نامەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بۆ عەبادی لەبارەی نەوتی کەرکوک
برای بەڕێز دەوڵەتی سەرۆکوەزیران حەیدەر عەبادی
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا چاودێری بڕیارەکەتانمان کرد بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە لە رێگەی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەبری (100) هەزار بەرمیل رۆژانە، دوای راوێژکردن لەگەڵ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و بەتایبەتی ئەوانەی تایبەتمەندن بە کەرکووک، هەروەها لە سۆنگەی بایەخدانمان بەو پەیوەدنییە ئەرێنییەی نێوانمان، بڕیارماندا ئەم نامەیەتان ئاراستە بکەین و تێیدا هەڵوێستی جێگیری یەکێتی نیشتمانیی کوردستانتان بۆ دووبارە دەکەیەنەوە لەبارەی پێویستی پەیڕەوکردنی بنەماکانی شەفافیەت و دادپەروەری لە تەواوی پرۆسەی نەوتدا.
داهاتی نەوتی هەناردەکراو لە کەرکووکەوە لە کێڵگەکانی بای حەسەن و ئاڤانا، داهاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بە شەفافی و دادپەروەری خەرج ناکرێت، بەهۆی ئەم کارانەوە هاونیشتمانیانی پارێزگای کەرکووکیش بێبەش بوونە لە پترۆدۆلار و ئەمەش بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک کردووە لەوێ.
هەروەها پاراستنی ئەم کێڵگانە بە فەرمایشتەی ئێمە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەکرێت، بڕیاری دووبارە هەناردەکردنی نەوت بە هەماهەنگی و رێککەوتن نەبووە لەگەڵ ئێمە، بۆیە بڕیاری هەناردەی (100) هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە رەتدەکەینەوە و داوای راگرتنی دەکەین، هیوادارین بەشێوەیەکی ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ داواکارییەکەمان بکەیت لەماوەی (پێنج) رۆژدا بۆ ئەوەی ناچار نەبین ئەو ئامرازانەی دیکە کە لەبەردەستماندایە بگرینەبەر بۆ راگرتنی هەناردەی نەوت لەم کێڵگانەوە، بەتایبەتی کە ئێمە بەرامبەر فشاری جەماوەری و رای گشتین لە هەرێمی کوردستان و کەرکووکدا.
09-08-2016