ناوی تەواوم (ساڵح ساڵح زادە) ناسراو بە (هێرش بێتووشی) لەدایکبووی ڕۆژی نۆهەمی مانگی ڕێبەندانی ساڵی هەزار و سێسەد و چلی هەتاویم. ناوی باوکم عەلی حەمەساڵح لە بەرەبابی ماماغای مەرەسەنە و دایکم ئایشە مینە سێمان لە بەرەبابی سێماناغای مەرەسەنە بووە کە بە چاوی سەرنەمدیتووە. لەگوندی بێتووشی ئالانی سەردەشت چاوم بە ژیان هەڵێناوە. خوێندنی سەرەتاییم لە گوندی بێتووش تەواو کردووە. ناوەندی و ئامادەییم لە شاری سەردەشت خوێندووە.
ساڵی)1359(ی هەتاوی خوێندنی پەیمانگای ئامادەیی مامۆستایانم لە شاری ورمێ تەواو کردووە، کارناسی زمان و ئەدەبیاتی فارسیم لە زانستگای تاران خوێندووە. ئەگەرچی تەنیا ئاواتی ژیانم پیشەی مامۆستایەتی بە شێوەی فەرمی بووە، ڕێگە نەدراوم. بەڵام هەر لە ڕۆژی هاتنەوەم لە زانستگاوە کەم تا زۆر ئەرکی پیرۆزی مامۆستایەتیم لە ستۆی خۆم گرتووە و بە پێی توانا ئەو ڕێگایەم پێواوە.
ساڵی(1364)ی هەتاوی (9/5/64) لەگەڵ کچە مامێکی خۆمدا بەردی بنچینەی ژیانی هاوبەشمان داناوە، بەرهەمی ئەو پێوەندییه سەرکەوتووە کچێک و سێ کوڕە کە بە خۆشییەوە تا ئەم ڕێکەوتە(10/10/1393)ی هەتاوی سێیانم بە پلەی کۆتایی خوێندنی زانستگا گەیاندووە و کوڕە گچکەکەم لە پۆلی هەشتەمی سەرەتاییە.
ساڵی(1374)ی هەتاوی بێ بوون و پشتیوان چوومەتە ناو بازاڕی ئازاد وتەنیا بۆ ژیان ژیاوم.
ساڵی (1378)ی هەتاوی (16/5/78) بە هاوکاری چەند دڵسۆزێک ئەنجومەنی ئەدەبیمان لە شاری سەردەشت دامەزراندووە، لە سەر یەک(36)کەس بەشداری ئەو هەڵبژاردنەیان کردبوو و هەر سی و شەش دەنگەکەشم هێنایەوە ؛ تا پووشپەڕی 82ی هەتاوی کە لە سەر ویستی خۆم و پێناخۆشی زۆر لە ئەندامانی ئەو کۆڕە وازم هێناوه، وەکوو یەکەم کەس و بەرپرسی ئەو ئەنجومەنە لە خزمەت کۆی هاوشاریانی ڕێزدارمدا بووم.
ساڵی(1378)ی هەتاوی لە سەر ویستی ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی(سروە) بەشداری دانیشتنێکی ئەدەبیم لەو ناوەندە لە شاری ورمێ کردووە و وەکوو تێکڕای لێپرسراوی ئەنجومەنەکان بە ئەندامی لیژنەی نووسەرانی ئەنجومەنە ئەدەبییەکانی ڕۆژاوای ئێران هەڵبژێردراوم.
ساڵی(1378)ی هەتاوی بەشداریم لە کۆڕێکی هەڵسەنگاندنی نەخشی هونەر و ئەدەبیات لە ناوەندی ئیدارەی ئیڕشادی ئیسلامی پارێزگای ورمێ کردووە و پلەی یەکەمم پێ دراوە.
ساڵی(1379)ی هەتاوی سەرپەرشتیاری دەرکردنی دوو ژمارەی (1-2) گۆڤاری(گزنگ)م لە ئەنجومەنی ئەدەبی سەردەشتدا کردووە.
لە پێنجەی یەکەمی حەفتای هەتاوییەوه تا کۆتایی هەشتاکان بەردەوام بە ئەندامی لیژنەی کارە ناوخۆییەکانی کۆڕی پەروەردە و ڕاهێنانی سەردەشت هەڵبژێردراوم.
ساڵی(1381)ی هەتاوی لە کۆڕێکی چیرۆکی ڕۆژاوای ئێران لە شاری بانە پلەی یەکەمی وەرگێڕانم لە زمانی فارسییەوە بۆ سەر زمانی کوردی پێ دراوە.
ساڵی(1381)ی هەتاوی (5/10/81) نوێنەرایەتی کۆمەڵی فەرهەنگی و فێرکاری(سۆما)م بۆ شارەکانی سەردەشت، ڕەبەت و میراوە وەرگرتووه و فێرگەی زمانی کوردیم لەو شارانە و لە گوندەکانی دەوروبەریاندا داناوە و تا هەنووکەش (10/10/93)ی هەتاوی لە بوارەکانی: (1- فێرکاری ڕێنووسی کوردی بە ئەلفوبێی ئارامی 2- فێرکاری ڕێنووسی کوردی بە ئەلفوبێی لاتین 3- فێرکاری ڕێزمانی کوردی – مێژووی ئەدەبی کوردی و هەروەها تەوەرەکانی چیرۆک و پەخشان، هۆنراو، وەرگێڕان، ڕاوێژ و دوان و توێژینەوە) دەرس دەڵێمەوە.
دوای زانستگای شاری سنە یەکەم کەسم کە ساڵی(1390)ی هەتاوی لە ڕێگەی ئەنجومەنی زانستگاوه، وەکوو مامۆستای زمانی کوردی دەرگای زانستگای (پەیام نوور)ی شاری سەردەشتم کردووەتەوە و ئەوپەڕی پێشوازیم لێ کراوە.
ساڵی(1381)ی هەتاوی (14/3/81) لە کۆڕێکی گرنگی زانا و لێزان و شارەزایانی کتێب و کتێب ناسیدا بە کۆی دەنگ وەکوو بەرپرسی گشتی کتێبخانەکانی سەردەشت هەڵبژێردراوم و تا کۆتایی ساڵی(83)ی هەتاوی و ئەوکاتەی کە بێ هەڵبژاردن فەرمانداری شاریان بە بەرپرسی ئەو ئەنجومەنە دیاری کرد، ئەو شانازییە لە ستۆی من بووە.
ساڵی(1383)ی هەتاوی (25/3/83) لە کۆڕێکی (281) کەسیدا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی فەرهەنگ و ئەدەب لە شاری سەردەشت، لە سەریەک (276) دەنگم هێنایەوە و لەو ساوە وەکوو بەرپرسی ئەو ئەنجومەنە لە خزمەت ئۆگرانی فەرهەنگ و ئەدەبی شارەکەمدا بووم و هەم.
ساڵی(1385)ی هەتاوی بە ئەندامی شوڕای فەرهەنگی گشتی شاری سەردەشت دیاری کراوم و تا ئێستاش لە ڕاستای ئەو ئەرکە گرنگەدا شان بە شانی کۆی ئەندامانی ئەو کۆڕە خەریکی خزمەت بە کار و بوارەکانی فەرهەنگی شارەکەمم.
ساڵی(1387)ی هەتاوی لە کۆڕێکی فەرهەنگی شوڕای شاری سەردەشتدا بە ئەندامی کومسیۆنی فەرهەنگی شوڕای سەردەشت هەڵبژێردراوم وتا ئەم کاتەش ئەو شانازیەم لێ نەستێندراوەتەوە.
لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبییەکانی سەردەشت و شارەکانی دەوروبەر لە بوارەکانی ئەدەبیدا بە خوێندنەوەی هۆنراو، چیرۆک، پەخشان، وەرگێڕان، وتار و قسەکردن بە پێی توانا بەشداریم کردووە و خۆم نەبواردووە.
لە ساڵی(1369)ی هەتاوییەوە بەردەوام لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکاندا بەرهەمم بڵاوکردۆتەوە.
چەند کتێبێکم بە ناوەکانی(1- کوردی لە سەفەردا(بە هاوکاری خاتوو فەریبا پالیزی) 2- کاکەگیان کەنگێ دێیەوە 3- هەواڵپرسی سانا 4- ڕێزمانی کوردی 5- مێژووی ئەدەبی کوردی 6- جاناتان مەلی دەریایی) چاپ و بڵاوکردووەتەوە.
پێداهاتنەوەی دیوانی حاجی قادری کۆییم کردووە و لە لایەن بەڕێز(باپیرسەمیمی)یەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
چەندکتێبێک وکۆمەڵێک دەقی نووسراو و وەرگێڕدراوم ئامادەی چاپ و بڵاوکردنەوەیە و هیواخوازم لە داهاتوودا بتوانم! بە چاپیان بگەیەنم.
کاری سەرەکیم نووسین و وەرگێڕان و مامۆستایەتی زمانی کوردیە. بێ وچان خەریکی ڕاهێنان و دەرس دانی لاوان و ئۆگرانی زمان و زانینی کوردیم.
تەنیا پاڵپشت و پشتیوانەی ژیانم بیر و هۆش و باهۆی خۆم و خۆم بووە. زیاتر لە هەموو شتێک گرنگیم بە کاری ئەدەبی داوە. هەرچەندە ژیانم هەر ژان بووە، زانست و بیرم بە بژیو نەداوە. دەستم بە هیچ پنچکێکەوە بەند نییە و لە گرەوی چارەنووس دام.