دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێم: مانگی رابردوو 24 حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن هەبووە
📊 סטטיסטיקה וסקרים
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، تەنیا لەمانگی رابردوودا 24 حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن تۆمارکراون، هۆکاری سەرەکی روداوەکانیش بۆ دیاردەی چەکداری دەگەڕێنێتەوە.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ کە ئەمڕۆ پێنجشەممە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، لەمانگی هەشتی ئەمساڵدا 24 حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش حەوت حاڵەت لەهەولێر بووە، 10 حاڵەت لەسلێمانی، سێ حاڵەت لەدهۆک و چوار حاڵەت لەگەرمیان بووە.
محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەخەندانی راگەیاند "تەنیا لەماوەی یەک مانگی رابردودا 24 حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن و خۆخنکاندن و خۆسوتان تۆمارکراوە، هۆکاری سەرەکی زۆربونی حاڵەتەکانیش بونی چەک و دیاردەی چەکداری و زۆربونی چەکی بێمۆڵەتە لەگەڵ بڵاوبونەوەی چەک لەناو بازاڕو شەقامەکاندا".
هەروەها جەختیکردەوە "لەئێستادا بەئاسانی چەک بەدەستی هەموو کەس دەگات، بەتایبەت لەدوای دروستبونی شەڕی داعش، قەیرانی ئابوریش یەکێکە لەهۆکارە سەرەکیەکانی زیادبونی رووداوەکانی کوشتن".
بەپێی ئامارەکانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لەو 24 حاڵەتەی مانگی رابردوودا 13یان کوشتن بووە بەچەک، لەگەڵ دوو خۆکوشتن، چوار خۆخنکاندن، سێ خۆسوتاندن و دوو هەوڵی خۆکوشتن کە دواتر گیانیان لەدەستداوە.
لەبەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هۆکاری سەرەکی زۆربونی تاوانەکان بریتیە لەبەکارهێنانی چەک و زیادبونی دیاردەی چەکداری لەهەرێمی کوردستان، هەروەها "لەمانگی رابردودا حاڵەتێکی تری نایاسایی وەک بەشێک لەپێشێلکاری و سەرچاوەی تاوان تۆمارکراوە ئەویش بونی ئۆتۆمبێلی جام رەش و بێ تابلۆو تابلۆی بیانیە".
وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وتی "لەمانگی شەشی ئەمساڵەوە دەستمان بەتۆمارکردنی وردی رووداوەکانی کوشتن کردووە، تەنیا لەمانگی شەشدا 42 حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن رویداوە، لەمانگی حەوتیشدا 26 حاڵەت تۆمارکراون".
محەمەد گۆمەشینی دەڵێت "کۆی رووداوەکانی کە پەیوەستن بەخۆکوشتن و خۆخنکان خۆسوتان شتێک دیارنیە بەناوی تاوانبار، چونکە کەسەکە خۆی ئەو کارەی کردووەو هیچ یەکێک لەوانە نامەیەکی بەجێنەهێشتووە دوای خۆیان، هۆکاری سەرەکی ئەو رووداوانەش یان کۆمەڵایەتی بووە یان ئابوری بووە".
دوای بڵاوبونەوەی ئامارەکان، سەرۆکی بەشە تایبەتەکانی دەستەی مافی مرۆڤ راسپێردراوە لێکۆڵینەوە لەرووداوەکان بکەن، بەوەی ئایا بکوژەکان دەستگیرکراون یاخود نا، بەوتەی گۆمەشینی.
ئەو رووداوانەی پەیوەستن بەتەقەکردنەوە وەکو کەیسی کوشتنی پارێزەرێک لەسلێمانی، یان تەقەکەرانی بارەگا حزبیەکان هەندێکیان هێزەکانی پۆلیس دەستگیریکردون و رەوانەی دادگا کراون، ئەوانەشی پەیوەستن بەکوشتنەوە بەشێکیان دەستگیرکراون و هەندێکی تریان خۆیان رادەستی پۆلیس کردووە.
وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت "هەندێکیشیان تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراون، دیارترینیشیان بکوژەکانی ویدات حسێن-ە".
لەنێو کوژراوەکانی مانگی رابردوودا، دۆسیەی ویدات حسێن عەلی (29 ساڵ) هەیە، کە رۆژنامەنووسێکی سەر بەئاژانسی رۆژنیوز –نزیک لەپەکەکە- بوو، دوای دیارنەمانی بۆ چەند کاتژمێرێک تەرمەکەی لەنزیک دهۆک دۆزرایەوە کە ئاسەواری ئەشکەنجەدان بەجەستەیەوە دیاربوو، بەڵام تائێستا هیچ کەسێک بەتاوانی کوشتنی دەستگیرنەکراوە.
محەمەد گۆمەشینی رونیکردەوە کە بەپێی بەدواداچونەکانی ئەوان پۆلیس لێکۆڵینەوە لەروداوی کوشتنی ئەو رۆژنامەنوسە دەکات و بەبڕیاری سەرۆکایەتی هەرێمیش لیژنەیەک بۆ هەمان مەبەست پێکهێنراوە.
بەپێی یاسای ژمارەی (4)ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی کوردستان، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەرکی چاودێریکردن و بەدواداچونی رەوشی مافەکانی مرۆڤ، هەروەها بڵاوکردنەوەی راپۆرتی پێسپێردراوە.
- 01-09-2016
⚠️ פריט זה נכתב בשפה (🏳️ کوردیی ناوەڕاست), לחץ על סמל
כדי לפתוח את הפריט בשפת המקור!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!