ئاگر و ئاو زیاتر لە 48 ملیۆن دینار زیانی بەڕاپەرین گەیاندوە
📊 ئامار و راپرسی
دوارۆژ، دڵشاد ئەحمەد
بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی راپەرین رایدەگەیەنێت، تەنها لەمانگی کانونی یەکەمی رابردو روداوەکانی سوتان و لافاو بڕی زیاتر لە 48 ملیۆن زیانی بە هاوڵاتیانی سنورەکە گەیاندوە.
حسێن عەبدوڵا، لێپرسراوی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی راپەڕین بە (دواڕۆژ)ی راگەیاند، مانگی رابردو لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیمان کە حەوت بنکە و سێ مەفرەزە لەخۆدەگرێت 31 روداوی جۆراوجۆری وەک ئاگرکەوتنەوە و لافاو و روداوی تر رویداوە و بەهۆیانە بەبڕی 48 ملیۆن و 841 هەزار دینار زیان بەر هاوڵاتیان کەوتوە.
وتیشی، لە روداوەکان حاڵەتێکی برینداری و حاڵەتێکی سوتانی کەسێک هەبوە.
بەرپرسەکەی راگەیاندنی بەرگری شارستانی هێمای بۆ ئەوەشکرد، بەدەر لەو روداوانە رۆژانە پشکنین بۆ دوکان و ناوچە بازرگانیەکان دەکرێت بەمەبەستی دڵنیایی تایبەت بە بەرگری شارستانی و لەو روەوە مانگی رابردوو نزیکەی 90%ی ئەو پشکنینانە دەرچوون و رێنمایی پێویستیش دراوەتە ئەوانەی لە پشکنیندا دەرنەچوون.