لێدوانێک لە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانەوە
📝 بەڵگەنامەکان
دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نەسرین ئەسعەد ئیبراهیم، ناسراو بە "ئوم سەیاف" کە پێشتر لە سووریا دەستگیرکرابوو، لەلایەن ئەمریکییەکان رادەستی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان رادەستکردنەوەی ناوبراو بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەگرنگ دەزانێت، بەتایبەتی کە ئوم سەیاف رۆلێکی سەرەکی هەبووە لە بەکۆیلەکردن و کڕین و فرۆشتنی ژنان و کچانی ئێزیدی، لەکاتی دەستگیرکردنیشیدا کچێکی بەکۆیلەکراوی ئێزیدی لە ماڵەکەیدا دۆزراوتەوە.
هیوادارین و دڵنیاشین وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەم تیرۆریستەدا دەکات، بەتایبەتی لە دۆسیەی بەکۆیلەکردن و کڕین و فرۆشتنی ژنان و کچانی ئێزیدی و زانیاری گرنگ بە دەست دێت بۆ دووبارە نوێکردنەوەی بەرنامەکانی تایبەت بە رزگارکردن و مامڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسییە و هەوڵەکانی رزگارکردنی ئەوانەی تا ئێستا لەدەستی تیرۆریستانی داعشدا ماون.
پێشتر خاتوو برنادیت میهان، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە هاوسەرەکەی "ئەبو سەیاف"،رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە چالاکییەکانی داعش، بەتایبەتی دۆسیەی بەکۆیلەکردنی ژنا ن و کچانی ئێزیدی.
شایانی باسە هێزەکانی ئەمریکا، لە 15ی ئایاری رابردوو، لە یەکەمین پرۆسەی سەربازی کە لەسەر زەوی دژ بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەنجامی بدات، ئوم سەیافیان لە سوریا دەستگیرکرد.
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان
هەینی 07-08-2015