لە ساڵی 1961 لە گەڕەکی حاجی حانی شاری #سلێمانی# لە دایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی لە سلێمانی تەواوکردووە لە ساڵی 1979 بەشی ئوتومبیلی ئامادەیی پیشەسازی سلێمانی تەواوکردووە. لە هەمان ساڵدا پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە کردووە، ساڵی 1980 بووە بە پێشمەرگە لە هەرێمی 4 ژیانی پێشمەرگایەتی دەستی پێکردووە. دواتر بۆ بەشداری خولێک چووەتە بارەگای مەکتەبی عەسکەری لە زەڵێ تا ساڵی 1981، ساڵی 1982 دوای بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی هێزی پشتیوانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گوازراوەتەوە بۆ تیپی 47 پیرەمەگروون و لە سنووری دۆڵی جافەتی و دۆڵەرووت پێشمەرگایەتی کردووە.
ساڵی 1983 چووەتە چاپخانەی ئیبراهیم عەزۆ لە هەڵەدن و بەهرەکانی لە بواری خۆشنووسی و دروستکردنی پۆستەری شەهیداندا لە بڵاوکراوەکاندا نیشانداوە، پاشان بووە بە مامۆستای خۆبەخش لە گوندەکانی دۆلێ جافەتی (هەڵەدن، مالوومە)، لە هەمان کاتدا لێپرسراوی مەفرەزەیەکی هێزی پشتگیری گوندەکەی پێسپێراوە.
لە سەرەتای دەسپێکردنی داستانی قەیوان - ماوەت لە ساڵی 1986 بە کارێکی تایبەت ڕەوانەی بەغداد کراوە. بەڵام لە سلێمانی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەسگیر دەکرێت، لە مانگی ئایاری ساڵی 1987 فەرمانی لە سێدارەدانی بە سەردا سەپێنراوە، لە 3 ی کانوونی دووەمی ساڵی 1988 لە زیندانی (ئەبوغرێب) لە سێدارە دراوە.