ئاماری رووداوەکانی جەژن لە سۆران راگەیەنرا
📊 ئامار و راپرسی
دوارۆژ، ئاکۆ حەمەد رابی
ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی ئەیلولی 2016، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و بەرگری شارستانی و پۆلیسی هاتووچۆی سۆران ئاماری رووداوەکانی جەژنی قوربانیان لە سنووری سۆران، چۆمان، رەواندز و مێرگەسۆریان راگەیاند.
سەرەتا بەیار باڵەکی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران وتی "لە رۆژانی جەژن 29 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە، کە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە".
ئاماژەی بەوەشدا، نزیکەی 33 دۆنم لە پوش و پاوان لە دەڤەری سۆران سوتاوە.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەدا، هاوار ئەرگۆشی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی سۆران ئاماژەی بەوەدا، لە جەژنی قوربان دوو کەس بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە بە گوللە برینداربوون و سێ حاڵەتی دزیکردنیش تۆمارکراون.
هەروەها ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی سۆران باسی لەوەکرد، لە رۆژانی جەژندا 13 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەهۆیەوە 5 هاوڵاتی برینداربوون.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکان جەختیان لەوە کردەوە، بەراورد بە جەژنی رەمەزان رووداوەکان کەمیانکردووە.18-09-2016