بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یادی راپەڕیندا
📝 Documenti
خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
جەماوەری خۆڕاگر و تێکۆشەری کوردستان
پێشمەرگە قارەمانەکان
بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە، گەلە نەبەزەکەمان بە پێشڕەوایەتی بەرەی کوردستانی و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە دژی جەور و ستەمی دەسەڵاتی بەعسی فاشی راپەڕی و لە نەبەردێکی میللی یەک دەست و یەک بڕوادا و لە ماوەی چەند رۆژێکدا تەواوی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی رژێمی راماڵی و باشووری کوردستان ئازادکرا و لە داگیرکەری بەعسی پاککرایەوە. ئەو داگیرکەرەی پێیوابوو بە ئاگر و ئاسن و ئەنفال و کیمیاباران ئیرادەی ئازادیخوازانەی میللەتی کوردی تێکشکاندووە و لە ئامانجە نەتەوەییە رەواکانی پەشیمانی کردووەتەوە.
ئەو راپەڕینە مەزن و وەرچەرخانە مێژووییە، دەسپێکی قۆناغێکی نوێی لە مێژووی کوردستان و بزاڤە رزگاریخوازەکەیدا هێنایە ئاراوە و لە سایەیدا گەلی باشووری کوردستان بە رابەرایەتی هێزە شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازەکانی، بۆ یەکەمجار دەرفەتی خۆبەڕێوەبردنی بۆ رەخسا و لە سایەیدا ئەزموونی حوکمڕانیی خۆماڵی و دیموکراتیانەی دەستیپێکرد و بەنێو هەوراز و نشێو و ئاستەنگ و سەختییەکاندا، وڵاتێکی وێران و خاکێکی سوتماکی دووبارە ئاوەدانکردەوە و بە خەباتێکی بێ پسانەوە دۆزی رەوای نەتەوەییمانی گەیانده قۆناغی ئەمڕۆ کە جیهانی ئازاد هاوسۆز و پشتیوانیەتی.
سەرکەوتنی راپەڕین، چەندی بۆ هەلومەرجی بابەتیانەی ئەو رۆژگارە دەگەڕێتەوە، دەیان هێندە بەرهەمی یەکدەستی گەل و هێزە سیاسییەکانی و کۆبوونەوەی هەمووان لە ژێر چەتری بەرەی کوردستانیدا بوو. بەرەیەک توانی پێشوەخت پێشهاتە سیاسییەکان پێشبینی بکات و خۆی بۆ قۆستنەوەی دەرفەت ئامادەبکات و لە کات و ساتی لەباردا بڕیاری بوێر و یەکلاکەرەوە بدات و لە ئاست ئەرکی قۆناغەکە و پێشڕەوایەتی هێزی گەلدا بێت.
ئەمڕۆ کە یادی راپەڕینی پیرۆزی گەلەکەمان دەکەینەوە، کوردستان و ئەزمونەکەی چەندین قۆناغی سەختی بڕیوە و کورد لە پێگەیەکی سیاسی نێونەتەوەیی سەنگین و بەهێزدایە و لە ئاستانەی وەرچەرخانی گەورە و هەڵوەشانەوە و دوبارە نەخشاندنەوەی ناوچەکەدایە و لە هەر کات نزیکترین لەبەدیهاتنی ئاواتە مەزنەکەمان کە مافی چارەی خۆنوسین و سەربەخۆیی یەکجارییە، هەربۆیەش لە لەهەرکات زیاتر تەحەددی و هەڕەشە و گێچەڵ و پیلان رووبەرووی ئەزمونەکەمان بۆتەوە و بە جۆرەها شێواز دەیانەوێ ئیرادەمان بشکێنن و لەم دوایین قۆناغەدا لە خواستە رەواکەمان ساردمان کەنەوە.پەلاماری داعش،ئابڵوقە و سیاسەتی برسیکردن، نانەوەی تەفرەقەی ناوخۆیی و تێکدانی ریزی هێزە سیاسییەکان، گێچەڵ و شەڕفرۆشتن بە دامەزراوە سەروەرییەکانی کوردستان، قەیرانخوڵقێنی و هەڕەشەی تێکدانی ئەمنیەت و وئاشتی نێوخۆیی و ئۆقرەیی سیاسی، لە رواڵەتەکانی ئەو تەحەدیی و شەڕانگێزییەن کە تەنیا و تەنیا دژی ئیرادەی سەربەخۆییخوازی میللەتەکەمانە و بۆ رێگرییە لەبەدیهاتنی ئەو خواست و مافە رەوایە.
گەل و پێشمەرگەی کوردستان بە شاهیدی دۆست و دوژمن، سەرباری هەموو ئاستەنگ و پیلانەکان، توانی خۆڕاگرانە کوردستان بپارێزێ و داعشی دوژمن تێکبشکێنێ، ئەوانەی گرەویان لەسەر داعش کرد و گرەوەکەیان دۆڕاند، ئێستا دەیانەوێ بە شێوازی دیکە و لەناوخۆدا کوردستان بنکۆڵ بکەن و بە قەیران و گرفتی ناوخۆییەوە سەرقاڵی بکەن تا دەرفەتە مێژوییەکەی لەدەست بچێ و نەپەرژێتە سەر دیاریکردنی چارەنوسی خۆی و لە گۆڕانکاریی و هەڵوەشانەوەی هاوکێشە و نەخشەی ناوچەکەدا دەستبەتاڵ دەرچێ.
بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرایە بە درێژایی سەد ساڵی رابردوو، هەرگیز هەل و مەرجێکی بابەتیی وەک ئێستا لەبار و گونجاو بۆ نەتەوەی کورد نەهاتۆتە پێش و دەرفەتی وەک ئێستا زێڕینی بۆ نەرەخساوە، بۆیەش گەلەکەمان و هێزە سیاسییەکانی و دامەزراوەکانی لەبەردەم بەرپرسیاریی مێژوویی لەدەستنەدانی ئەم هەلە دەگمەن و فورسەتە مێژووییەن کە سەدساڵە نەتەوەکەمان خەباتی بۆ دەکاو خوێن و قوربانی بۆ دەدات. ئەمەش یەکڕیزیی نیشتمانی و هاوخیتابی سیاسیی و یەکدەستی و یەک بڕوایی دەخوازێ.
پارتیمان باوەڕی وایە کە هەم رووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەکان و هەم لەدەستنەدانی دەرفەتی مێژوویی، بە هاودەنگیی نیشتمانیی دێتەدی. دەبێ لەم چرکە ساتە مێژووییەدا هەموان لەدەوری یەک ئامانج کۆبینەوە و ئەولەویاتمان یەک بێ و، لە ململانێی بەرچاوتەنگیی حزبایەتی و گرێی دەرونی و پاشکۆیەتی و گوێلەمستی بۆ ئەم لاولا و میحوەربەندییەکانی ناوچەکە و هەروەها لە فکری شومی ئەنارشیستی و فەوزەویەت و هەرزەیی سیاسیدەستهەڵگرین و لە ئاست گەورەیی و چارەنوسسازیی قۆناغەکەدا بین.
ئەزمونەکەمان لە ئێستادا لەبەردەم ئەنجامدانی ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی مەزندایە کە ئەویش گەیاندنی خەباتی گەلەکەمانە بەدوایین ئامانج. ئەو ئەرکە بە هەماهەنگی و پێکەوەیی هێزە رەسەن و بەرپرسیارەکان دێتەدی. حکومەتێکی تۆکمە و سەرکردایەتییەکی سیاسی یەکدەست و پەرلەمانێک کە گەیاندنی میللەت بەو ئامانجە مەزنە بەئەرکی یەکەمی خۆی بزانێ بۆ ئەم قۆناغە چارەنوسسازە پێویستن، هاوکاتیش بەخۆداچونەوە و راستکردنەوەی ناڕێکی و هەڵە و کەم و کورتییەکانی حوکمڕانی خۆماڵی لە رێی پرۆسەیەکی چاکسازیی هەمەلایەنە کە ببێتە مایەی کەمبونەوەی ئازار و مەینەتییەکانی گەلەکەمان و چارەسەری قەیرانی دارایی و هێنانەدی عەدالەت و باڵادەستییەکی زیاتری یاسا و خواستی گەل هەروەکو لە ناوەرۆکی هەردوو بڕیاری جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی_دا هاتووە، کە پێویستییەکی دیکەی سەرخستنی قۆناغەکەیە.
لە یادی پڕشکۆی راپەڕیندا
سڵاو لە گەلی خەباتکار و راپەڕیو و قوربانیدەری کوردستان
سڵاو لە شەهیدانی راپەڕین و تێکڕای شەهیدانی کورد و کوردستان
سەرکەوێ ئیرادەی لەبننەهاتووی گەلەکەمان و بێتەدی ئامانجی رەوای مافی چارەی خۆنوسین
بۆ پێشەوە بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ و ئاوەدان و گەشاوە و دوور لە قەیران و تەنگ و چەڵەمە.
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
04-03-2016
⚠️ Questo articolo è stato scritto in (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) lingua, fare clic sull''icona
per aprire l''articolo in lingua originale!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!