تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ناوچە کوردنشینەکان مەحکوم دەکەین
هاوکاتی ئەو بارگرژی و کارەساتانەی بەهۆی کێشمەکێشی وولاتانی زلهێزی دنیاو ناوچەکەو بەناو شەری دژی داعشەوە، باڵی بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا کێشاوە، هێزە چەکدارو ئەمنیەکان و پۆلیسی تورکیا پەلاماری هەندێک لە شارە کوردنشینەکانی تورکیا دەدەن و بارودۆخی نائاساییان ڕاگەیاندوە. بەبیانوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو هێزەکانی پەکەکەوە دەیان کەسیان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی کوشتوەو سەدان کەسیشیان زیندانی و بریندارکردووە. خەڵکی ئەو شارو شارۆچکانەی بوونەتە بەرەی جەنگ لە بارودۆخێکی ژیان و گوزەرانی کارەساتبارو تراژیدیدا دەژی حکومەتی فاشیست و کۆنەپەرستی تورکیا کە حیزبی دادو گەشەپێدانی ئیسلامی بەڕێوەی دەبات، شەڕێکی ئاشکرای لەدژی خەڵکی مەدەنی کوردستانی تورکیا ڕاگەیاندوەو دەیەوێ سیاسەتی کۆنەپەرستانە و بەرژەوەندیەکانی خۆی بەشێوەی زەبرو زەنگ و تۆقاندن بەئاکام بگەیەنێ. ئەم سیاسەتە جەنگخوازیەی دەوڵەتی تورکیا دژی هاوڵاتیانی ناوچە کوردنشینەکان بەردەوامی و ئەڵقەیەکی دیکەی سیاسەتی کۆنەپەرستانەو هێزنواندنە لەئاستی ناوخۆی وڵات و ناوچەکەدا کە نەک دژی تیرۆر نیە، بەڵکو ئەو دەوڵەتەشی کردۆتە پشتیوانێکی ئاشکرای گروپی تیرۆریستی داعش. ئێمە لەحیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەکاتێکدا سیاسەتی تۆڵەسەندنەوەو تیرۆری بە کۆمەڵی هاوڵاتیانی کوردستانی تورکیا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاو هێزە سەربازی و ئەمنیەکانیەوە بە تاوانێکی ڕێکخراو دژی هاولاتیانی مەدەنی دادەنێین و بەتوندی ئێدانەی دەکەین، هاوکات ئەو حزب و لایەنە کوردیانەی بەرژەوەندی سیاسی خۆیان لەوەدا دەبیننەوە کە چاوپۆشی لەم تاوانەی دەوڵەتی تورکیا بکەن، ڕیسوا دەکەین. هەروەها دەبێت حکومەتی ئەکەپەو دەوڵەتی کۆنەپەرستی تورکیا بەرامبەر بەو تاوانەیان ڕوبەرووی نارەزایەتی خەڵکی ئازادیخواز و لێپێچینەوەی یاسایی ببنەوە.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
25-12-2015
ئەڤ بابەت ب زمانا (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا

بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 4,232 جار هاتیە دیتن