جەلال کەریم (ئەبو شوارب)
جەلال کەریم لە ساڵی 1935 هاتووەتە دونیاوەو،
لە تافی لاویدا چووەتە ناو کۆری خەبات و تیکۆشانی چینایەتی و هەر زوو پەیوندی بە ریزەکانی حزبی شیوعی عێراق کردووەو رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە داکۆکی و پشتگیری کرێکاران و بێوچان تێکۆشاوە بۆ سەندنی مافی خوێ و سەرجەم کرێکاران و، هەردەم بێ ترس هەڵساوە بە دژایەتیکردنی ئاغاو دەرەبەگ و کۆنەپەرەستان، هەر بۆیە بەدەیان کەرەت لە کارکردن قاو دراوەو تووشی دەربەدەری وبرسێتی و، دووچاری راونان و گرتن و تێهەڵدان وئەشکەنجە بووەتەوەو، قەت کۆڵی نەداوەو، هەمیشە رۆڵێکی دیارو مەزنی لە پێناو بیروباوەرو گەل و حزب و شیوعییەت هەبووەو، ئازایانە بەرگری کردووە.
شۆرشی (14 ی تەمموزی 1958) و حکومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم رۆژ لە دووای رۆژ بەرەو نشووستی هەنگاوی ئەناو، دوور ئەکەوتەوە لە دروشمەکانی شۆرش و خزمەتکردنی خەڵک و، نزیک ئەبووە لە دوژمنانی گەل ونیشتمان، ئەمە لە لایەک لە لایەکی تریشەوە دەستێوەردانی شای ئێران و دەزگای سیخوری ساواک وجموجولی کۆنەپەرستان بوونە هوێ سەرەکی بۆ لێدانی شیوعییەکان و، بەو هۆیەشەوە چەندین جار جەلال کەریم راپێچی بەندیخانە کراو هەموو جارێکیش سەربەرزانە رزگاری ئەبوو.
رێکخراوەکانی عەرەبە نەتەوەپەرستەکان وحزبی بەعسی عەرەبی رۆژانە لە حکومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم نزیک ئەبوونەوە و، عەبدولکریم قاسمیش کەوتە گرتن و لێدانی شیوعییەکان، لە ئەنجامی ئەم رەفتارە گێرو ئیفلیجەی حکومەت، بەعسییەکان لە رۆژی 07-10-1959 لە رأس القریە لە شەقامی ئەلرەشید بۆسەیەکی توکمەی دارێژراویان بۆ عەبدولکەریم نایەوەو، لەکاتی هاتنی ئۆتۆمبێلەکەی دەستکرا بە تەقەو شۆڤێرو پاسەوانەکەی کوژران و عەبدوالکەریم (11) گوللەی بەرکەوت و نەمردو کابرایەکی بەعسی بە ناو عەبدولوەهاب ئەلغرێری کوژراو ئیتر ئەو شوێنە ناو ئەم کابرایە هەڵگرت و، ئێستا بەو شوێنە ئەڵێن: گۆرەپانی عەبدولوەهاب ئەلغرێری.
لە هەموو لایەک دەستکرا بە گرتنی شیوعییەکان چونکە دوژمنانی شیوعییەت وا جاریاندا بوو کە شیوعییەکان نیازی ئەوەیان هەیە دەسەڵاتی وڵات بگرنە دەست و، هاوری جەلال کەریمیش پێوە بوو، پاش ئازارو ئەشکەنجە و لە کار دەرکردن، ئەهاتەوەو لە پاش هەوڵدانێکی زۆر ئەگەرایەوە سەر کارەکەی.
لە ساڵی 1960 هاورێ جەلال ژنی هێناو لە گەڵ خاتۆ پەخشان غەفور صالح خێزانیان پێکەوە نا بۆ ئەوەی ئەم جارەیان بە دوو قۆڵی تووشی ئازارو مەینەتی ژیان ببنەوە، چونکە بە هوێ بارودۆخی سیاسی و چالاکی نواندنی بێپجران جەلال ئەگیراو، بەخشانی خێزانی دووچاری راونان و خۆ شاردنەوە ئەبوو، ژیانێکی کولەمەرگی پر لە ترس بەسەر ئەبردو، لە کاتی پیلانە شوومەکەی حزبی بەعسی عەرەبی خوێنرێژ لە 08-02-1963 و بەیانه ناپاکەکەی بە کرێگیراو (رشید مصلح- الحاکم العسکری العام) دادوەری گشتی سوپا، بەیانێک بۆ لە ناوبردنی شیوعییەکان دەرچوو، هاورێ جەلال لە گەڵ کۆمەڵێک شیوعی روویان کردە شاخ.
جەلال ئەبو شوارب و ئەو شیوعییانەی لە گرتن و چنگی حزبی بەعس و رژێمە خوێنرێژەکەی رزگاریان بوو، روویان کردە شاخ تووشی گرتن و ئازاردان و تێهەڵدان بوون ئەمجارەیان له سەر دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان تاقمی مەکتەبی سیاسی کە بارەگایان لە نزیک دێی مالومە بوو، لەویش کورە ""ئازاکان"" کەوتنە لێدان وسووکایەتی پێیکردنیان، پاشان بریاردرا دیلە شیوعییەکان لە دەوروبەری دێی مالومە رەوانەی دێی ئاشی بارام لە نزیک شاخی سورەبان بکرێن و، بە مەرجێک نابێت هیچ کەس بە درێژایی رێگا نانیان بداتێ وبا برسیان بێت، بەو کارە چەپەڵە نا مرۆڤانەو ئەو بیرە دوواکەوتووە ویستیان چاوترسینیان بکەن و، بەڵکو هەندێکیان وازبێنن، بەڵام پرۆژەو نەخشەکەیان لە لایەن شیوعییەکانەوە پوچەڵ کرانەوەو سەریان نەگرت...
دیلە شیوعییەکان شێرانە بەرنگاری قسەی ناشیرین و توانج و هەرەشە کردن ئەوەستان و، قورەکاری و دارهێنان و کار پێکردنی بێبنەمای رۆژانە چۆکی پێدانەدان تا ئەو رۆژەی سەرکردایەتی حزب لە گەڵ مەلا مستەفا بارزانی رێکەوتن وشیوعییەکان ئازاد کران..
هاوری جەلال لە گەڵ کردنەوەی بارەگاکانی حزب لە: بەمۆ، وڵەسمت، کلکەسماق، ئاوەگردو شوێنەکانی تر یەکسەر بوو بە پێشمەرگەی حزب لە ئاوەگردو، کتووپر لە گەڵ هاورێکانی دەستیان کرد بە چالاکی و لێدانی مۆڵگاکانی دوژمن و لە یەکێک لەو چالاکیانە هاورێیەکی قارەمانی جەلال و حزب (هاورێ قاسم) لە رواندوز شەهید ئەبێت و، گوروتینێکی باشتر بە پێشمەرگەکان ئەبەخشێت.
لە 18 نۆڤەمبەر (تشرینی دووەم) 1963 عەبدولسەلام عارف سەرۆک کۆماری عێراق هەڵسا بە کۆدەتاو سەرکەوت و حزبی بەعسی عەرەبی دەسەڵاتداری راماڵی و بۆ چەند رۆژێک سەرکردەکانی گرت وپاشان ئازادیانی کردو، ئەم (حکومەته) نوێیە بەیانی لێخۆشبوونی گشتی (العفو العام) ی راگەیاندو، بەو پێیە هەموو کەس بۆێ هەیە بگەرێتەوە سەر کارو جێی خوێ.
هاورێ جەڵال رۆڵەی هەڵکەوتوو نیشتمانپەروەرو ئەستێرەیەکی گەش و پرشنگداری ئاسمانی کوردستان و، شاسوارێکی شایستەو لێوەشاوەی کاروانی کۆڵنەدان و بەرخودان ئازایانە گەرایەوە ناو رێکخراوەکانی حزب و کۆری تێکۆشان و، دیسانەوە وەک زەحمەتکێشێکی قارەمان و خاوەن هەڵوێست بریاریداو چاکی مەردایەتی کرد بەلاداو قۆڵی خەبات و پیاوەتی لێهەڵماڵی و لە پێناو بیروباوەردا تاویدایه خەباتێکی شێلگیرانەو خوێ بۆ حزب تەرخان کردو جارێکی تریش لەو رێکا پیرۆزەی گیراو، بوو بە داوەوە.
لە میانەی گورجوگۆڵی و گوێنەدان بە خۆشییەکانی ژیان چالاکانە ئەرکەکانی رائەپەراندو چەند کەرەت کەوتە ناو بۆسەی پارتی و تووشی ئازارو ئەشکەنجە ئەبوو، کەرەتێکیان لە گەڵ کەسایەتی رووخۆش و ناسراوو کادیری دەرەوشاوەی شیوعی دوکتور فارس رەحیم کەوتنە بۆسەو گیران و رەوانەی بەندیخانەکانی پارتی کران لە گرژەو سوسێ و، پاش گفتوگوێ حزبی شیوعی عێراق لە گەڵ بەرپرسانی بارتی بەرەڵا کران و، هەر لەسەر ئەو چالاکیانە پێنج جارێتر لە دەڤەری رانیە گیراوەو
لە لایەن خودی عەلی شەعبان بەرپرسی پارتی ئازاروئەشکەنجە دراوە.
لەسەر بریاری حزب ماڵیان چووە بەغدای پایتەخت و خوێ خیزانە تێکۆشەرەکەی هاوری پەخشان لەو کارە سەختەدا بەرەو رووی ناخۆشی و دژواری وچەرمەسەری بوونەتەوەو، هەمیشە هەوڵیانداوه متمانە و نهێنی ئەم ئەرکە نوێیەدا بپارێزن وماڵەکەیان بوو بە جێی هاورێیانی سەرکردایەتی حزب و، یەکەمین ماڵ لە گەرەکی (ئەلمەسبەح) بوو کە خۆشترین وناودارترین گەرەکی بەغدایەو، ئەم هاورێیانە هاتووچۆیان ئەکرد یان لەوێ ئەمانەوە: کەریم ئەحمەد، بهاء الدین نوری، عایدە یاسین و هەندی هاورێ تر و، ماڵ گوێزرایەوە بۆ ناوچەی (ئەلوەشاش) هاورێ محەمەد طاهر بادینی و کۆمەڵێک هاورێ عەرەب لەوێ بوون و، جاریکی تر ماڵ گوێزرایەوە بۆ گەرەکی دەوڵەمەندەکان (ئەلمەنصور) و هاوریان عایدە یاسین ومحمد طاهر بادینی لەوێ بوون و، لە کۆتاییدا چوونە گەرکی (اسکان غەربی بەغداد) و، ماڵەکە سەرەرای بوونی هاورێیان بوو بە جێی دابەش کردنی بەیان و بەڵگەنامەوراگەیاندراوەکان.
ئەو ئەرکە بە هاورێ جەلال و هاوسەرەکەی راسپێرا ئەرکێکی نیشتمانی و حزبایەتی پیرۆز بوو، لەوانەش بووهەموو کات مرۆڤ دووچاری چەرمەسەری و دەربەدەریی وگرتن وبەندیخانە بکات و، کورد واتەنی گرتن و بەندیخانەو ئازارو ئەشکەنجە قورقوراگەو بەرۆکیانی گرتبوو، بەڵام ئەمان بە باوەری قایم و پۆڵایین سەلماندیان دەستپاک وبێگەردو خۆراگرن.
جارێکی تر هاورێ جەلال گەرایەوە بۆ دەربەندیخان و بۆ سەر کارەکەی و هەر زوو پەیوەندی بە رێکخراوی شارو کۆمیتەی جوتیاران کردو، دیسانەوە رێگای سەختی خەبات و تێکۆشانی گرتەبەرو، بوو بە پاڵپشتێکی نموونەیی بۆ تێکرای هاورێیان و حزب و، من و جەلال جاروبار لە ناو بازاردا پیاسەمان ئەکردو، دوژمنەکانی شیوعییەت خەڵکیان ئەترساندو ئەیانوت کەس لەو دووانە نزیک نەبێتەوەو، ئەوەی دەسبخاتە ناو دەسیان بێ یەک و دوو حکومەت ئەیگرێ، ئەوانە (خەتەرن) شیوعین!.
جارێکیان هاورێیەک هەواڵی هێناو وتی: فڵانی نانەوا هیرش ئەکاتە سەر حزب، من و هاورێیان جەلال و عەلی ئەحمەد خورشید (عەلی دەعبا) ئەمانزانی هاورێی هەواڵهێنەر ترسنۆکەو، چونکە بریاری رێکخراوەکەمان ئەوە بوو هەرکەس هێرش یان جنێو بە حزب بدات، ئەبێ یەکسەر وەڵام بدەێنەوەو، لێرەدا هاورێ جەلال پێشنیاری کرد کە خوێ و هاورێیەکی تر ئەتوانن ئەو کابرایە تەمێ بکەن و، پێشنیارەکە لە جێی خوێدا بوو، شەفەق، دەمەو بەیانی رۆژی داهاتوو نانەواکه ئەیویست دەرابەی نانەواخانەکە هەڵداتەوە، هاوری جەلال مەچەکی ئەگرێت و لەوێ دووری ئەخاتەوەو بە دوو قؤڵی ئەکەونە لێدانی وپاشان خۆیان ئاشکرا ئەکەن و، جەلال ئەڵێـت ئەگەر پیاویت برۆ بە ئەمن و پۆلیس بڵێ، کابراش بەڵێن ئەدات قەت بە خراپه ناوی شیوعییەکان نەهێنێت.
هاورێ جەلال تاڵی و سوێری ژیانی چیشتبوو، پێشمەرگە، شۆرشگێر، زەحمەتکێش، پیاوێکی مەرد، قارەمان، نموونەی متمانەو باوەرو ئازایەتی، لە هەر کۆێ مەیدانی سەخت و دژواری تێکۆشان بووە، ابو شوارب سەیرکەر نەبووەو، بە هەڵوێستێکی جوامێرانە خۆی تێوەرداوەو، هەردەم چاونەترس و بوێرانە کارەکانی راپەراندوەو، رۆڵی کاریگەری هەبووەو، هەر بۆیە مایەی شانازی بوو بۆ گەل و حزب و هاورێیانی.
کاتیک خدر شەوکەتی بەعسی قایمقامی دەربەندیخان بوو چەند جار گیراوەو ئازارو ئەشکەنجە دراوەو، کە لە دەربەندیخان هەڵات چووە بەغداو لە مانگی شوباط 1978 گیراو، لە پاش 11 مانگ لێدان وئازاردان و ئەشکەنجەدانی جۆراوجۆری رژێمە خوێنمژەکەی حزبی بەعسی عەرەبی و دکتاتور سەدام حسین لە سەر تەرزی مۆدێرنی نۆی، هاورێ جەلال پاش ئەوەی هەموو گیانی تێکشکاو تووشی شەلەل و ئیفلیجی کرا لە زیندان دەریان کرد.
ئەم خێزانە سەربەرزە کوری یەکەمیان، کورە گەورەکەیان (هاورێ) پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو لە رۆژی 05-12-1981 لە لایەن رژێمی حزبی بەعسی عەرەبی شەهید کرا.
هاورێ جەلال، ئەو ئەستێرە گەشە لە رۆژی 01-07-1999 کوژایەوەو هاوسەرە خۆراگرەکەی پەخشان غفور صالح و ئەم پۆلە لاوانەی: هاودەنگ، رێبوار، هەورین، هاوکار، دلێر، ئاوات و بەختیاری بەجێهێشت و ماڵئاوایی لێکردین..