48 هەزار کوردی فەیلی لە مافی ژیان بێبەشن
📊 ئامار و راپرسی
ناوەندی هەواڵەکان
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان راپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە کوردانی فەیلی بڵاو کردوەتەوە، ئەو راپۆرتە باس لە پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی ئەو کوردانە لە ژێر دەسەڵاتداری رژێمی ئێران دەکات.
هەروەها راپۆرتەکە باس لە کۆمەڵکوژکردنی ئەو کوردانە دەکات، کە لە سەروبەندی شەڕی نێوان عێراق و ئێران بەسەریان هاتووە، هەروەها باس لە بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی رژێمی بەعس دژی ئەو پێکهاتەیە دەکات.
لە راپۆرتی تایبەتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستاندا هاتوە، کە 48 هەزار هاوڵاتی کوردی فەیلی لە پارێزگای ئیلام لە مافی خاوەندارێتی و مافە سەرەتاییەکانی ژیان وەکوو خوێندن، وەگرتنی کۆبوونی خۆراک و بیمەی دەرمان و تەندروستی و تەنانەت دەنگدانیش بێبەشن.
ئەو راپۆرتە ئاماژەی بۆ ئەوەشداوە، کە ئەو هاوڵاتیانە دانیشتووی شارەکانی ئیلام، مەلەکشاهی، سیروان، چرادول، ساڵح ئاوا، موسیان، بەدرە، دێهلۆران، ئابدانان، ئەلشوتور، کوهدەشت، دیلفان و ئەندیمیشکن لە ئێرانن.
ئەو راپۆرتە ئاشکرای دەکات، کە "لە سەردەمی شۆڕشی مەشرووتەی ئێران لە ساڵی 1906دا کوردە فەیلیەکان پشتگیری هێزە ئازادیخوازەکانیان کرد و هەر ئەوەش بوو بە هۆی رقهەڵگرتنی دەسەڵات لەو پێکهاتەیە، یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەو رقهەڵگرتنەش کۆمەڵکوژکردنی ئەو پێکهاتەیە لەلایەن سوپاسالار رەزم ئاراوە بووە، کە لە ساڵی 1932 و بە فەرمانی رەزاشای پەهلەوەی ئەنجامدراوە، پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979شدا، رژێمی ئێران لەبەرامبەر ئەو پێکهاتەیەدا سیاسەتی سەرکوتی گرتوەتە بەر و سەدان هەزار کوردی فەیلی ناچار بە کۆچبەری بۆ ئەو دیوی سنوورەکان کردوە."
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتوە، کە لە شەڕی نێوان دەوڵەتانی ئێران و عێراق لە 80کاندا، کوردانی فەیلی وەکوو قوربانیانی سەرەکی تاوانەکانی شەڕی ئەو دوو رژێمە دەناسرێن.
هەروەها پاش رووخانی رژێمی بەعس، داداگای تاوانی عێراق تاوانەکانی حکومەتی بەعس دژی ئەو پێکهاتەیەی بە " جینۆساید" بەناو کرد، راپۆرتەکە راشیگەیاندوە، کە لە سەروبەندی شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا زیاتر لە نیو ملیۆن کوردی فەیلی بوونە قوربانی.
08-10-2016