قەرەداغ یەکێکە لە شارۆچکەکانی سەربە پارێزگای #سلێمانی# و بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە، گرنگییەکی زۆری بۆ پارێزگاکە هەیە، بە تایبەت کە لە چەندین ڕووەوە سوودی زۆر بە سلێمانی و هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
$لەڕووی جوگرافیاوە$
شارۆچکەی قەرەداغ دەکەوێتە باشووری خۆراوای پارێزگای سلێمانی و نزیکەی (45) کیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگاکەوە دوورە، دەکەوێتە نێوان دوو زنجیرە چیا، یەکەمیان شاخی گڵەزەردە کە لە ناوچەی بازیان و تاسڵوجەوە دەست پێدەکات و لە نزیک شاخی بەمۆ کۆتایی پێدێت، زنجیرە چیای دووەمیش شاخی قۆپییەکانی قەرەداغە و کەوتووەتە ڕۆژاوای ناوچەی قەرەداغ، لە دوای بازیان دەست پێدەکات هەتا دەگاتە شاخی گوڵان لە ناوچەی #دەربەندیخان#، بۆیە ئەو زەوییانەی کەوتوونەتە نێوان ئەو دوو زنجیرە شاخە، شارۆچکەی قەرەداغیان پێکهێناوە.
$مێژووی قەرەداغ$
شارۆچکەی قەرەداغ، مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی (1663)ی زایینی، کە ماوەی فەرمانڕەواییی بابانییەکان دەکات و لەو کاتەدا موفتی و قازیی شەرعییان بۆ داناوە و هەر بە شارۆچکە ماوەتەوە، تا ساڵی (1925) کە ویلایەتی موسڵ و کوردستانی باشوور خرایە سەر ئێراق، قەرەداغ لە ڕووی ئیدارییەوە خرایە سەر پارێزگای سلێمانی، شارۆچکەی قەرەداغ بە فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (423 نهێنی) لە (06-03-2007) کراوە بە شارۆچکە و یەکەمجار ( عەزیز مینە سۆفی) قائیمقامی شارۆچکەکە بووە بەوەکالەت .
$ناوی قەرەداغ لە چییەوە هاتووە$
قەرەداغ لە دوو وشەی لێکدراو پێکدێت ( قەرە: واتە ڕەش) و ( داغ: واتە شاخ)، کە وشەیەکی تورکییە و بە مانای شاخی ڕەش دێت، بەڵام لە کۆندا ناوی (زەردی ئاوا) بووە، واتە زەردی بەگ ئاوەدانی کردووەتەوە، کە پیاوێکی مێژووی چەرخی میلادە و پیاوێکی لێهاتوو دادپەروەر بووە و تەمەنی (147) ساڵ بووە و (36) کوڕی هەبووە.
دواتر بەهۆی داگیرکاریی دەوڵەتی عوسمانی، شارۆچکەی قەرەداغ دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و ناوەکەی لە زەردی ئاواوە دەگۆڕێت بۆ قەرەداغ و تا ئێستاش هەر بەو ناوەوە ماوەتەوە.
$لە ڕووی کارگێڕییەوە$
شارۆچکەی قەرەداغ پێکدێت لە ناوەندی شارۆچکە و یەک شارەدێی لەسەرە ئەویش شارەدێی (سێوسێنان)ە، هەروەها (22) فەرمانگەی حکومیی تێدایە و ژمارەی گوندەکانی (84) گوندن، کە (63) گوندیان سەربە ناوەندی قەزاکەن و (21) گوندیشیان سەربە ئیدارەی شارەدێی سێوسێنانن، شارۆچکەی قەرەداغ سەربە پارێزگای سلێمانییە.
ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەی قەرەداغ (10937) کەسە، شارۆچکەی قەرەداغ لە کۆندا ڕێگای بازرگانیی نێوان بەغدا و ئێران بووە، لە ڕێگاکانی گڵەزەردە و سەرگرمەوە کە کاروانەکان بەوێدا تێدەپەڕین و خێڵەکان #گەرمیان# و کوێستانیان تێدا دەکرد و ئاڵوگۆڕی کاڵا و شتومەکەکانیان دەکرد، بۆیە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی تێدا نیشتەجێ بوو، بەڵام بەهۆی زۆر هۆکارەوە وەک نەخۆشیی و کۆچ بۆ شارەکان و زۆر هۆکاری تر، ژمارەی دانیشتووان کەمی کردووە، قەرەداغ شارۆچکەیەکی بچوک و جیهانێکی گەورە بووە لە پێکەوەژیانی ئایینە جیاجیاکان، دانیشتووانەکەی بریتی بوون لە (مسوڵمان و جوو و کەمێک کریستیان).
شارۆچکەی قەرەداغ لە ڕووی شۆڕش و قوربانیدانەوە پشکی شێری بەرکەوتووە، هەر بۆیە لەلایەن حکومەتی #بەعس#ەوە کراوەتە ئامانج و دیارترینیان کیمیابارانکردنی شارەدێی سێوسێنانە بە چەکی کیمیایی، کە بووە هۆی شەهیدکردنی نزیکەی (70) کەس لە دانیشتووانی شارەدێکە، هەروەها خاوەنی نزیکەی (60) ئەنفالکراوە لە تاوانی بەدناوی ئەنفالدا.
$لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە:$
قەرەداغ هەر لە کۆنەوە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە پەیوەندییەکی پتەوی هەبووە، جیاوازی نەکراوە لەنێوان هۆز و عەشرەت و نەتەوەکاندا، لە کۆندا موسڵمان و کریستیان و جوو لە قەرەداغدا پێکەوە ژیاون بە هاوبەشی و بەبێ درووستبوونی کیشە و ململانێ، لە ئێستاشدا (شێخ و جاف و گۆران) دانیشتووانی سنووری شارۆچکەکە و دەوروبەری پێکدەهێنن، کە پەیوەندییەکی پتەو باشی کۆمەڵایەتی لەنێوانیاندا هەیە و بۆ هەموو خۆشیی و ناخۆشییەک بەیەکەوە بەشداریی یەکتری دەکەن، بە بێ جیاوازیی ڕەنگ و تیرە و عەشیرەت، ئەوەش خۆشەویستیی کۆمەڵایەتیی بە ژن و ژنخوازیی زیاتر لێکیان نزیک دەکاتەوە.
$لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە:$
قەرەداغ لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە مێژوویەکی پرشنگداری هەیە و چەندین زانا و ڕۆشنبیر و ئەدیب و شاعیر و مێژوونووس و مامۆستای ئایینی گەورەی تێدا هەڵکەوتوون، هەندێکیان لە ژیاندا نەماون و هەندێکیشیان لە ئێستادا هەریەکە و بە پێی پسپۆڕیی خۆی لە بوارە جیاجیاکاندا خزمەت دەکەن.
لەلایەکی ترەوە زۆر هونەرمەندی ناوداریان تێدا درووستبووە، لە بوارەکانی شانۆ و میوزیک و گۆرانی و پەیکەرتاشی و شێوەکاریی، کە لەپاڵ هونەرمەندانی تردا ڕۆڵی زۆر کاریگەریان هەبووە بۆ ڕۆشنبیرکردنی کۆمەڵگە.
کردنەوەی یەکەم قوتابخانە لە قەرەداغدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی (1918-1920)، دوای ڕاپەڕینی ساڵی (1991)یش چەندین خوێندنگە لە قەراغدا کراونەتەوە، هەر بۆیە کاروانی ڕۆشنبیریی و زانست لە قەراغدا بەردەوام بووە.
لە ئێستادا لە شارۆچکەی قەرەداغ (30) قوتابخانەی بنەڕەتی و (4) قوتابخانەی ئامادەیی و (2) باخچەی ساوایان بوونی هەیە و ژمارەی خوێندکاران نزیکەی (2000) خوێندکارن، یەکەم زانکۆش ( زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی) بوو کە لە قەرەداغ ساڵی (2008) درووستکرا لەلایەن (دکتۆر عەلی قەرەداغی)، کە چەند بەشێکی وەک ( زمان، یاسا، کۆمپیتەر، کارگێڕیی و ئابووری)ی لەخۆ گرتبوو.
$لە ڕووی سامانی سرووشتیی و کشتوکاڵەوە:$
شارۆچکەی قەرەداغ خاوەنی بڕێکی زۆر نەوتی خاوە، کە ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا جیاجیاکان کاریان تێدا کردووە، بە مەبەستی کاری پشکنین و هەڵکەندنی بیری نەوت و چەند بیرێکیش هەڵکەنراون، بەڵام تا ئێستادا کاری دەرهێنانیان تێدا نەکراوە، لە ئێستادا کۆمپانیای گەنەڵ ئێنرجی کاری تێدا دەکات، هەروەها قەرەداغ بەسامانی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی دەوڵەمەندە.
کشتوکاڵ یەکێکی ترە لەو داهاتانەی خەڵکی سنووری قەرەداغ پشتی پێدەبەستن، کە ساڵانە سەدان تۆن لە بەروبوومی دانەوێڵەی وەک گەنم و جۆ و نۆک و نیسک و برنج و میوە و سەوزەی وەک تەماتە و باینجان و بامییە و کولەکە و شتی تر دەخەنە بازاڕەوە، لەلایەکی ترەوە باخداریی کارێکی ترە لە پیشەی زۆرێک لە خەڵکی سنوورەکە، بەشێوەیەکی جوان بەرهەمەکانی وەک هەڵوژە و ترێ و هەنجیر و هەنار و چوالە و زۆر بەرهەمی تر دەخەنە بازاڕەوە.
بەهۆی هەبوونی لەوەڕگا و ئەشکەوت و سەرچاوە ئاوییەکان، سنووری شارۆچکەکە هەڵکەوتەیەکی گونجاوە بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ بەتایبەت مەڕ و مانگا و بزن.
$لە ڕووی شوێنەوارییەوە:$
شارۆچکەی قەرەداغ لە ڕووی شوێنەوارەوە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە و نزیکەی (22) شوێنەواری تێدایە، دیارترینیان ( قەڵای باوەکرۆ، پەیکەری نەرامسین، خاڵی پەیکۆڵی، قەڵای مەسووران، قەڵای نەوتی، کونە گاورەکان، شورای نەرمی دۆڵ، قەڵای ڕەزیان)، کە هەندێکیان وەک بابەتی مێژوویی لە قۆناغەکانی خوێندندا دەخوێنرێن و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار و لایەنی تایبەتمەند بە ناوچە شوێنەوارییەکان سەردانیان دەکەن.
$لە ڕووی گەشتیارییەوە:$
ئەگەر سەیری هەموو ناوچەکانی کوردستان بکەین، بێگومان زۆر شوێنی گەشتیاری هەن، کە جێگای تێڕامان و سەرسووڕمانن لەڕووی سرووشت و جوانییەوە، ئاو و هەوای کوردستان زۆر جیاوازترە لە ناوچەکانی تری ناوەڕاست و باشووری ئێراق، چونکە دەکەوێتە هەرێمی ئاو و هەوای دەریای ناوەڕاستەوە، کە زۆرترین بەفر و بارانی لێدەبارێ، هەندێک جاریش بایەکی فێنک دەیگرێتەوە، بەتایبەت لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا، بەراورد بەناوچەکانی تر.
سنووری شارۆچکەی قەرەداغ یەکێکە لەو شوێنە پڕ گەشتوگوزاریانەی هەرێمی کوردستان لە سنووری سلێمانیدا، بۆیە هەر لە سەرەتای وەرزی بەهاردا، هاووڵاتییان پۆل پۆل بۆ گەشت و سەیران ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری شارۆچکەکە دەکەن، ئەوەش بەهۆی جوانیی سرووشت و گونجاویی شوێنە گەشتیارییەکان و نزیکیی لە ناوەندی پارێزگای سلێمانییەوە.
لەلایەکی ترەوە بەهۆی شوێنە گەشتیارییەکان و جوانیی دیمەنی چیاکان و ئاژەڵە کێوییەکان، ساڵانە گەشتیارێکی زۆری ناوەڕاست و باشووری ئێراق سەردانی ئەو سنوورە دەکەن، ئەوەش هەلیکار بۆ زۆرێک لە گەنجان لە ناوەندەکانی گەشتیاریی دەڕەخسێنێت و دەبێتە بوژانەوەش بۆ بازاڕی قەزاکە.[1]