یەکەمین کۆنفرانسی دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کورد...
یەکەمین کۆنفرانسی یەکێتی ژنانی جەوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر درووشمی "پێداگری لە سەر ریبازی شەهید فەراشین و مادوراکان گارانتی شۆرشە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا" پێک هات.
کۆنفرانسی یەکێتی ژنانی جەوان کە لە 28 و 29 ی مانگی حوزەیران دا لە هەرێمی سەربەستی میدیا بەرێوەچوو.
تیایدا داواکرا بۆ چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگا و بەتایبەتی ژنان کۆتایی هێنان بە هەر چەشنە سیاسەتێکی چەپەڵی رژیم، هەموو ژنان و جەوانان بگەنە ئاستی خۆبەرێکخستن کردن و پاراستنی نرخەکانی ئازادی و سروشت و مرۆڤایەتی.
لە ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەدا هاتووە کە یەکێتیەکەیان رێکخستن کردنی جەوانانی روژهەڵاتی کوردستان و ئێران (بەلووچ، عەرەب، فارس، ئازەری و...) بە ئامانجە سەرەکییەکانی خۆی دادەنێت.
دەقی بەیاننامەی کۆنفرانسەکە بەم شێوەیەیە:
یەکەمین کۆنفرانسی یەکێتی ژنانی جەوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە قۆناخێکی زۆر هەستیاردا کە جیهان بە گشتی و رۆژهەڵاتی ناوەراست و کوردستان بە تایبەتی بەره و ئاڵوگۆڕی بەرچاو هەنگاو دەنێن پێک هات. بە تایبەت کە لە بەهاری گەلاندا ژنان هێزی پێشەنگ و دیارکەری شۆرش بوون و تەنانەت لەم پێناوەشدا زۆرترین تێکۆشان و قۆربانیان دا. چ لە گۆڕەپانی راپەڕین و چ لە گۆرەپانی شەر دا بە فیداکاری و خۆڕاگری دژ بە رژێمە دەسەڵاتدارەکان تێکۆشانی ئازادیخوازیان دەگەیەننە لووتکە. زهنیەتی پیاوسالار لە بەرامبەر هێز و ورەو روحی ئازازیخوازی ژنان لاواز بووە، هەر بۆ ئەوەش پەرە بە هەر چەشنە سیاسەتی دژ بەژن دەدات.
ئێران یەک لەو وڵاتانەی کە رۆژانە سیاسەتی دژە مرۆڤانە بە سەر گەلان دا دەسەپێنێت و هاوکات لە گەڵ بەرەسمیەت نەناسینی ماف و ناسنامەی گەلان، حاشا لە فرەرەنگی و فرەدەنگی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات. لە دەرئەنجامی سیاسەتی رژیمی داگیرکەری ئێراندا، کۆمەڵگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تووشی قەیرانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کەلتووری بووە. هەموو ئەم قەیرانانەش لە پێشێل کردنی مافی گەلان و بە تایبەت ژن سەرچاوە دەگرێت. ئێران لە قۆناخی سەرۆک کۆماری حەسەن روحانی دا هەوڵی دا بە شێوازێکی زۆر فۆرمالیتەش بێت، باس لە ئاڵ وگۆڕی کۆمەڵایەتی و بە تایبەت باشتر کردنی رەوشی ژنان بکات. بەڵام ئەوەی لە راستیدا بەرچاو بوو بەردەوام کردنی سیاسەتی نکۆڵی و قڕکردنی کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنان و جەوانانە. ئەمە لە کاتێکدایە کە رێژەی ئەو کەسانەی کە لە ساڵی دواییدا لەسێدارە دراون، بە تایبەت رێژەی ژنانی لەسێدارەدراو سەرنج راکێشە و ئەمەش سیاسەتی هەنووکەی ئێران لە کوردستاندا راشکاوانە نیشان دەدات. لە جێگای ئەوەی کە لە گۆڕەپانەکانی سیاسەت، ئابووری، کۆمەڵایەتی و هتد دا مافی بەشداری ئازادانە بۆ ژنان بڕەخسێ، ئەو بڕە مافەی کە لە پێش تر دا هەیبوو لێی زەوت کراوە. لە بەرامبەر زهنیەتی کۆنەپەرست و دواکەوتووی رژیمی ئیسلامی، تێکۆشان و نارەزایەتی ژنانی رووناکبیر، چالاکوان، رۆژنامەوان و هتد کە ئاستی هۆشیاری ئەوان نیشان دەدات گرینگیەکی تایبەتی هەیە لە تێکۆشانی ژنان دا.
ئاستەنگ کردنی ئازادی ژنان هەم لە بواری کار و هەم لە بواری ژیانیدا، کەم کردنەوەی ژمارەی ژنانی پارلەمانتار، لە سێدارە دان، بەسیج کردن، بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، لەشفرۆشی، بەرزبوونی رێژەی خۆسووتاندن، قەتڵی نامووسی، سیغەو... ئاستی قووڵ بوونی عەقلییەتی باوک سالاری و ڕەگەزپەرەستی پیاو لە سەر ژن ئاشکرا دەکات. بەڵام کۆڵنەدانی ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخواز لە بەرامبەر رژیمی سێدارە و دژەژنی ئیسلامی ئێران دا، وەکوو (شەهید شیرین عەلەم هولی) کە خەتی بەرخۆدانی و تەسلیم نەبوون هەڵدەبژێرێ و لە سێدارە دەدرێت. لە هەمان دەم دا زەینەب جەلالیان و بە دەیان ژنی دیکە کە ناویان نازانرێت، بە خۆڕاگری و قەبووڵ کردنی هەر چەشنە ئەشکەنجەیەک رێی بەرەو ئازاد بوون و رزگاری دەپارێزن وبە هیچ شێوەیەک سەری تەسلیمیەت دانانەوێنن، بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە. رژیمی ئیسلامی ئێران سیاسەتی ئەشکەنجە، زیندان، چاوترساندن و سێدارە و... بە تایبەت لە بەرامبەر ژنان و جەوانان دا بە مەبەستی دوورخستنەوەیان لە گۆڕەپانی تێکۆشانی ئازادیخوازی بە ئاشکرایی بەرێوە دەبات. هەر بەم شێوەیەش لە کوردستاندا، ژنان و جەوانان وەکوو هێزێکی دژبە تەڤگەری ئازادیخوازی بەکار دێنێت.
ئەگەرچی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا لێگەڕینی داهاتوویەکی ئازاد هەمیشە هەیە بەڵام هەتا ئێستا یەکێتی گەلان و بەتایبەت ژنان بە ڕادەی پێویست پێک نەهاتووە. بۆیە دامەزراندنی یەکیتی ژنانی جەوان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا بۆ درووست کردنی دۆخێکی دیموکراتیک پێویستییەکی سەرەکەیە.
روژانە ئاماری قڕکردنی جەستەیی و زهنیەتی و... ژنان و جەوانان لە ئێران دا بەرەو زیادبوون و دۆخێکی خەتەر دەچێت. ئەژماری لە سێدارەدان زیاتر دەبێت و ئەشکەنجە کردن، دەستدرێژی، زیندانی، سیغە کردن، تووشکردنی ژنان و جەوانان بە ماددە هۆشبەرەکان، سیاسەتی بەسیج کردن و بەکرێگیراوی و... لە هەمو شوێنێکی روژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ئاستی هەرە بەرزی خۆی گەیشتووە.
لە یەکەم کۆنفرانسی یەکێتی ژنانی جەوان کە لە 28 و 29 ی مانگی حوزەیران دا لە هەرێمی سەربەستی میدیا بەرێوە چوو، ئەو بابەتانە باسیان لە سەر کرا. بۆ چارەسەری ئەو کێشانەو کۆتایی هێنان بەم چەشنە سیاسەتانەی رژیم، پێویستە هەمو ژنان و جەوانان بگەنە ئاستی خۆبەرێکخستن کردن و پاراستنی نرخەکانی ئازادی و سروشت و مرۆڤایەتی. لە چوارچێوەی پێکهێنانی کۆمەڵگای ئەخلاقی- سیاسی دا ئەوە ژنە کە دەتوانێ ببێَ بە هێزی چارەسەری. بە پارادیگمای نوێی رێبەر ئاپۆ ژنانی جەوان لە روژهەڵاتی کوردستان دەبن بە هێزێکی مەزنی چارەسەری کێشەکانی ژنان و کێشە نەتەوەییەکان کە ئەوەش دەبێ بە چارەسەرییەکی بناغەیی بۆ قەیرانەکانی کە ئێستا ژن، گەلی کورد و گەلانی ئێران تێیدا دەژین. هەروەکو لە رۆژئاوای کوردستان دا بە پێشەنگایەتی حەرەکەتی ئازادیخوازی ژنان بناغەی پرۆژەی چارەسەری و ئازادی بۆ هەمو گەلان دامەزرا لە روژهەڵاتی کوردستانیش ئامانجمان ئەوەیە کە لە ناو سیستەمی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی روژهەڵاتی کوردستان "کژار" دا ئێمە وەکو یەکێتی ژنانی جەوان رێکخستنمان بە هێز کەین. بەو ئامانج و بەرنامانەی کە دامانناوە، دەتوانین رێکخستن کردنی هەمو ژنانی جەوانی روژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ئیرادەیەکی بە هێزەوە دەست پێبکەین و نوێنەری راستەقینەی تێکۆشانی ئازادی ژنان و نەتەوەکەمان بین.
یەکێتی ژنانی جەوان لە ناو بریارگای (KCR) دا رێکخستنێکی تایبەت بە خۆی هەیە و بۆ بەرێکخستن کردنی ژنانی جەوان و پەروەردە کردنیان خەبات دەکات. کادرەکانی یەکێتی ژنانی جەوان بۆ گواستنەوەی بیر و ئایدیۆلۆژی رێبەر ئاپۆ بۆ ناو ژنانی جەوانی (بەلووچ، عەرەب، فارس، ئازەری و گەلانی تری ئێران) ئەرکی خۆیان دەبینن.
کادرەکانی ژنانی جەوان لە سەر ئەساسی ئایدیۆلۆژیای ئازادی ژن، لە سەر رێبازی ملیتانی، چالاکانە تێکۆشانی ڕەگەزی بەرێوە دەبات. رێکخستن کردنی جەوانانی روژهەڵاتی کوردستان و ئێران (بەلووچ، عەرەب، فارس، ئازەری و...) بە ئامانجە سەرەکییەکانی خۆی دادەنێ و لە ناو ژنانی جەوان لە زانکۆ، دەبیرستان، مەدرەسە و شوێنی کارەکان دا کۆمیتە، مەجلیس، کۆمین پێکدێنێت و چالاکانە کاری رێکخستنی دەکات و رێکخراوە و نەهادەکانی پێوەندیدارەکان بونیاد دەنێت.
کۆمیتەکانی یەکێتی ژنانی جەوان بەرپرسیاری پێکهێنانی چالاکیەکان و رێکخستن کردنی "کەژار" ن. وەکو ئەرکی ئەساسی بە هێز کردن و زیادکردنی ئەژماری ه.پ.ژ ئەساس دەگرن.
لە دژی زهنیەت و کرداری دەسەڵاتداری رژیمی ئێران کە ژنان بێ ئیرادە دەکات، دەکوژێت، لە رێی ماددە هۆشبەرەکان و ناوەندەکانی لەشفرۆشی ژیان و کەسایەتیان بێ واتا دەکات، خەبات دەکات و پاراستنی زاتی پێش دەخات.
بێگومان سەرهەڵدانی گەلانی ئازادیخوازیش لە سەر ئەم بنەمایە بۆ سەرخستنی شۆرشی ئازادی گەلان دەستی پێکردووە و هەتا ئاستێک هاتووە. لە سەرجەم ئەو شۆرشانە دا ژنان بۆ گەییشتن بە سەرکەوتن و ئازادی کۆمەڵگاکەیان رۆڵی پێشەنگیان گێڕاوە.
ئەم کۆنفرانسە و دامەزراندنی یەکیتی ژنانی جەوانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەرەتا لە دامەزرێنەری ئایدیۆلۆژیای ژنی ئازاد و سیستەمی کۆنفیدراڵیسمی دیموکراتیک، (رێبەر ئاپۆ) و هەروەها لە هەموو ژنانی ئازادیخواز، بە تایبەتی ژنانی کورد و ئێرانی و سەرجەم گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران پیرۆز دەکەین. و هە روەها پێشکەشی دەکەین بە هەمو ژنانی شەهیدی رێگای ئازادی و شهید زیلان پەپوولە، شهیدان کاوەندا، ئاخین و بەرچەم و ساریا ئونور و بە سەدان و هەزاران شەهیدی تر، نمونەی ئاشکرای ئەو ژنانەن کە ژیانێکی ئازادیان هەڵبژارد و بۆ تێکشکاندنی کۆیلەتی و جنسیەتگەرایی قارەمانانە تێکۆشانیان کرد و بوون بە سەمبولی ژنی ئازاد. پێویستە ئێمەش بزانین کە دروستترین و بە واتا ترین ژیان، ژیان کردن لە گەڵ ژنی ئازادە کە کەرامەت و رۆڵی خۆی و حەقیقەتی خۆی دیتووەتەوە و بۆ پێکهێنانی نیزامی کۆنفێدێرالیسمی دێموکراتیک پێشەنگایەتی هەمو ژنانی جیهانی بە ئەستۆ گرتووە.
سڵاو رێزی شۆرشگێری
کۆردیناسیۆنی یەکێتی ژنانی جەوانی رۆژهەڵاتی کوردستان
30-06-2015
⚠️ Questo articolo è stato scritto in (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) lingua, fare clic sull''icona
per aprire l''articolo in lingua originale!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!