چەند ڕۆژێکە بەشێک لە دامودەزگا ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تەلەفزیۆن و سایت و ڕۆژنامە و هەندێک لە ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی هەرێمیش، باس لە نێوانگیری (وساگە) پارتیمان لەگەڵ گۆڕان دەکەن.
ئاگاداری هەموو جەماوەری خۆشەویستی کوردستان دەکەینەوە کە پارتیمان نە داوای نێوانگیری لە هیچ کەسایەتی و هیچ لایەنێکی سیاسی کردووە و نە بە پەسندیشی دەزانێ، لەبەرئەوەی هەڵوێستی پارتیمان ڕون و ئاشکرایە کە ڕووداوەکانی ئەم دواییە لەئاکامی ڕەفتاری ناشایستە و دژ بە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی و نیشتمانیمان و دور لە عورفی سیاسی، گۆڕان هاتنە کایەوە.
لە کاتێکدا کە پیشمەرگە قارەمانەکان بە پشتیوانی جەماوەری خۆراگری کوردستان لە شەرێکی سەخت و دژواردان بە درێژای زیاتر لە هەزار کیلومەتر بەرامبەر تیرۆریستانی داعش، هەروەها کۆمەڵێک قەیرانی سەپێندراو بەرۆکی خەڵکی خۆڕاگری کوردستانی گرتووە، ئەوان خەریکی چەواشەکاری و پیلانگێڕین و منداڵ و مێرمنداڵانی چەند دەڤەرێک ڕێکدەخەن وهانیان دەدەن کە سوکایەتی بە بارەگاکانمان بکەن و بیانسۆتنین و هەرەشە لە سەر سەروماڵی ئەندام و کادیرانمان بێت و شەهید بکرێن و چەند کەسێک ببنە قوربانی ئەو پیلانەیان، ئینجا بیانەوێ لە سەرتاسەری کوردستان ئاژاوە و پشێوی دروست بکەن و ناوبانگی هەرێم کوردستان ناشرین بکەن و نیگەرانی بۆ پێشمەرگە دلێرەکان و جەماوەری دڵسۆزی کوردستان دروست بکەن.
کۆی ئەم ڕەفتارو کردارانەی گۆڕان شایەنی ئەوەن سنوورێکیان بۆ دابندرێ تاچیتر سواری شەپۆلی هەندێ نارەزایەتی و مانگرتنی ڕەوای چین و توێژەکان نەبن و بەلارێیان دانەبەن و، لە لایەن سەرجەم چین وتوێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان ڕەفز بکرێنەوە و ڕووبەڕووی سزادانی یاسایی ببنەوە. بۆیە سەر لەبەری ئەو دەنگوباس و بڵاوکراوانەی باس لە نێوانگیری ناوخۆی یان دەرەکی دەکەن ڕەت دەکەینەوە.
راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی
پارتیی دیموکراتی کوردستان
26-10-2015
Cet article a été écrit en (کوردیی ناوەڕاست) langue, cliquez sur l'icône
pour ouvrir l'élément dans la langue originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Cet article a été lu fois 5,541
Donnez votre avis sur ce produit!