بەپێی بانگەوازێکی کۆمیتەی بەڕێوەبردنی کەمپینی ناڕەزایی دژ بە 37 ساڵ جەنایەتی ڕژیمی ئیسلامی ئێران لەپاریس، ڕۆژی یەکشەممە 15ی نۆڤامبرو ڕۆژانی دووشەممەو سێشەممە کەمپینی ناڕەزایی دژ بە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەدەچێت. بڕیارە ئەم کەمپینە هاوکاتو بەبۆنەی سەفەری ڕۆحانی بۆ فەرانسە بەڕێوەبچێت.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پشتیوانیو داکۆکی لەم کەمپینە دەکاتو، لەم ماوەیەکدا کە کۆماری ئیسلامی پاش شکستی پرۆژە ناوەکییەکە لەهەوڵی ئەوەدایە لەبارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە بەقازانجی خۆی کەڵک وەربگرێت، بەشداریکردن لەم کەمپینە بە پێویست دەزانێت.
کۆماری ئیسلامیو ڕۆحانی بە فیگۆری بەسەرچووی ڕیفۆرمخوازییو کێشمەکێشی بەرەکانی ناوخۆیی ڕژیم، ناتواننو نابێت سێبەر بخەنە سەر ئەو خەباتو بزوتنەوەیەی کە سەرەڕای سەرکوتە خوێناوییەکان، تا ئێستاش بەرینو بەردەوامە.
با لەم کەمپینە ناڕەزاییەدا بەشداری بکەینو دژی بە تاوانەکانی ڕژیمو لەسێدارەدانەکان، دژی ڕەشبگیریو سەرکوتی نەتەوەکانو، دژی 37 ساڵ تاوانی ئەم ڕژیم دەنگی ناڕەزایی خۆمان زیاتر بەگوێی جیهان بگەیەنین.
سەرکەوتوو بێت خەباتی ناڕەزایی دژی ڕژیمی ئیسلامی
بروخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
19ی خەزەڵوەری 1394
10ی نۆڤامبری 2015