رۆژی 8ی شوباتی 1963، ڕۆژێکی ڕەش بوو بۆ خەلکی هەولێر کە، بەعسیەکانی هینایە سەر دەسەلات بەکودەتایەکی پڕ لە فڕ و فێل و بێ بەزەیی.
من هێشتا هەرزەکار بووم لەپۆڵی دووەمی ناوەندی،کە بیستم کودەتا بووە، یەکسەر لە ماڵ دەرچووم و چوومە پێش دەرگای بازار و لە پێش (خانی سپی) کۆمەڵە کەسێکی گەرەک وشارم دیت کە دەوری زرێپۆشێکیان دابوو و ئەفسەرێکی گەورەی سوپا قسەی دەکرد، هەر ئەوەندەی تێگەیشتم کە دەیگوت :
(منیش لەگەلتانم بەڵام کار لەکار ترازاوە و کودەتا ڕوویداوە ئیتر هەر کەسێک بگەرێتەوە ماڵی خۆی..).
لە کتێبی (هەولێر لە نێوان 1963-1970 /د.... شوان محەمەد ئەمین/ل55-60) بەدرێژی باسی هەوڵی گرتنی بنکەی پۆلیسی (سەیداوە) کراوە، لە لایەن ڕێکخستنەکانی حزبی شوعی.
لێرەدا پوختەی ڕووداوەکان دووبارە دەکەینەوە کە پێویستە باس بکرێت بۆ زانینی هەڵوێستی هەولێریەکان و دەوروبەری،بەرامبەر ئەم کودەتا خوێناویە:-
لە دوای کۆبوونەوەی دووەمی کۆمیتەی ناوخۆی حزبی شوعی لە هەولێر لە ماڵی(کەماڵ شەعبی)، بریار درا دەست بەسەر بنکەی پۆلیسی سەیداوە دا بگیرێت (1). بۆ جێ بەجێ کردنی بریارەکە، ئەم هەنگاوانە بەدێ کران :-
1-بەرپرسی ڕێکخستنەکانی سەیداوە گۆرا و بەرپرسێکی تر لە جیاتی دانرا، ئەوەی شایانی باسە بە ڕپرسی یەکەم لە نارەزاییەکانی گەرەکی عارەبان و تەعجیل بەشداری کرد پاش گۆرینی.
2-جەماوەری سەیداوە و ئەوانەی لەگەرەکەکانی تر هاتبوون و ڕێکخستن وچەکدارەکانی حزبی شوعی لە گۆرەپانی سەیداوە گردبوونەوەیەکی جەماوەریان بەست و بەرپرسی نوێ ووتارێکی خوێندەوە و ئاشکرای کرد کە حزبی شوعی بەهەموو شێوەیەک دژی کوودەتاچیەکانە،،، بۆیە بریار دراوە دەست بەسەر بنکە وبارەگاکانی حکومەت و پۆلیس دابگیرێت.
3- کە بنکەی پۆلیسی سەیداوە گەمارۆ در ا،تەنها پۆلیسی عەرەبی تێدابوو، عەریفەکەیان لەوێ نەبوو.. پاشان پەیدا بوو، و بە هەلخەلەتاندن و خافلکردنی خەلکەکە توانی بە تەلەفۆن داوای هێز بکات وپاشان بەدەنگی بەرز هاواری دەکرد (شوعیەکان.. ڕاکەن و خۆتان ڕزگار بکەن ئێستا هێز دەگاتە سەرتان.. تکاتان لێ دەکەم خۆتان دەربازکەن).
(رۆژی 8ی شوباتی 1963، ڕۆژێکی ڕەش بوو بۆ خەلکی هەولێر کە، بەعسیەکانی هینایە سەر دەسەلات بەکودەتایەکی پڕ لە فڕ و فێل و بێ بەزەیی.)
4- ئامادە بووان لە چەند لایەکەوە هێرشیان بردە سەر بنکەکە و دەست بە تەقە کرا.
5- کە هێزی پۆلیس گەیشتە شوێنەکە، بەخەلکیان ڕاگەیاند کە، عبدولکەریم قاسم کۆتایی هاتووە، پێویستە ئارامی بپارێزن.
6-بەرپرسی نوێی ڕێکخستنەکانی سەیداوە داوای لەپۆلیسە عەرەبەکانی کرد دژی کودەتاچیەکان بوەستن و هاوکاری جەماوەر بکەن، بەڵام پۆلیسەکان تەقەیان کرد لە ئەنجامدا، دوو شوعی بەناوی (ئەحمەد جۆلا) و(تەها پینەدۆز)بریندار بوون و پۆلیسێکی عەرەب بەناوی (خەلەف) کوژرا (1).
7- دوای چەند کاتژمێرێک هێزی پۆلیس و سوپا کۆنترۆلی گەرەکی سەیداوەیان کرد و ڕەفتاری درندانەیان بەرانبەر خەلکەکە نواند.
8-دوای پاشەکشە کردنی چەکدارەکان، (سلێمان مورتکەیی) 70 چەکداری دەشتی هەولێری لە گوندی مورتکەی گەورە هێنا بۆ گرتنی بنکەی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی کارەبا و ماڵی بەرێوەبەری پۆلیس لە سەیداوە، ئەو چەکدارانە بە شەو هاتنە سەیداوە و تەقەیان لە بنکەی پۆلیس کردەوە.
9- حکومەت هێزێکی سەربازی گەورەی هێناوە گەرەکەکەی، بە تانک و زرێپۆشەوە و بە بلندگۆ.. داوای لەخەلک کرد، کە کەس لەماڵی خۆی نێتە دەرەوە.
10- سوپا لە ڕۆژی 9ی شوبات، تۆپبارانی گەرەکی سەیداوەی کرد، خانووی هاوولاتیان (عەلی شوون هەلگر)و (جەوهەر حەمەد عەلی) بەبەر کەوت.
11- لەرۆژی (10) شوبات، خەلکێکی زۆر گیران و زۆر لە دانیشتوانی گەرەکی سەیداوە،ماڵەکانیان بەجێ هێشت، بەلام دوایی دوو ڕۆژ، حکومەت بە بلندگۆ بانگەوازی گەرانەوەی خەلکەکەی کرد.
(1) کەماڵ شەعبی / کادرێکی چالاکی حزبی شوعی بوو لەهەولێر/باوکی تێکۆشەر بەختیار شەعبی یە / دوکانێکی نەجاری هەبوو لە جێگای (شیرینی نازە)ی ئێستا..ئەم وێنە و هەندی زانیاریم لە ئەرشیفی کاک بەختیار وەرگرتووە.
(1) (هەولێر لەنێوان ساڵی 1963-1970 /د.شوان محەمەد ئەمین خۆشناو/ل 55-60)