دەستە سەرەتایییەکانی سوپای داگیرکەری ئێڕاقی
دیسان رۆژە رەشەکە نزیک بووەوە! رۆژی دامەزراندنی کوشت و کوشتاری کورد، رۆژی دامەزراندنی
ئەنفالئەنفالی نوێ! رۆژی دامەزراندنی سوپای رەش و کوردکوژی داگیرکەری ئێڕاقی.
کاتی کەس بەباسکردنی کارە دژبە کورد و نامرۆڤایەتییەکانی ئەم سوپا رەشەوە ناکوژم و هەموو کەس لە من زۆر باشتر دەزانێت سوپای داگیرکەری ئێڕاقی چیی کردووە و چیی تر دەکات بەرامبەر بە کورد، بەڵام ئەوەی دەمەوێت بیڵێم کە پشووی فەڕمی بەبۆنەی ئەو رۆژە رەشەوە تیپەڕاندنی یەک لە هێڵە سوورەکانمانە و تاوەکو ئێستا بیست جار لە دوای رزگاربوونی بەشێکی باشووری کوردستاندا ئەو هێڵە سوورەمان تێپەڕاندووە!
پەڕڵەمانی کوردستان دەبووایە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، ئەم پشووەی هەڵبوەشاندایەتەوە! دەبێت جیاوازیی نێوان شەشی کانوون و هەفتی نیسان و هەموو بۆنە دژبە کوردەکانی تر چی بن؟!
من دەمێکە باوەڕم بە دەستەڵاتی کوردی نەماوە کە ئەم پشووە لە کوردستاندا هەڵبوەشێنێتەوە و رۆژی شەشی کانوون بکاتە هەر رۆژێکی ئاسایی کاری دامودەزگا فەڕمییەکان، یان بیکاتە رۆژی رەش لە مێژووی کوردستاندا! هەربۆیە پێشنیازێکی تر دەکەم کە خەڵکی گوێ نەدەنە ئەم پشووە و وەک هەر رۆژێکی ئاسایی رەفتاری لەگەڵدا بکەن، بەوەی بۆ نموونە، خوێندکاران وەک هەر رۆژێکی تر بەرەو فێرگە و زانکۆکانیان بڕۆن، مامۆستایان دەرگای پۆلەکانیان بکەنەوە، فەرمانبەران بچنەوە فەرمانگەکانیان..
ئەگەر هەر ساڵێک چەند خوێندکارێک و چەند مامۆستایەک و فەرمانبەرێک ئەم تەلیستمە بشکێنن، ئەوا دڵنیام دەبێتە دیاردە و هەر ساڵێک ژمارەی دژەپشووی ئەم رۆژە رەشە زۆرتر دەبیت..
کێ دەڵێت، بەڵکو دەستەڵاتی کوردی بەهۆی ئەم هەڵوێستەوە وەخەبەر بێت و پەی بەوە بەرێت کە رۆژی شەشی کانوون، رۆژی شکاندنی کەرامەتی نەتەوەییمان بوو، رۆژی کاولکردنی کوردستان و لاقەکردنی دایک و خوشک و کچمان بوو لەلایەن سوپای عەرەبیی داگیرکەری ئێڕاقەوە...
هاوڕێ باخەوانهاوڕێ باخەوان
06-01-2013