هەر وەک هەمووان ئاگادارن لەم مانگەدا هەواڵی پرۆسەی ئاشتی لە تورکییە بە فراوانی بڵاو بۆوە وە بە دوای چەند مانگ پەیوەندی و وتووێژ لە نێوان کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیە و بەرێز عەبدوڵڵا ئۆجالان سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، ناوبراو لە نەورۆزی ئەمساڵدا داوای لە حیزبەکەی کرد ئاگربەس ڕاگەیەنێت و لە پرۆسەیەکی کورت ماوەدا کۆتایی بە خەباتی چەکداری بێنێت. بە پەسەند کردنی ئەم هەڵوێستە و جێبەجێ کردنی لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە قۆناغێکی تازە لە پەیوەندی نێوان کورد و حکوومەتی تورکیە دەستپێدەکا.
ئێمە لە درێژەی ئەو پرەنسیپە کە هەر کام لە پارچەکانی کوردستان خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیانن و بۆیان هەیە خۆیان بریار لە سەر داخوازییەکانیان و شێوازی خەباتیان بدەن و بە لێکدانەوەی بارودۆخەکە و بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕەوتەی کۆمەڵگای تورکییە تێیدا تێپەر دەبێ و ئەو کرانەوە سیاسییەی کە تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگەی خەباتی سیاسی و مەدەنی بۆ هەمووان و لەوانە بۆ گەلی کوردیش فەراهەم کردووە، کۆتایی هێنان بە شەر و تووندوتیژی و چوونە ناو قۆناغی خەباتی سیاسی و مەدەنی بە هەنگاوێکی پۆزێتیڤ هەڵدەسەنگێنین و ڕێز لە ئیرادە و بریاری خەڵک و هێزە سیاسییەکانی کوردستانی تورکیە دەگرین.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
20ی خاکەلێوەی 1392ی هەتاوی
10ی ئاوریلی 2013