راگەیاندنی کۆتایی کۆبوونەوەی دەستەی باڵای یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان
📝 بەڵگەنامەکان
لە رێککەوتی 17-10-2016 دەستەی باڵای یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان هەڵوێست و چەندین پێشنیاری لەسەر پرسی ئەمرۆی کوردستان بۆرای گشتی خستە روو.
یەکەم : پێشوازی گەرمی لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسل ی لە تیرۆرستانی داعشی کردو دەستخۆشی لە سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق کرد پرسە و سەرخۆشی ئاراستەی بنەمالەی شەهیدان و رێز و نەوازش بۆ شەهیدان و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.
دووەم : لەم بارودۆخە ناسک و هەستیارەدا هەموو لایەنە سیاسیەکان هان دەدات کە ئەم قۆناغە بقۆزنەوە و سوود له و دەرفەتە وەربگرن بۆ ئەوەی بیر و بۆچوونەکانیان یەک بخەن و بەره و ئاشتەوایی هەنگاو بنێن لەپێناو بەرژەوەندی گەلەکەمان کە تاکە رێگایە بۆ گەیشتن بەسەرکەوتن سوود لە ئەزموونی یەکهەڵوێستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەربگرن.
سێیەم : جارێکی تر داوادەکات لایەنە سیاسەکان پێکەوە کۆببنەوە و رەچاوی پێشهات و ئه و ئەگەرانە بکەن بۆ رووبەروو بوونەوە و ئامادەکاری پێویست ئەمەش بەوە ئەنجامی باشی لێ دەکەوێتەوە بۆ متمانە دروست کردن و لەرێگەی کارکردن بەپەلە بۆ کارا کردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و رێکخستنەوە کاروباری حوکومەتی هەرێم پەککەوتنی دەزگای شەرعی کوردستان هیچ پاڵپشتیەکی یاسایی بۆ دەزگاکانی تری هەرێم نامێنێ دەکرێ دووای کاراکردنەوەی پەرلەمان لەرێگەی سازان و رێککەوتن پرسەکانی تریش چارەسەر بکرێن هێشتنەوەی ئەم بارودۆخە خزمەت بەگەلەکەمان ناکات.
چوارەم : سەبارەت بە قەیرانی دارایی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان جەخت لە سەرپرۆژە و پێشنیارەکانی دەکاتەوە کە خستووییتە بەردەم حوکومەتی هەرێم..
پێنجەم : دەربارەی چارەسەری مووچەی فەرمانبەران لە رێگەی کەمکردنەوەی پاشەکەوت و خەرج کردنی مانگانە بەبێ دوواکەوتن سەبارەت بە مووچەی خانەنیشان کە توێژێکی بەرفراوانی کۆمەڵگە دەکرێتەوە کە دووای سالانێکی زۆری خزمەت لەبری پاداشت بکرێنەوە ناکرێت پەراوێز بخرێن و مووچەکانیان بەرێژەی زۆر پاشەکەوت بکرێت کە ئەم مووچەیە تاکە رێگایە بۆ ژیان و گوزارانیان یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان داوا دەکات خەرجکردنی مووچەکانیان مانگانە و پێش وەختی بۆ خەرج بکرێت و پاشەکەوتەکەشی کەمتر بکرێتەوە پشت گوێ خستنی مافی خانەنیشان ناهەقیەکی گەورەیە.
پێنجەم : دووپاتی پشتگیریکردن لە بارەی رێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی هەرێم و حکومەتی فیدرال کرایەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و هەماهەنگی لەرووی سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتی و پاراستنی بەرژەوەندی باڵای هەرێم کە یەک هەلویستی لایەنە سیاسیەکان گرەنتیە بۆ ئەوەی حوکومەتی فیدرال بەشێوەیەکی کاریگەرتر هەلسوکەوت لەگەل هەرێمی کوردستان بکات تا دەگاتە بڕوا بوونیان بە مافی چارەی خۆنووسینی گەلەکەمان.
یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان
17-10-2016