چۆن تاکەکانی نەتەوەیەک والێبکەین کە شانازی بە کوردیپێدیاوە بکەن؟
1. دروستکردنی هەژمار دەبێت وەک SlidShare.net یان calameo.com وابێت واتە بەکارهێنەر خۆی وشەی نهێنی دابنێت و بتوانێت بیگۆڕێت.
2. سڕینەوەی هەژمار هەڕەشەیە لەبەکارهێنەر. نابێت هەژماری هیچ بەکارهێنەرێک دوای دومانگ بسڕرێتەوە ئەگەر هیچ چالاکیەکی نەبوو بەڵکو دەبێت بۆ هەمیشە ئەو هەژمارە بمێنێتەوە چونکە نابێت بەکارهێنەر بێزار بکرێت لەبەرئەوەی دروستکردنەوەی هەژمار دەبێتە هۆی بێزاربون و ماندوبون و توڕەبونی بەکارهێنەر، وا باشترە هەژمارەکەی هەمیشە بەزیندوی بمێنێتەوە و هەژماری هیچ کەسێک نەسڕرێتەوە و کەسیش سزانەدرێت لەبەر ناچالاکیەکەی.
3. ماڵپەڕە کە دەبێت بکرێت بە شوێنێک بۆ ئاسودەی دەرونی بەکارهێنەر. چۆن؟ پێویستە کاتێک کە بەکارهێنەر بۆ بوارێک دەگەڕێت، ئەنجامی دەست بکەوێت و نائومێد نەبێت لە گەڕانەکەی وە لەڕوی پیشەیەوە، بەکارهێنەر هەست بە بون و گرنگی ئیشەکەی خۆی بکات. بۆ نمونە: کاتێک ئەندازیارێک لە پۆلی بابەتەکانی ویکپیدیادا دەگەڕێت بۆ پۆلی ئەندازیاری، هیچ ئەنجامێکی دەست ناکەوێت بەمەش ئەو ئەندازیارە دوچاری داڕوخانی دەرونی دەبێتەوە و هیچ هیوایەکی بە کوردیپێدیا نامێنێت وە هەرگیز شانازی بە کوردیپێدیاوە ناکات چونکە لەنێو پۆلەکاندا، پۆلی ئەندازیاری جیانەکراوەتەوە. زۆر پێویستە ڕێز و شکۆی هەمو پیشەیەک ڕەچاو بکرێت.
4. دەبێت هەمو کەس بتوانێت بەبێ هیچ گرفتێک بابەت و بەرهەم و فایلەکانی بار بکات بۆسەر ماڵپەڕەکە، جا هەر جۆرە فایلێک بێت وە ک: pdf یان doc یا فایلی دەنگی.... هتد، وە بەهیچ جۆرێک پێویست نەکات لەلایەن بەڕێوبەری ماڵپەڕەوە بابەتەکان ئەپروڤ بکرێن، چونکە ئەپروڤ کردن کاتی پێویستە و دەبێت بەکارهێنەر چاوەڕوانی بەڕێوبەر بێت تا بابەتەکەی بۆ ئەپروڤ بکات. دوبارە ئەمەش دەبێتە هۆی توڕەکردنی بەکارهێنەر چونکە چاوەڕوانی درختێک نیە لە باخی هەمو بەکارهێنەرێکدا بپشکوێت.
5. دەبێت ماڵپەڕ، بە گوێرەی حەز و ویست و خولیای بەکارهێنەر بێت نەک بە ویست و خواستی بەڕێوبەری ماڵپەڕەکە، چونکە هەر وەک وتویانە: بۆ ڕاوەماسی دەبێت کرم ببەیت نەک کێک و کرێم. چونکە ماسی کێک و کرێم ناخوات.
6. پێویستە ماڵپەڕەکە کە ماڵێک بێت بۆ هەمو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی کۆمەڵگا.
7. هەر پەڕتوکێک باربکرێتە سەر کوردیپێدیا، چاپەکانی داهاتوی بتوانرێت باربکرێتە سەر هەمان بەستەر واتە (بارکردنەوە Reupload) هەبێت بۆ بارکردنی چاپی تازەی پەڕتوکەکە.
8. بارکردنی پەڕتوک زۆر زۆر ئاڵۆزە لەسەر کوردیپێدیا. فۆڕمی بارکردنی پەڕتوک ئێجگار ئاڵۆزە. تکادەکەم بنیاتی فۆڕمەکە بگۆڕن. ئا ئەو هەمو زانیاریە هیچ پێویست ناکات بۆ تۆمارکردنی کتێب داوا بکرێت. تەنها ناوی پەڕتوکەکە و ناوی نوسەرەکە گرنگە. زانیارێکانی تر هەموی لە پەڕتوکەکەدا نوسراوە. هیچ پێویست ناکات لەکاتی بارکردندا ئەو هەمو زانیاریە پڕ بکرێتەوە. چونکە کاتێک ئێجگار زۆری دەوێت. بڕوام پێبکە چەند پەڕتوکێکی ئێجگار نایابم لایە. بەڵام ناوێرم باریشن بکەم. پێشنیار دەکەم تەنها ئەم سێ شتە هەبێت بۆ بارکردنی پەڕتوک، ناوی نوسەر و ناونیشانی پەڕتوک وە ئایکۆنی بۆ بارکردنی پەڕتوک.
9. وە کاک هاوڕێ باخەوانی هێژا، چونە ژورەوە و چونە دەرەوە لە کوردیپێدیا هەر وەک slideShare.net بێت. لە کوردی پێدیا دا پێت ناڵێت لە ژورەوەیت یان لە دەرەوەیت.
لەبەرئەوەی کوردیپێدیا ڕۆژلەدوایڕۆژ گەشەدەکات و پەل دەهاوێت، بە ئەرکی سەرشانی خۆمم زانی کە ئەم. پێشنیارانە بخەمە خزمەتی ماڵە پڕزانستەکەمان. لە کۆتایدا پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت: نانکەرت نەبێت بەڵام تەگبیرکارت بمێنێت. ئەمە پێشنیارانە بۆ باشترکردنی ماڵەکەمانە. جارێک، باوکێک بە کوڕەکەی دەڵێت: کوڕم، ئەقڵی خەڵکی بۆ خۆت بدزە. کوڕەکەشی دەڵێت: باشە، باوکە، من چۆن عەقڵی خەڵکی بۆ خۆم بدزم؟! باوکی دەڵێت: کوڕم، لە کاروبارەکانتدا، ڕاوێژ بە خەڵکی بکە.
کاک هاوڕێ گیان، هیچ پێویست بە ترس ناکات. دەبێت لە کورترین ماوەدا ئەم کارانە بکرێت. هەنگاوی هێواش لەپێناوی چیدا؟ ئەگەر وابێت، وەک کەروێشکەکەمان لێدێت کە لە نیوەی ڕێگەکەدا دەخەوت، هەتا لە کۆتایدا کیسەڵەکە پێشبڕکێکەی لێبردەوە.
هەرشاد بیت
ڕەوەز جەلال ئەمین
02-06-2015
⚠️ Questo articolo è stato scritto in (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) lingua, fare clic sull''icona
per aprire l''articolo in lingua originale!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!