پیر محەمەو فڕین بەره و ماڵی خۆڵەپەتی
ئایا تائێستا وا هەبووە کە بیرەوەرییەکتان بۆ هاوڕێ یان کەسێکی ئازیزتان بگێڕنەوە؟ ئەگەر گێڕاوتانەتەوە، چۆنتان گێڕاوەتەوە، ئایا توانیوتانە بەشێوەیەک لەشێوەکان لەگێڕانەوەی بەسەرهات و بیرەوەرییەکانتان ئامانجی خۆتان بپێکن؟
ئایا گێڕانەوەکەتان تەنها قسەیەکی ئاسایی بووە و بەس یان لەپشت ئه و گێڕانەوەیان دونیایەک ئازار و خەفەت و مەینەتی و نەهامەتی خۆی مەڵاس داوە؟
مرۆڤەکان هەموویان خاوەنی بیرەوەرین، جا چ خۆش بێت و چ ناخۆش، بەڵام هەموویان دەستی نووسینیان نییە کە بیرەوەرییەکانیان بخەنە سەر کاغەز و دەست بۆ قەڵەم ببەن و بەشیعر یان چیرۆک یان رۆمان یان هەر ژانرێکی ئەدەبی باسی لێوە بکەن.
ئەم کتێبە لەڕاستیدا نە رۆمانە و نە چیرۆکە، بەڵکوو تەنها گێڕانەوەیەکه و بەس، هەرچەند خسلەتی رۆمان و چیرۆکیشی تیدایە. ئەم کتێبە دەتوانێت سەرچاوەیەکی مێژوویی بۆ فەتەرەیەکی زەمەنی کورت بێت بۆ شاری هەڵەبجە کە باس لە دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی دەکات.
نووسەر بەبێ ئەوەی لەشوێنی خۆی ببزوێت، بەسەرهاتی فەترەیەک لەژیانی منداڵی خۆی دەگێڕێتەوە بەبێ ئەوەی رووداو شتەکان بشێوێنێت یان دەستکارییان بکات.
نووسەر بەهیوای سەفەرێکە بە پێچەوانەی ئه و سەفەرانەی کە مرۆڤەکان لە ژیانی خۆیاندا دەیکەن، سەفەری ئەمجارەی نووسەر بەپێچەوانەی سەفەری خەڵکییە، ئەم سەفەرە لەگەشت و سەفەری خەڵکی دیکە ناچێ، بە وتەی باوکی نووسەر " ڕۆڵە بە خوا تۆ هیچ شتێکت لە ئوممەتی محەمەد ناچێ".
نووسەر لەبەر ئه و سەفەر ناکات کە شتە نەبینراوەکان ببینێت، سەفەر ناکات بۆ ئەوەی لەماڵەوە دوور بکەوێتەوە، سەفەری ئەمجارەی نووسەر سەفەرێکی بێ جووڵەیە، نووسەر باسی ئه و شوێنانە دەکات کە تێدا گریاوە، پێکەنیوە، نانی تێدا خواردووە و یاری و گەمەی تێدا کردووە و باسی ئه و کاتانە دەکات کە هەڵماتێنی تێدا کردووە یان باسی ئه و چرکە ساتانە دەکات کە پێنج فلسی پێنەبووە کە ماجومەیەک لە دادە فاتێی عەبە ریش سوور بکرێت.
باس لە دایکێک دەکات کە ژنی چوار وەرزە، دایکێک کە گیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە و دەچێت لەشارێکی ترەوە بە دزی سەرباز و هێز ئەمنییەکان کتێب و نامیلکە بۆ کوڕەکەی دێنێت. باس لە باوکێک دەکات کە حەزی نەکردووە کوڕەکەی خۆی لەقەرەی سیاسەت بدات.
نووسەر ئەوەی بینیویەتی و بیستوویەکی وەک خۆی باسی لێوە دەکات بەبێ ئەوەی لێی کەم بکات یان زیادی بکات، نووسەر هەموو شتەکان لە گۆشە نیگایەی خۆیەوە دەبینێت و سەیری دەکات و باسی دەکات، له و کەسانە نییە کە بە چاویلکەی کەسانی دیکەوە سەیری دەوروبەری بکات و خوێندنەوەی بۆ بکات.
ئەوەی هانی نووسەری داوە دەست بۆ قەڵەم ببات و بنووسێت لەڕاستی دا ئه و ئازار و خەفەتە دەروونییە کە ساڵانێک نووسەر پێوەی دەناڵێت و فرمێسکی بۆ دەرێژێت. ئه و دەرد و ئازارەیە کە دەتوانین بڵێین دەردی هاوبەش و ئازاری هاوبەشە لەنێوان مرۆڤەکاندا. زۆر کەس خۆی لەم نووسینەی ئازاد تۆفیق دا دەبینێتەوە، جا هەر کەس بەشێوەیەک لە شێوەکان.
ئەم جۆرە لەنووسین و گێڕانەوەی لەڕاستیدا گواستنەوەی هەموو ئه و رووداوانەی ژیانە، لەخۆشییەوە بیگرە هەتا ناخۆشییەکان و ئەزموون و هەوراز و نشێوەکان و کەوتن و سەرکەوتنەکان، ئەمەش تەنها بۆ پڕکردنەوەی کات و تێپەڕکردنی کات و سات نییە و لەراستیدا تۆمارکردنی ساتەکانی ژیانە، تۆمارکردنی رووداوەکانە بۆ نەوەی نوێ، وەرگرتنی پەند و دەرسە لە هەرەسهێنانەکان و خۆ بەدوورگرتن لە لۆتبەرزی لە کانی سەرکەوتنەکاندایە.
ئەم کتێبە بەلای منی خوێنەرەوە خاوەنی چەند تایبەمەندییەکە کە بریتیە لە:
1- زمانێکی پاک و پاراو و بێ گرێ و گۆڵی هەیە، زمانێکی راستگۆیانە و بێ فڕو فێڵ، نووسەر بەشێوەیەک دەدوێت و دەنووسێت کە منی خوێنەر هەست دەکەم زۆر ڕاستگۆیانە باس لە رووداو و شتەکان دەکات و خوێنەر هەست دەکات کە نووسەر درۆی لەگەڵ ناکات، زمانی ئەم کتێبە نە زانیستییە و نە سیاسی، بەڵکوو زمانێکی ئەدەبی و پەخشان ئامێزە، بە زمانی ئەدەبی باسی رووداوە سیاسییەکان دەکات بەبێ ئەوەی کە لەنرخی رووداوەکان کەم بکاتەوە و نە لە زەمانی ئەدەبیەکە.
2- دیاری کردن کات و شوێن
3- بێ لایەنانە باس لە رووداو و کەسەکان و شوێن و زەمەن دەکات و هەرکەس هەقی خۆی پێدراوە لەکتێبەکەدا.
4- بەرجەستەکردن و پیشاندان و نمایشکردنی رووداوەکان و کەسەکان، بەقەدەر حەجمی خۆیان بەبێ زیاد و کەم کردن.
5- پێخورکردن و دەست پێوەگرتن بە وشە و بەکارهێنانی وشەی جوان و باوی ئه و سەردەمە. نووسەر درێژەدادڕی ناکات و زۆر بەجوانی و بەزمانێکی پەخشان ئامێز رووداوەکان باس دەکات بە بێ ئەوەی رق و خۆشەویستی خۆی تێکەڵی شتەکان بکات و بەبێ ئەوەی خۆی لایەنگری یان دژایەتی لەمەڕ رووداوەکان بکات و ئەرکی نووسەر لێرەدا تەنها گێڕانەوەیە و بەس هەر وەک خودی نووسەر باس لەوە دەکات.
6- چێژی دەروونی، ئەم چێژە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەرکەسێک ئەم کتێبە بخوێنەوە بەشێوەیەک لەشێوەکان پەلکێشی دەکات بۆ کۆڵانەکانی منداڵی، ئه و کۆڵانانەی کە هەزاران بیرەوەری خۆش و ناخۆشی تێدایە.
پشکۆ نەجمەدینی شاعیر و نووسەر سەبارەت به و کتێبەدا لەپێشەکییەکەیدا دەنووسێت: گێڕانەوە گرنگە، بەڵام چۆنی بگێڕیەوە گرنگترە، هەربۆیە ئەم کتێبە تەنیا نۆستالۆژیا و ئاخ و داخ هەڵکێشان نییە و خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆژیانەی کۆمەڵی هەڵەبجەییەکان لە هەڵەبجەی پێش قیامەت و کۆمەڵکوژیدا.
پشکۆ نەجمەدین هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە زۆر بیرەوەری و یادەوەری خوێندۆتەوە، بەڵام هیچیان بە قەت کتێبەکەی ئازاد تۆفیق رایان نەگرتووە و کانی بیرەوەرییەکانی ئەویان نەتەقاندۆتەوە.
هەروەها باس لەوەش دەکات کە ئازاد تۆفیق له و کتێبەدا باس لەسیاسەت دەکات، بەڵام نە بە زمانی باوی سیاسەت و وێنەی شەڕی براکان دەنەخشێنێت بەبێ ئەوەی چەکێک نیشان بدات و لەکۆتایی دا دەڵێت ئەم کتێبە بۆ خوێندنەوە دەبێت و دەنووسێت ئەگەر ئێمەی نووسەرانی هەڵەبجە قەرزداری مێژووی هەڵەبجە بین تۆ مشتێکت له و زەریای ئه و قەرزەت بۆ بژاردینەوە.
ناوی کتێب- پیرمحەمه و فڕین بەره و ماڵی خۆڵەپەتێ
ناوی نووسەر- ئازاد تۆفیق
چاپ- دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم
ناساندن- جەواد حەیدەری
⚠️ Têbînî: em perrtûke faylî PDFî legellda nîye, tkaye yarmetîyi kurdîpêdiya bide bo bedesthênanî!. 📕 Nardinî Pertûk⚠️ Em babete bezimanî (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) nûsirawe, klîk le aykonî
bike bo krdineweyi babeteke bew zimaneyi ke pêyi nûsirawe!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!