بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ماوەیەکی درێژە لە ڕاگەیاندن و ناوەندە سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوە باس لە ئامادەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ دەکرێت و، تێکشکاندنی داعش و ئازادکردنی موسڵیش بۆ هەرێمی کوردستان بایەخ و گرنگیی تایبەتی هەیە و ئەولەویەتی سیاسەتی هەرێمی کوردستانە.
بە پێویستی دەزانم لەمبارەیەوە بە هەموو لایەک ڕابگەیێنم کە ئامادەکاریی تەواو بۆ دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ کراوە و لەو چوارچێوەیەشدا ڕێککەوتن لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراقیدا کراوە.
لەو ڕێککەوتنەیشدا چۆنییەتی ئۆپەراسیۆنەکە و کار و ئەرکی سەربازیی هەموو هێز و یەکە بەشداربووەکانی ئۆپەراسیۆنەکە بە وردی دیاری کراوە و پابەندبوونی تەواوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دووپات دەکەینەوە.
هەماهەنگیی تەواو هەیە لەنێوان پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراقی و هەموو هەوڵێکیش دەدرێت کە پێکەوە نەهێڵین هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو بێتە پێش.هەروەها هەولێر و بەغدا لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە کۆمیتەیەکی باڵای سیاسی و هاوبەش پێکبهێندرێت بۆ کۆنتڕۆڵ و سەرپەرشتیکردنی بارودۆخ و پێشهاتەکان لە دوای ئازادکردنی موسڵ.ئومێدی ئەوە دەخوازم ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ سەرکەوتووانە ئەنجام بدرێت و دانیشتوانی شاری موسڵ لە زوڵمی تیرۆریستانی داعش ڕزگاریان بێت و خەڵکی ئاوارەی موسڵ و پارێزگای نەینەوا بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە شار و ناوچەکانی خۆیان.
مەسعود بارزانی
15-10-2016
Tämä tuote on kirjoitettu (کوردیی ناوەڕاست) kieli, klikkaa kuvaketta
avata kohteen alkukielellä!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Tämä tuote on katsottu 7,399 kertaa
Kirjoita oma kommenttisi tuote!