K24 – هەولێر
لە پەلاماری ڕۆژی هەینی ڕابردووی چەکدارانی داعش بۆ سەر کەرکوک 99 کەس شەهید بوون و 230 دیکەشی بریندار بوون.
زۆربەی قوربانییەکانی پەلاماری داعش بۆ سەر کەرکوک پۆلیسن.
لەم پەلامارەدا 42 پۆلیس، 26 هاووڵاتی، 17 پێشمەرگە، 11 ئەندامی ئاسایشی پارتی، 2 ئەندامی ئاسایشی یەکێتی و ئەندامێکی دژە تیرۆر شەهید بوون.
لە شاری داقوقیش 15 ئافرەت بەهۆی پەلاماری چەکدارانی داعش شەهید بوون.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەهرام قاسمی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند سێ تەکنیکاری وڵاتەکەی لە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە دوبز شەهید بوون و چواری دیکەشی بریندار بوون.
چەکدارانی داعش بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو دزەیان کردە ناو شار کەرکوک و لەگەڕەکەکانی یەکی حوزەیران و ئەسره و مەفقودین و تسعین و دۆمیز پەلاماری چەند شوێنێکیان دا و ژمارەیەک لە چەکدارەکانی لە هۆتێلەکانی سنوبەر، مەجیدیە و جیهاد و مزگەوتێکی گەڕەکی دۆمیز جیگیر بوون و بەچەکی قەناس تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتیان کرد.
هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتیانی خۆبەخشی کەرکوک بەرەنگاری پەڵاماری چەکدارانی داعش بوونەوە و توانیویان شکست بەم پیلانەی داعش بێنن کە پیلانێکی گەورەی داعش بوو بە ئامانجی دەست بەسەردا گرتنی شاری کەرکوک و پەلاماردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە و کۆنترۆڵ کردنی تەواوی کەرکوک، هەر وەک شیخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی یەکەی 70 هێزی پێشمەرگە بە کوردستان24 ڕایگەیاند.
چۆنییەتی دزەکردنی چەکدارانی داعش
بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی کەرکوک، عەمید خەتاب عومەر لەبارەی چۆنییەتی دزەکردنی چەکدارانی داعش بۆ ناو شاری کەرکوک گوتی لەم شارە 600 هەزار ئاوارە هەیە، دیارە لەگەڵ ئەوانە دزەیان کردووە، یان لەوانەیە هێنرابن، بەڵام هاتوون و چوونە ناو ماڵی هاووڵاتیان و دوای لێکۆلینەوە ئەنجامەکانی بۆ ڕای گشتی ڕادەگەینین.
شاخەوان عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری عێراق لەمبارەوە بە کوردستان24 ڕایگەیاند، ناکرێت چیدیکە بە هەست و سۆزەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی ئاوارەکاندا بکرێت، بەپێچەوانەوە دەبێ هەموو ڕۆژێک چاوەڕوانی ئەوەبین، ڕۆڵەکانی کەرکووک خەڵتانی خوێن بن و ئه و جۆرە ڕووداوانە دووبارە ببنەوە.
سەرچاوەیەکی سەربازی لەبارەی دزەکردنی تیرۆریستانی داعش بۆ ناو شاری کەرکووک ئاشکرای کرد، لێکۆلینەوەکان دەستیپێکردووە و زانیاریی سەرەتایی هەن کە دزەکردنەکەی تیرۆریستانی داعش بۆ ناو کەرکووک لە ئەنجامی ئه و بۆشاییە بووە کە لە میحوەری داقوق - بەشیر بە مەودای زیاتر لە چوار کیلۆمەتر لە هێڵەکانی پێشەوەی بەرەی ڕوبەڕووبوونەوەی دژ بە تیرۆریستانی داعش لەم ناوچەیە نێوان هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا هەیە.
لە لایەن خۆیەوە مەحمود سەنگاوی لە بارەی چۆنییەتی دزەکردنی ئه و چەکدارانە بۆ ناو شاری کەرکوک بە کوردستان24 ڕایگەیاند دەزگا ئەمنییەکانی شارەکە کارئاسانی زۆریان بۆ هاتنە ناوەوەی ئاوارەکان کردووە و هەندێکیان نوسراویان بۆ ئه و ئاوارانە کردووە. گوتیشی تا ئه و ئاوارانە به و شێوەیە بهێنرێنە ناو سەنتەری شارەکانەوە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئه و هەڕەشانە زۆرە.
هەر لەمبارەوە هەڵۆ نەجات بەڕێوبەری ئاسايشی کەرکووکی سەر بە پارتی ديموکراتی کوردستان بە کوردستان 24 ڕایگەیاند لە ڕۆژێکدا 1500 کەسی ئاوارە خۆيان دەگەيەننە شاری کەرکووک و بە 11 دەزگای ئەمنييەوە هێشتا نەتوانراوە زانياری هەمە لايەنە لەبارەی ئاوارەکانەوە کۆبکرێتەوە.
ژمارەی چەکدارانی داعش
زانیاری ورد لەبارە ژمارەی ئه و چەکدارانەی داعش لەبەر دەست نییە کە دزەیان کردبووە ناو شاری کەرکوک، بەڵام هەموویان لەم پەلامارەدا کوژراون.
دەزگا ئەمنییەکانی کەرکوک و فەرماندە سەربازییەکان باس لە دزەکردنی زیاتر لە 100 چەکداری داعش دەکەن و لە ناو شاریشدا کەسانێک هاوکارییان کردوون.
لە گەڵ ئەوەشدا بە دەیان چەکداری دیکەی داعش لە کاتی پەلاماردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە لە میحوەرەکانی کەرکوک کوژران و کوردستان24 وێنەی زۆرێک لەوان بڵاو کردەوە.
تا ئێستا لاشەی 63 ئه و چەکدارانەی داعش دزەیان کردبووە ناو شاری کەرکوک لە نەخۆشخانەی کەرکوکن و ژمارەیان ڕوو لە بەرزبووونەوەیە.
بەشی هەرە زۆری چەکدارانی داعش لە ڕۆژی یەکەمی پێکدادانەکان کوژران و ئەوانەی دیکەشیان پاش شکستی پیلانەکەیان، خۆیان لە ناو هەندێ لە گەرەکانی شاری کەرکوک حەشار دا یان بۆ ناوچەکانی خوارووی کەرکوک ڕایانکرد، لەماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا کەوتنە بە کێوماڵ و ڕاوەدوونان لە لایەن پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتیانی خۆبەخش و هەموویان کوژران و بە تەواوەتی شکست بە پیلانی داعش هێنرا و ئارامی بۆ شاری کەرکوک گەڕایەوە.