بۆ ریسایکلینی خۆڵ و خاشاکی سلێمانی، ڕزگار ئەحمەد، وتی "ئێمە لە (2005)ەوە هەوڵمانداوە بۆ ریسایکلینی خۆڵ و خاشاکی ناوچەکە، بەهۆی مەترسی لەسەر باری تەندروستی هاوڵاتیانی ناوچەکە و سیمای ناوچەکەشی ناشرین کردووە، دواترین هەوڵمان ئەوەبوو لە (2013) گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیای (لاڤارجی فەڕەنسی) و گروپی کۆمپانیاکانی فاروق ئەنجامدا، بۆ رسایکلینی خۆڵ و خاشاکی سلێمانی، بەڵام بەداخەوە ئەگەرچی هیچ کەموکورتییەک لای کۆمپانیاکەوە نەبوو، بەڵام حکومەت ئەم قەیرانی داراییەی بەسەر هات".
وتیشی "بەهۆی ئەوەی حکومەت پارەی ئەو پڕۆژەی ریسایکلینەی دابین نەکرد و کارە خزمەتگوزارییەکانیشی بۆ ئەنجامنەدا، بۆ ئەوەی رێگای بۆ بکرێتەوە و کارەبای بداتێ و ئاوی بۆ رابکێشرێت، جگەلەوەش وەبەرهێنان مۆڵەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی نەداوە، بەوهۆیەشەوە خەریکە پڕۆژەکە لەبار دەچێت و مەترسییەکی گەورەش لەسەر باری تەندروستی هاوڵاتیان هەیە و سیمای شارەکەشی ناشرین کردووە".
رزگار ئەحمەد، باسی لەوەشکرد "بەهۆی کەموکورتی حکومەتەوە مۆڵەت نەدراوە بە پڕۆژەکە و لەکاتی خۆشی نەهاتووە بەدەمییەوە".
ئاماژەی بەوەشدا "بەهۆی ئەوەی شارەوانی سلێمانی فراوانبوونێکی زۆری بەخۆیەوە بینی، هەشت ساڵە چوار کۆمپانیای کۆکەرەوە 70%ی خۆڵ و خاشاکی شارەکە لە ئەستۆی ئەوانە و لە 30%یش کە گەڕەکە دوور دەست و گوندەکان دەگرێتەوە لە ئەستۆی تیمەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانییە".
رونیشیکردەوە "بەپێی ئەو گرێبەستەی لەنێوانمان هەیە کۆمپانیاکان بڕگەکانی غەرامە و لێپرسینەوە دەیانگرێتەوە و ساڵانە تەواوی کۆمپانیاکان بە نزیکەی 150 بۆ 200 ملیۆن غەرامە دەکرێن بەهۆی کەموکورتییەکانیانەوە".
لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری شارەوانی سلێمانی، جەختیشی کردەوە "بەپێی لێکۆڵینەوەکانی رێکخراوی یونسێف، شاری سلێمانی پاکوخاوێنترین شاری هەرێم و عێراقیشە".
ئاشکراشیکرد "ناوچەی تانجەرۆ کە خۆڵ و خاشاکی شارەکەی تێدا کۆدەکرێتەوە 11 کیلۆمەتر لە سەنتەری شارەوە دوورە، 16 ساڵ پێش ئێستا ناوچەی نیشتەجێبوونی لێنزیک نەبوو، ئێستا هەم بەهۆی فراوانبوونی شارەوە خانوو گەیشۆتە ئەوێ هەم گوندەکانی دەوروبەری زیادیان کردووە، بەڵام لەوەش خراپتر وەزارەتی پیشەسازی بەبێ ئاگاداری وەزارەتی شارەوانی ئەو سنورەی کردە ناوچەی پیشەسازی دوو، ئەگەرچی زۆرێک لە کارگەکان لەکارکەوتوون، بەڵام هەندێ ئاوارەی عەرەبیان تێدا نیشتەجێ کردوون، ئەمەش مەترسیەکی زۆری هەیە".
دووپاتیشی کردەوە "خاکی ناوچەکە و ئاوەکەیی و هەواکەشیمان پیس کردووە، بەپێی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی تەندروستی زۆرترین رێژەی تووشبوانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان لەو ناوچەیەدایە، چونکە خاشاک مەترسییەکی گەورەی هەیە لەسەر باری تەندروستی هاوڵاتیان، مانەوەی خاشاک لە هاویندا چەند رۆژێک و لە زستانیشدا مانەوەی بۆ 9 رۆژ دەبێتە ژەهراویترین مەواد و مەترسی گەورەی هەیە".
لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری شارەوانی سلێمانی داواشی لە هاوڵاتیان کرد زیاتر هۆشیاربن لەبارەی فڕێدانی خۆڵ و خاشاک و زیاتر هاوکارمان بن، داواشی لە حکومەت کرد، کە کاتی ئەوە هاتووە چاو بکاتەوە و کار لەسەر چاکسازی باری دەرونی و پەروەردەیی هاوڵاتیان بکات.
- 04-11-2016