کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایدەگەیەنێت"ئەو جۆرە دوکەڵەی ئەمڕۆ لەسەر ئاسمانی هەولێر دروست بووە لە
📝 מסמכי מפלגות כורדיות
نیوەڕۆو دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شەممە 15-10-2016 و لە دەرەنجامی کارتێکردنی تەوژمی بای (رۆژئاوای باکوور) لەسەر هەرێمی کوردستان بە گشتی و (هەولێر) پایتەخت بە تایبەتی، بارستەیەکی مەزنی دوکەڵی رەش تەواوی ئاسمانی شاری هەولێرو دەوروبەری داگرت و بووە هۆی نانەوەی بێزاری و ناڕەزاییەکی زۆری هاوڵاتیان لەبەرامبەر ئەو تاوانە گەورەیەی کە چەکدارانی (داعش) دژی ژینگەو مرۆڤ و تەندروستی گشتی و تەنانەت بوونەوەرەکانیشدا ئەنجامیان داوە، دوای ئەوەی بەم دواییەو وەک هەوڵێکی نەزۆکانەیان بۆ بەرپەرچدانەوەو دوورخستنەوەی گورزی فڕۆکەکان لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی (ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ) دا، ئەم تاقمە هەڵسا بەلێدانی زنجیرەیەک کەند لە رۆژهەڵات و باکووری شاری داگیرکراوی (مووسڵ) و پڕی کرد بە نەوتی خاوو پاشان لەگەڵ بڕێکی یەگجار زۆری (تایە) ی ئۆتۆمبێل ئاگریانی تێبەردا.
بێگومان ئەمجۆرە دوکەڵەی لە دەرەنجامی سووتانی نەوتی خاودا زیانێکی یەگجار زۆری تەندروستی و ژینگەیی بەدوای خۆیدا دێنێت، چونکە نەوتی خاو پڕە لە پێکهاتەی ئۆرگانی لە جۆرەکانی (هایدرۆکاربۆن و ئاڕۆمات و ئەلیفاتی) جگە لە چەندین توخمی وەک (گۆگردو ئاسن) و لەکاتی سووتانی نەوتی خاودا بڕێکی زۆری مادەی ژەهراوی وەک (گازی سروشتی کە پێکدێت لە میتان و ئیتان و بڕۆبان و بیۆتان) و هەروەها بڕێک لە گازی (ئەسیلین) کە یەکێکە لە ترسناکترین پیسکەرەکانی بەرگەهەوا لەگەڵ گازەکانی دیکەی ژەهراوی وەک (کبریتیدی هایدرۆجین و دووانۆکسیدی گۆگرد) و هەندێ جاریش بارستەی سپی لەنێو دووکەڵەکەدا دەبینرێت و ئەویش لە دەرەنجامی بە هەڵمبوونی ئاوو سووتانی خوێی وەک (کلۆریدی سۆدیۆم و خوێیەکانی کالسیۆمی و پۆتاسیۆمی) یە.
لە رووی زانستییەوە، ئەو مادانەی کە لەنێو دوکەڵی سووتاندنی نەوتدا هەیە، بەم شێوەیەیە:
1. گازی دووانۆکسیدی کاربۆن، بەڕێژەی %95
2. گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، بەڕێژەی %1
3. دووکەڵی ئۆرگانیی، بەڕێژەی %4.2
4. گازی میتان، بەڕێژەی % 0.35
5. تەنۆچکەی هاڕاوەیی یەگجار وردی کاربۆنی، بەڕێژەی %0.45
6. تەنۆچکەی ئۆرگانیی، بەڕێژەی %0.65.
سووتاندنی ئەو بڕە نەوتەو دەرکەوتنی ئەو بارستە دووکەڵە، هەمان تاوانی رژێمی پێشوومان بەبیر دێنێتەوە، دوای ئەوەی لە کۆتاییەکانی مانگی (شوبات) ی ساڵی 1991 دا، هەڵسا بە تەقاندنەوەی زۆربەی هەرە زۆری بیرە نەوتییەکانی (کوێت) دوای داگیرکردنییەوە لەلای سوپای ئەوکاتەی عێراقەوە، کە لە دەرەنجامدا 727 بیرە نەوت تەقێنرانەوەو بۆماوەی 8 مانگی بەردەوام دەسووتان، وە ئەو دوکەڵەی لێی کەوتەوە تا مەودای 2000 کیلۆمەتر لە (کوێت) ەوە تا (هیندستان) و (کۆماری چین) درێژ بووەوەو تەنانەت تەنۆچکە وردەکانی کاربۆن لە (هاوای) و (ژاپۆن) یش بینرا.
لە دەرەنجامی سەربەستبوونی ئەو بڕە مەزنەی دوکەڵ بۆ نێو بەرگەهەوا، گۆڕانکاری ئاشکرا لەکەش و هەوای ناوچەکەو جیهاندا هاتە کایەوە، لەوانە نزمبوونەوەی پلەکانی گەرماو تێکچوونی ریتمی ئاووهەواو کەشی ناوچەکە، ئەمە جگە لە پێگەیاندنی زیانێکی مادی و ژینگەیی یەگجار زۆر نەوەک تەنها لە (کوێت) بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکەو لە کوردستانیشدا، بۆماوەی چەند رۆژێک، بارانی رەش، لە دەرەنجامی توانەوەی پێکهاتەکانی نێو ئەم دووکەڵە لەنێو هەوردا، لە هەرێمی کوردستاندا دەباری و تەنانەت ئاوەکە بۆ بەکارهێنانی نا خواردنەوەییش نەدەشیا.
کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم
15-10-2016
⚠️ פריט זה נכתב בשפה (🏳️ کوردیی ناوەڕاست), לחץ על סמל
כדי לפתוח את הפריט בשפת המקור!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!