بەرپرسێکی وەزارەتی ئەوقاف بە ژمارە ئاشکرای دەکات، کە نزیکەی 500 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە رۆشتو
📊 ئامار و راپرسی
بەرپرسێکی وەزارەتی ئەوقاف بە ژمارە ئاشکرای دەکات، کە نزیکەی 500 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە رۆشتوونەتە ناو داعش و له و ژمارەیەش نزیکەی 265 کەسیان لێکوژراوە و 150ی دیکەش خۆیان تەسلیم کردووەتەوە.
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزیراتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خەندانی راگەیاند: "ژمارەی ئەو مسوڵمانانەی لە وڵاتی بەلجیکاوە چوونەتە ناو داعش زیاترە لە ژمارەی ئەو موسڵمانانەن کە لە هەرێمی کوردستانەوە رۆیشتونەتە ناو ئەو رێکخراوەوە".
ئاماژەی بەوەشدا، کەئێستا رێکخراوی تیرۆریستی داعش، هیچ هیوا و ئومێدێکی بە مسوڵمانانی کوردستان نەماوە و کار لەسەر مسوڵمانانی وڵاتانی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ئاسیا دەکات.
ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانەوە رۆیشتوون لە 500 کەس کەمترن و لەو ژمارەیەش تا ئەمڕۆ 265 کەسیان لێکوژراوە و نزیکەی 150 کەسیشیان گەڕاونەتەوە و تەسلیم بوونەتەوە بە دەزگا ئەمنییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە، وتیشی: "بەڵام لە بەلجیکاوە نزیکەی 510 کەس چوونەتە ناو داعش و تائێستا کەمتر لە 100 کەسیان لێکوژراوە".
ئه و بەڕێوەبەری وەزارەتی ئەوقاف، وتیشی: "زۆربەی ئەو مسوڵمانانەی بەلجیکا کە چوونەتە ناو داعش لە سوریان، بەڵام کوردەکانی هەرێم زۆربەی هەرە زۆریان لە عیراقدان".
سەبارەت بەوەی کە ئایا حکومەتی هەرێم هیچ هەماهەنگییەکی لەگەڵ چەکدارە کوردەکانی ناو داعش هەیە بۆ خۆتەسلیمکردنەوەیان، وتی: "نەخێر پلانی داڕێژراو لە حکومەتی هەرێم بۆ گەڕانەوەی ئەو گەنجانە نییە و ئەوان خۆیان رادەستی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دەکەن، بەڵام پێشتر کەسوکاری ئەو گەنجانەی کە لە سوریا چووبوونە ناو داعش دەهاتنە لای ئێمە و لای دەزگا ئەمنیەکانیش تا کارئاسانی گەڕاندنەوەی کوڕەکانیان بۆ بکەین".
هەروەک باسی لەوەش کرد، کە رۆیشتنی گەنجانی کورد لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ ناو داعش لە ئێستادا وەستاوە، وتیشی: "بەڵام لە ئەوروپاوە هێشتا لە بەرانبەر پارەدا مسوڵمانان دەڕۆنە ریزەکانی داعش، نیوەی ئەو مسوڵمانە ئەوروپیانەی لە بەلجیکاوە چوونەتە ناو داعش ئافرەتن".
هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە رۆیشتنی مسوڵمانانی ئەوروپا زیاتر بۆ گۆڕانکارییە لە ژیانی خۆیان، چونکە زۆربەی ئەو مسوڵمانانەی ئەوروپا کە دەڕۆنە ناو داعش خەڵکی شکستخواردوون لە ئەوروپا و ژیانیان کێشەی تێدایە.
- 18-10-2015