50%ی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەمئەندامن
📊 Anket ve istatistik
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لەسەر خەتەنەکردنی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کراوە، نزیکەی 50% تاوەکو 70%ی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان خەتەنە کراون. بەپێی پێوەری نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەر ژنێک خەتەنە کرابێت کەمئەندامە.
رایحە موزەفەریان توێژەر و چالاکڤانی بواری ژنان، لە ساڵی 2012دا توێژینەوەیەکی سەبارەت بە خەتەنە کردووە و ئەنجامەکەی لە دووتوێی کتێبێکدا بەناوی (تیخ و سوننەت) بڵاوکردووەتەوە.
ئەو توێژینەوەیە لە سەردەمی سەرۆک کۆماری مەحموود ئەحمەدی نەژاد کراوە، بەڵام ئەوکات مۆڵەتی بڵاوبوونەوەی پێنەدرا. ئێستا کە حکومەتی ریفۆرمخوازی حەسەن رۆحانی لە دەسەڵاتە، بەبۆنەی 6ی شوبات کە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی ژنان بوو، (تیخ و سوننەت) مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی وەرگرت.
موزەفەریان دەڵێت بۆ ئەنجامدانی ئەو توێژینەوەیە قسەی لەگەڵ 400 ژن لە دوورگەی قیشم، پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و پرسیاری لێکردوون، هەروەها پشتی بە چەندین سەرچاوەی زانستیش بەستووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی موزەفەریان 50% تا 70%ی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان خەتەنە کراون، بەڵام دەڵێت ئەو ئامارە لە هەموو شوێنەکان بەو شێوەیە نییە "بۆنموونە لە گوندێکدا خەتەنە لەناو ژناندا نابینرێ، بەڵام لە گوندێکی تەنیشتی ژنان خەتەنە دەکرێن".
بەپێی لێکۆڵینەوەکەی موزەفەریان، ئاماری خەتەنە لە نێوان ژنانی سوننە مەزهەب و شیعە مەزهەبی رۆژهەڵاتی کوردستان وەکو یەکە.
زۆربەی مەرجەعەکانی شیعە لە ئێران دژی خەتەنەن، بەشێکیشیان بە حەرامی نازانن و دەڵێن ئەگەر بکرێت باشترە.
مەلا عەلی خالیدی، پێشنوێژی مزگەوتی شەهرەکی شاری مەهاباد کە لە کەسایەتییە سوننە مەزهەبە دیارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، سەبارەت بە خەتەنەی ژنان لە رۆژهەلاتی کوردستان بە (رووداو)ی گوت "خەتەنە بۆ پیاوان لە شەرعی ئیسلامدا واجبە، بەڵام بۆ ژنان مەکرەمەیە، واتە ئەگەر بکرێت کارێکی باشە". بەڵام ئەو مامۆستا ئاینییە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هیچ مامۆستایەک لەسەر مینبەر داوای خەتەنەکردنی ژنانی نەکردووە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت کە 140 ملیۆن ژن لە سەرتاسەری جیهان لە ئەفریقاوە تا کیشوەری ئاسیا و تەنانەت ئەوروپاش خەتەنەکراون.
بەپێی پێوەرەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هەر ژنێک کە خەتەنە کرابێت بە "کەمئەندام" ئەژمار دەکرێت، واتە ئەگەر ئاکامەکانی لێکۆڵینەوەی رایحە موزەفەریان دروست بێت، 70%ی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەمئەندامن.
ئەو ئامارە سەرنجی زۆربەی چالاکڤانانی بواری ژنانی راکێشاوە، پێشتر وابیر دەکرایەوە کە ئاماری خەتەنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر لەو رێژەیە کەمتر بێت، بۆیە ئامارەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسوخواسی زۆری چالاکڤانان و هاونیشتمانیانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا.
نیشتمان رۆحانی، چالاکڤانی بواری ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بەو لێکۆڵینەوەیە بە (رووداو)ی گوت "ئەو لێکۆڵینەوەیە زانستی نییە و ناکرێت پشتی پێ ببەسترێ، چونکە سەمپڵێکی 400 کەسی زۆر کەمە و ئەگەری هەیە سەردانی شوێنێکی کردبێت کە خەتەنە لەو ناوچەیە زۆر بێت".
هانا ناسری، چالاکڤانی بواری ژنان سەبارەت بە کاریگەرییەکانی خەتەنە لەسەر کەسایەتی ژنان بە (رووداو)ی گوت "خەتەنە تەنیا تاوانێک نییە بەرامبەر بە ژنان، بەڵکو تاوانێکە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی، چونکە بەهۆی ئەو کارەوە نە ژن و نە پیاو چێژ لە سێکس نابینن و کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر کەسایەتی ژنان دەبێت".
سۆهەیلا قادری چالاکڤانی بواری ژنانیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە ئەرکی رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگای مەدەنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە دەڵێت "سەبارەت بە خەتەنە رەنگە هێزە سیاسی و مەدەنییەکان کاریان کەم کردبێت، پێویستە لەوە بەدواوە کاری میدیایی و توێژینەوەی زانستی زۆرتر لەسەر ئەو دیاردەیە بکرێت و لە ئەگەری راستبوونی ئەنجامەکانی ئەو توێژینەوانە بە کردەیی و بە چڕی بەرەنگاری ببینەوە".
- 14-02-2015
⚠️ Bu madde (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) dilinde yazılmış olan, orijinal dilinde öğeyi açmak için simgesini
tıklayın!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!