سلێمانی: 75% کارگەکانی کەرەستەی بیناسازی پابەندن بە رێنماییەکانەوە
📊 ئامار و راپرسی
خەندان دەروون رەشید
بەپێی راپۆرتێکی لیژنەی بەدواداچونی کارگەکانی بەرهەمهێنانی کەرەستەی بیناسازی قایمقامیەتی سلێمانی، زۆربەی کارگەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی پابەندن به و مەرج و رێنماییانەی کە بۆیان دەستنیشان کراوە، هەروەها ئه و کەرەستە بیناسازیانەشی کە بەرهەم دەهێنرێت لە رووی کوالێتییەوە لە ئاستێکی بەرزدایە.
لە راگەیەندراوێکی قایمقامیەتی سلێمانی کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە و تیایدا رەئوف محەمەد، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی کارگەکانی بەرهەمهێنانی کەرەستەی بیناسازی لە لیژنەهاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە رێککەوتی دەستبەکاربوونی لیژنەکەیانەوە، هەزارو 169 سەردانیان بۆ 384 کارگە ئەنجامداوە و رێنمایی پێویستیان پێداوان بۆ ئەوەی باشترین جۆری کەرەستەی بیناسازی بە کوالێتیەکی بەرز لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەرهەم بهێنن.
ئاماژەی بەوەشکرد: "لەسەرەتای دروستبەکاربوونی لیژنەکەیانەوە تا ئێستا بەشێکی کەم لە کارگەکان پابەندنەبوون بە مەرجەکانەوە، ئەوانیش 96 کارگەن کە دەکاتە رێژەی %25، له و رێژەیەش پسوڵەی سەرپێچی بۆ 51 کارگەیان کراوە".
رەئووف محەمەد وتیشی: "پاش خستنەگەڕی هەوڵەکانیان و پێدانی زانیاری، %75 کارگەکان پابەندن بە رێنماییەکانەوە کە دەکاتە 288 شوێن، ئه و مەوادانەشی کە بەرهەمی دەهێنن کوالێتییەکەی لە ئاستێکی باشدایە".
سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی کارگەکانی بەرهەمهێنانی کەرەستەی بیناسازی لە لیژنەهاوبەشەکانی قایمقامیەتی باسی لەوەشکرد: "مەبەست لە سەردان و بەدواداچوونەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی جۆر و کوالێتی ئه و مەوادانەیە کە لە کارگەکانی کەرەستەی بیناسازیدا بەرهەم دەهێندرێن، هەر کارگەیەکیش گومان لە جۆر و کوالێتییەکەی بکرێت، بەرهەمەکەی رەوانەی تاقیگەی بیناسازی دەکرێت و پاش دەرچوونی ئەنجامکەی رێنمایی پێویستیان پێدەرێت".
رەئوف محەمەد ئەوەشی خستەروو: "بەهۆی ئه و قەیرانی داراییەی کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە کاریگەری زۆری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی کارگەکان دروست کردووە و هەندێک لە کارگەکان کارکردن تیایاندا راوەستاوە".
جێی ئاماژەیە بەرێوەبەرایەتی پیشەسازی سلێمانی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین 936 کارگەی بەرهەمهێنانی کەرەستەی بیناسازی بوونیان هەیە".
- 16-06-2015