ناڕەزایی ژنە ئیسلامییەکانی ناو کۆمەڵی ئیسلامی و بەشدارینەکردنیان لە کۆنگرەی کۆمەڵ
بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
بۆ: بەڕێزان لیژنەی باڵای کۆنگرە
بەڕێزان: ئەندامانی کۆنگرە
بابەت: ڕوونکردنەوە
ئێمە ئەو کۆمەڵە خوشکەی لە خوارەوە ناومان هاتووە، لە دامەزرێنەرانی کاری خوشکانی کۆمەڵی ئیسلامین و خۆمان بە خاوەنی کۆمەڵی ئیسلامیی دەزانین و هەرگیز ڕۆژێک نەبووە بیرمان لەوە کردبێتەوە لەم خزمەتکردنە بە کاروان و ڕابوونی ئیسلامی دوور بکەوینەوە، چونکە بڕوای تەواومان بەوەیە کە کاری بە کۆمەڵ و تیم (گروپ) بەرەکەتدارە و خوای گەورە پشتیوانی دەکات، ئێمەش لە ڕابووردوودا زۆر هەوڵی بەردەواماندا کە ئەو کاروانەی سەدان گیانبەخشیی و فیداکاریی و هەزاران دەربەدەریی وماڵوێرانیی و زەحمەت و ماندووبوون و کۆڵنەدانی شەو و ڕۆژ گەیاندویەتییە ئەم قۆناغە، کە بە ئاراستەی ڕێک و ئەو بنەمایانەی کۆمەڵی ئیسلامیی لەسەر ڕاگەیەنراوە بمێنێتەوە و بەردەوام بین، بەڵام بەداخەوە (ئەم دڵسۆزیە یان پشتگوێ خرا یان خوێندنەوەی تری بۆ کرا... بۆیە بۆ ئەم وێستگە هەستیارەی لەبەردەم کۆمەڵی ئیسلامیدایە (کۆنگرە) بڕیارماندا بەشداری نەکەین لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە :
1. پێگەی ئافرەت لە کۆمەڵی ئیسلامیدا هێندە نادیدە گیراوە کە هەستمان کرد ئێمە ئەندامی پلە دوو، بەڵکو خوارتری کۆمەڵی ئیسلامین (ئەمە وەکو پێگەی سیاسی).
2. لەڕووی گەندەڵیی ئیداری و داراییەوە هەوڵدان بۆ یەکتر پەراوێزخستن لەناو کۆمەڵدا زۆر نزیکبووەتەوە لەو قۆناغەی کە لە یەکبوونی ئیسلامیدا هەبوو کە بەناچاریی گەیاندینییە لەدایکبوونی کۆمەڵی ئیسلامیی.
3. موراعاتکردن لەنیۆ کۆمەڵی ئیسلامیدا وای لێهاتووە پۆست و ئیش دەکرێتە قوربانی کەسەکان و پۆست کاڵا بە باڵای کەسێک یان زیاتر دادەتاشرێت نەک بە پێچەوانەوە.
4. ماف لەناو کۆمەڵدا بۆ خوشکان بەرانبەر ماندووبونەکەیان نییە، بەڵام بۆ برایان جیاوازە کە ئەمە نادادگەریە.
5. نێوخۆی کۆمەڵی ئیسلامیی وەکو حکومەتی هەرێمی لێهاتووە، لەکەسی یەکەمەوە تا دوائەندام گلەیی دەکات، بەڵام ئامادەیش نین بەرنامەی چاکسازیی بەرپا بکەن و بێ ئیرادەیی هێندە لاوازە جێگەی هیوا نییە.
6. سەرکردەکانی کۆمەڵی ئیسلامیی بەشێوەیەکی گشتیی بوونەتە فەرمانبەر لە کاتژمێر 9_3دەوامی بارەگاکان دەکەن و ئیتر نابینرێن تێکەڵ بە ئەندامان و خەڵک و ئازار و پێداویستییەکانی ئەندامان نابن، ئەمە هۆکارێکە بۆ بەجەماوەریی نەبوونی کۆمەڵ.
7. پرۆژە چاکسازیی و دڵسۆزییە بەخەرجدراوەکان کە ئاراستەی مەکتەبی سیاسی دەکرێت ئیتر لەوێ ئەرشیف دەکرێت وکاری پێ ناکرێت.
8. ئەوە کۆنگرەی سێیەمە، بەڵام تائێستا بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی یەکەم و دووەم بۆ کاروباری خوشکان جێبەجێ نەکراوە.
9. ڕاگەیاندنەکانی کۆمەڵی ئیسلامیی بەهیچ جۆرێک مامەڵەی جدی ناکەن لەگەڵ کار و ئیشەکانی خوشکان، بەتایبەتیی کەناڵی ئاسمانی پەیام بووەتە سەکۆی ئافرەتانی پارت و ڕێکخراوەکانی تر. کاتێکیش کە فلیمێکی دیکیۆمینتاری کۆمەڵی ئیسلامیی ئامادە دەکەن ڕۆڵی خوشـــکان پەراوێزخراوە.
10. لە ڕابردوودا هەر کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ مەکتەب سیاسی یان سەرکردایەتی کردبێت، بەشێوەیەکی گشتیی بێهیواتریان کردووین نەک هانمان درابێت بۆ کار و چالاکیی زیاتر.
11. کۆمەڵی ئیسلامی ئەندام و کادری دڵسۆزی زۆرە، بەڵام بەداخەوە مشەخۆرو مشورخۆر کەمتر لێک جودا کراوەتەوە و کار بەوە کراوە (ئەوەی لەپێش چاوانە لەپێش دڵانە).
ناوەکان :
1. سەرگوڵ قەرەداغی پەرلمانتاری پێشوو
2. وەزیرە محەمەد ئەندام مەکتەب (ئەنجومەنی باڵای خوشکان)
3. گوڵاڵە ڕەزا ئەندام مەکتەب
4. بەهرە جەمال ئەندامی سکرتاریەتی خوشکان
5. خونچە محەمەد ئەندامی سکرتاریەتی خوشکان
6. نەرمین مستەفا ئەندامی سکرتاریەتی خوشکان
7. بەهار محەمەد ئەندامی سکرتاریەتی خوشکان