ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە گومرگی ئیبراهیم خەلیل 50% کەمیکردووە
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر:
بەرپرسانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، ئاماژە بەوەدەکەن، ماوەی چەند مانگێکە جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە رێگای دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بە رێژەی 50% کەمیکردووە.
محەمەد تاهیر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل بە دواڕۆژی راگەیاند "جموجۆڵە بازرگانییەکان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل رۆژ دوای رۆژ بەرەو سیستی دەچێت و بەشێوەیەک رێژەی ئاڵوگۆڕ و جموجۆڵەکان بە رێژەی 50% کەمیکردووە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر داهاتی گومرگ و وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش".
جێگری بەڕێوبەری گشتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل، لە بارەی هۆکاری کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی جموجۆڵەکان ئەوەی خستەڕوو "کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی 95%ی بەکارهێنانی تەنکەر بۆ گواستنەوەی نەوتی رەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و پێکدادانی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە و خراپ مامەڵەکردنی هێزە عێراقی و چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لەگەڵ شوفێر و بارهەڵگرە تورکییەکان لە سنووری ناوەڕاست و باشووری عێراق".
ناوبراو، وتیشی "لە رابردوودا بەهۆی قەرەباڵغی و چڕ و پڕیی ئالوگۆڕ و جموجۆڵە بازرگانییەکان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل رۆژانە داهاتێکی زۆر بۆ حکومەتی هەرێم دەستدەکەوت، بەڵام ئەم کەمبوونەوەی جموجۆڵی چەند مانگی رابردوو کاریگەری خراپی لەسەر ژیان و بژێوی هەزاران هاوڵاتی و داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبووە".
- 03-10-2016