سەرۆک کۆماری عیراق لەسەر خۆپیشاندانەکەی قەڵادزێ پەیامێک بڵاودەکاتەوە
کۆمەڵانی خەڵکی ئەمەکداری کوردستان
حکومەت و پارتە سیاسییە بەرێزەکانی کوردستان
رووداوەکەی دوێنێ ئێوارەی
قەڵادزێقەڵادزێ، زەنگێکی ترسناکە، بێگومان دەستور و یاسا، رێگا و دەرفەتی بۆ خۆپیشاندانێکی ئارام و هێمن فەراهەم کردووە، بەڵام بە مەرجێک شێوە و ئاراستەی توندوتیژی بەخۆیەوە نەبینێت، چونکە پەلاماری دەزگاکانی حکومەت و موڵکی گشتی و بارەگاکانی حزبە سیاسییەکان دیاردەیەکی ناشارستانیانەیە، لە هەمان کاتیشدا ئەرکی حکومەت و دەزگا پەیوەنددارەکانە ئاسایشی وڵات و ژیانی هاوڵاتیان، بە تایبەتیش لە شارەکاندا، بپارێزن.
لەکاتێکدا ئەمڕۆ لە کوردستان دوو قەیرانی بەرچاو هەیە، قەیرانێکی سیاسی یاسایی کە پەیوەستە بە سەرۆکایەتی هەرێم، هەروەک قەیرانێکی دیکەی ئابووری دژوار هەیە کە بەرۆکی حکومەت و خەڵکی گرتووەتەوە، لە هەمان کاتیشدا مەترسییەکانی
داعشداعش هەڕەشەیەکی راستەخۆی لەسەر عیراق و هەرێمی کوردستان دروستکردووە، بۆیە لەم کاتە هەستیارە و بە ئامانجی پاراستنی زیاتری ئارامی هەرێمی کوردستان، دەبێ کۆششەکان بخرێنەگەڕ و هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ چارەسەری هەردوو قەیرانەکە لە لایەک و رووبەڕووبوونەوەی داعش لە لایەکی ترەوە.
هەرێمی کوردستان کە لە سەدەی بیستەوە هەموو هەوڵ و خەباتی بۆ کراوە و قوربانی گەورەی بۆ دراوە، نابێت ئەمڕۆ ببێتە جێی ناکۆکی سیاسی و یەکلاکردنەوەی ململانێکان. هیوادارم، دڵنیاشم کە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لە ئاست بەرپرسیاریەتی مێژووی خۆیاندا دەبن. ئومێدەوارم رووداوە دڵتەزێنەکەی قەڵادزێ کاریگەری تەواوی خۆی لەسەر دانوستانی لایەنە سیاسییەکان بنوێنێ بۆ دەربازبوون لەم قەیرانانە.
لە کۆتاییدا داوا لە خوای گەورە دەکەین ئارامی و دانبەخۆداگرتن بە کوسوکاری قوربانیانی قەڵادزێ ببەخشێت و ئومێدی زوو چاکبوونەوەش بۆ برایندارەکان دەخوازم.
فوئاد مەعسوم
سەرۆک کۆماری عیراق
10-10-2015