خەندان روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە
📝 بەڵگەنامەکان
لە هەندێک ماڵپەڕ و تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەنگۆ و هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە سایتی خەندان فرۆشراوە، بەدوای ئەوەشدا ژمارەیەکی زۆر لە هاوکاران و دۆستان و خوێنەرانی سایتی خەندان لەڕێگای هەواڵپرسین و بەدواداچوونەوە داوای زانیارییان کردووە.
ئێمە لە دامەزراوەی خەندان دەمانەوێت ئه و راستییە بە هەموو لایەک بڵێین کە سایتی خەندان نەفرۆشراوە و ناشفرۆشرێت. ئه و هەواڵانەشی له و بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە هەموویان نادروستن و تەنیا دەنگۆن.
هەموو لایەک ئه و راستییە دەزانن خەندان یەکەم سایتی کوردی هەواڵییە لەسەر ئاستی عیراق و کوردستان، ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە توانیویەتی راستگۆیانە هەواڵ و زانیارییەکان بۆ خوێنەرانی بگوازێتەوە.
خەندان لەماوەی ساڵانی کارکردنیدا خزمەتی بەرچاوی کردووە و توانیویەتی ژانرێکی رۆژنامەوانی پرۆفیشناڵ بێت و خزمەتی بەرچاوی بەخوێنەرانی کردووە.
ئەوەی هەیە و بەشێوەی ناڕاست بڵاوکراوەتەوە بریتییە لەوەی لەچوارچێوەی کار و خۆڕێکخستنەوەیدا، دامەزراوەی خەندان گۆڕانکاریی ئیداری دەکات و دەیەوێت بەشێوازێکی نوێتر کارەکانی پەرەپێبدات، ئەوەش بۆ چارەسەرکردنی ئه و قەیرانە داراییەی رووی لە خەندان و هەموو دامەزراوە میدیاییەکان کردووە.
هەر ئاڵوگۆڕێک کە خەندان بیکات لەپێناو پێشخستن و رێکخستنەوەی سەرچاوەکانی داهات و داراییەتی و ئامانج لێی بەگەڕخستنەوەیەتی لە خودی پرۆژەکەدا.
خەندان بەردەوامە لە خزمەتکردنی زیاتر بە خوێنەرانی و داواش لە خوێنەرانی دەکات کە بە دڵسۆزییەکەی جارانەوە هاوکاری سەرکەوتنی کاروانی رۆژنامەوانی خەندان بن و به و دەنگۆیانە دڵیان سارد نەبێتەوە.
هەروەکو دەیبینن سەرەتای گۆڕانکارییەکان بۆ باشترکردنی خەندان لە گۆڕینی دیزاینی سایتەوەکەوە دەستیپێکردووە و پشت بەخوا و دڵسۆزیی کارمەند و رۆژنامەنووس و خوێنەرانی بەڕێزی لە پێشکەشکردنی زانیاری دروست و هەواڵ و روماڵکردنی پرس و بابەتە چارەنووسسازەکان بەردەوام دەبێت.
لەگەڵ رێز و سوپاسدا
دامەزراوەی خەندان
- 03-06-2015