مەکتەبی سیاسی یەکێتی وەڵامی فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژئاوای دیجلە دەداتەوە
📝 بەڵگەنامەکان
مەکتەبی سیاسی یەکێتی (رۆژی 13-11-2015) راگەیاندنێکی بەبۆنەی سەرکەوتنە مێژوییەکەی رزگارکردنی شەنگالەوە دەرکرد، مایەی سەرسوڕمان بوو، هەر دوێنێ شەو، بەو هەموو سەرقاڵییە، بەناوی فەرماندەی (هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژئاوای دیجلە)وە، وەڵامێکی توڕەیان دایەوە. سەرەڕای ئەوەی ئێمە دەزانین کێ بڕیاری وەڵامەکەی داوە و چۆن چۆنیش نووسراوە و بۆچی وا بەپەلەش بڵاوکرایەوە. بەڵام لەبەرئەوەی نامانەوێت لەم کاتەدا راکێشرێینە بەندوباوی قوڵکردنی ناکۆکییەکان، لە هەرێم و بەشەکانی تری کوردستان،
بەڵام تەنیا بۆ ئەوەی رای گشتی و هێزی قارەمانی پێشمەرگە ناوەڕۆکی راگەیاندنەکەی یەکێتی، بڕگە بە بڕگە بزانن و بزانرێ بە چ بایەخێکەوە باسی فەرماندە و پێشمەرگە کراوە، ئەم کورتە راستییانەی ناوەڕۆکی راگەیاندنەکە دووپاتدەکەینەوە، چونکە هەستمان کرد بڕیاردەر و نووسەری وەڵامەکە، لە ناوەڕۆکی راگەیاندنەکە خۆیان لاداوە و بە خوێندنەوەیەکی سەرپێیی توڕەبوون و وەڵامەکەیان نووسیوە. ئەمەش بڕگە گرنگەکانی راگەیاندنەکەمانە:
- مەکتەبی سیاسی یەکێتی پیرۆزبایی گەرم لە تەواوی فەرماندەکان و پێشمەرگەکانی کوردستان دەکات، کە هێزی سەرەکی ئازادکردنی شەنگال و دەوروبەری بوون.
- شەنگال بەشێکی دانەبڕاوی باشووری کوردستانە.
- شەنگالو ئێزدییەکان سەدان ساڵە فەرمانیان لەلایەن شۆڤێنییە عەرەبەکانەوە دژ دەدرێ.
- شەنگال بکرێتە پارێزگایەکی کوردستانی.
- دەوڵەتە گەورەکان وەکو هێزی یەدەگی شەڕ نەڕواننە خەباتی کوردایەتیو لەچاوی حکومەتە ئیقلیمییەکانەوە سەیری کێشەی نەتەوەکەمان نەکەن.
- شەنگال ناوچەیەکی ستراتیژی گرنگی جوگرافی و سیاسی و عەسکەری چارەنووسسازە و توانای لۆجستی داعش تێکدەدا.
- دوو ساڵ بوو داعشەکان ویژدانی نەتەوەی کوردیان ئازار دەدا، بەڵام بەرگەی دوو رۆژی هەڵمەتی قارەمانانەی کورد و کوردستانیان نەگرت.
دەمێنێتەوە بڵێین: ئێمە ناتوانین، خەبات و قوربانی شەڕڤان و گەریلاکان رێز لێنەگرین. هەروەکو چۆن بەڕێز مەسعود بارزانی لە کاتی رزگارکردنی مەخموردا رێزی لەو (70) گەریلایە گرت کە شەڕی قارەمانانەیان بۆ پاراستنی مەخمور کردبوو، لەکاتێکدا مەخمورییەکان دووچاری چارەنووسی رەش کرابون. خۆزگە، لەم هەڵمەتەی رزگارکردنی شەنگالیش رێزی لە زیاتر لە (1500) گەریلاو شەڕڤان بگرتایە و هیچ نەبێ سڵاوی بۆ بناردنایە و ناکۆکییەکانی ئارام بکردایەتەوە.
لەکۆتاییشدا دەڵێین: با بڕیاردەر و نووسەری وەڵامەکە، دەست لەم رقو کینەیە هەڵبگرن باشترە، چونکە مەترسیمان هەیە ئەم سیاسەتە، رووداوی زۆر خراپی لەو دەڤەرانە لێبکەوێتەوە. تکاشمان وایە، بەم سەرکەوتنە هیچ لایەکمان بێباک نەبین، چونکە هێشتا دوژمن زۆرە و ئەرکی هاوبەشیش زۆرتر.
ئەوەی مایەی سەرسوڕمانیشە بۆمان، ئەوەیە بڕیاردەر و نووسەری وەڵامەکە، باسی بایەخی پێشمەرگە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن. وا چاکە هەنگوین بۆ باڵەکایەتی نەبەن بیفرۆشن، چونکە باڵەکایەتی کانگای هەنگوینی رەسەنە!
راگەیاندنی
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
14-11-2015