کوورتەیەک لە ژییاننامەی بە پێنووسی خۆی
لە 05-03-1949 لە گەڕەکی شۆڕیجەی #کەرکووک#ی باشووری کوردستان، لە داییکبووم.
خوێندی سەرەتایی لە قوتابخانە شۆرجەی کوڕان و دوایی شۆرجەی کچان و سەڵاح الدین، تەواوکرد. ناوەندی لە ناوەندی إمام قاسم. ئامادەییم لە ئامادەیی (مسلی) تەواوکرد.
پۆلی پێنجی (إدبی) بووم کە لە شەوی نەورۆز 20-03-1968، لە ئاکامی شەڕی براکوژیدا بۆ یەکەمجار بەر گوولە درام و لەبەر سەختی بریندارییەکە بۆ ماوەی زۆرتر لە 16 مانگ لە نەخۆشخانەو ماوەیەک زنجیر لە دەست و پێ ساغەکەم و ماویەکیش ئازاد ژیانم بردە سەر، کە بەو هۆیەوە لە تاقیکردنەوەی (بکالۆریا-وزاری) ساڵی 1968-1969 بێبەش بووم و ساڵی داهاتوو 1968-1970 وەکوو قوتابی (خارجی) بەشداری تاقیکردنەوەم کردو بە رێژەیەک بەرز دەرچووم ئەوەی شایانە بگووترێت هێشتا هەر لەسەر تەخت کەوتبوم کە بە یارمەتیی براکانم و خزمان بە تەختەکەوە دەیان خستمە پێکاپێکەوەو دەیان بردم بۆ هوڵی تاقیکردنەوە.
بۆ ئەوەی لە باسی خوێندم دوور نەکەومەوە، لە دوای هەرەسەکەی 1975 کە چوومە ئێرانەوە کتووپڕ لە زانکۆی تاران بووم بە قوتابی و لیسانسم وەرگرت. کە لە 1983 گەیشتمە بەریتانیا هەمدیس یەکەمین کارم ئەوە بوو لە زانکۆی لندن دەستم کرد بە خوێندنی ماستەر لە ئەدەبیاتی عرب و لەبەر ئەوەی نمرەکانی بکالۆریوسەکەم زۆر بەرز بوون لە پارەدان بەخشییانم. نامیلکەکەم لەسەر نووسەر و سیاسەتمەدارو پارلەمانتار محەمەد حەسەنێن هەیکل بوو بە نێوی (سیاسەت، ئەدەب، نموونە محەمەد حسێن هیکل) و پەنجەم خستبووە سەر پەڕتووکەکەی (زینب) ی کە لە 1914 چاپی کردبوو.
کە ویستم لە فلسەفە دکتۆرا بکەم وتیان دەبێت ماستەرەکەت یا لە سیاسەت بێت یا فەلسەفە، کە دووبارە ماستەرێکی دیکەم کرد لە زەردەشتناسی و نامیلکەکەم (زەردەشتی کورد، تاوانبارێکی بێتاوان) بوو. دکتۆرای یەکەمم لە فەلسەفە کرد و نامیلکەکەم بە نێوی، (تینی ئایینی زەردەشت لەسەر جوولەکەو ئیسلام) بوو. کە گرفتێکی گەورەی بۆ درووستکردم و تا ساڵی 20-12-2019 مافی بڵاکردنەوەیەم نییە چونکە کەوتە ئەو ڕۆژانەی کە گرفتەکەی سلمان ڕشدی دەستی پێکرد لەسەر پەڕتووکەکەی (آیاتی شیطانی) . لەپێناوی ئەوەدا بگەم بەو مەبەستەی کە لە مێشکمدایە دکتۆرای دووەمم دەست پێکرد لە سیاسەت. نامیلکەکەم، (بزووتنەوە ناسیونالیستەکان لە ڕۆژەلاتی ناوەڕاست، 1908-1940) بوو.
دکتۆرای سێیەمم لە ئەدەبیات بوو لەژێر نێوی (معروف ڕسافی، شاعر، سیاسەتمەدار، ڕێکخەرێکی کۆمەڵایەتی. لە 1990 وە لە دانشگا جۆراوجۆرەکاندا وانە دەڵێمەوە. ئێستاش خانەنشین بووم بەڵام سەرپەرشتی قوتابییانی دکتۆرا دەکەم و سیمینار بۆ مامۆستای زانکۆکان پێشکەش دەکەم و جاروباریش ئەگەر کات یارمەتیدەر بێت بابەتە دەرسییەکان دەنووسم کە لە هەندێ لە زانکۆکاندا دەگووترێتەوە. لە تەمەنێکی زۆر زوودا چومە جیهانی سیاسەتەوە، لە پێشدا بە خوێندنەوەی نشرەکان لە کۆبوونەوەکاندا دەست پێکرد، ئەوەی سەیر بوو کۆبوونەوەی پارتی و شیوعیش، چونکە لەو سەردەمەدا چی بەر لە شۆڕشی 1958 و دوای ئەوەش لەنێو تەمەندارانی گەڕەکەکەماندا خوێندەوار زۆر کەم بوو ئیتر کەڵکیا لە ئێمە وەردەگرت، پاش ماوەیەک وام لێهات کە زۆر جار بۆ گەرم ڕاگرتنی کۆبوونەوەی پارتییەکان خۆم شتم دەنووسی و دەمخوێندەوە چونکە دەزگای ڕاگەیاندنیان لەو سەردەمانەدا هەم لاواز بوو هەم گەیشتنی بە کەرکووک زۆر سەخت بوو. بەو هۆیەوە لە 05-03-1963 شەرەفی ئەندانییەتی پارتیان پێدام کە لەو سەردەمەدا لە کەرکووک بچوکترین ئەندام بووم و هەر لەو ڕۆژەدا بە فەرمی بووم بە پێشمەرگە، بەڵام لقی سێ وایان بە باشزانی کە لەنێوەوە بمێنم.
لەبارەی نووسینەوە وەکوو سیاسەت زوو دەستم پێکرد و لە دووی ناوەندی بووم پەڕتووکی (گەشت بۆ نمرە هەشت) م نووسی بە چەند ژمارەیەکی کەم و پارەی گیرفان کۆ کردنەوەی هاوڕێیانی قوتابیم کە باسی لە گەشتێک دەکرد کە لە قۆتابخانەی کچانی شۆرجەوە بردمانین بۆ دووبز (نمرە 8) پێنج ساڵ بەر لە چاپکردنی پەڕتووکەکە. بەم زووانە دووبارە لە چاپی دەدەمەوە چونکە خۆشبەختانە یەکێک لەو پەڕتووکانەیە کە ڕەشنووسەکەیم لە جانتاکەی کۆبانیمدا دەستکەوتەوە. ئەو پەڕتووکە گرفتی خێزانی زۆری بۆ درووستکردم کە ماڵەوە بە داخەوە کە بەشی هەموویان نەخوێندەواری بوو پێیان ناخۆش بوو و بەڵایانەوە شەرم بوو کە کوڕیان نووسەر یا شاعر بێت. بەڵام هەرگیز کۆڵم نەدا ئەگەرچی بە بەرچاوی خەڵکەوە بە نیشانەی ناڕازی دانەیەکیان دڕی و خستییانە ژێر پێ.
دووەم پەڕتووکم (چوارینەکانی یوسف سدیق زەنگەنە بوو) کە لە مانگی 10ی 1970 بڵاو بووەوە. لە پاشان تاوەکو ئێستاش کەم کەم هەر خەریکم پەڕتووک بڵاو دەکەمەوە و نێوەکانیان چاپکراوو نەکراوە لە کۆتایی کتیبەکانمدا هەیە. پێنج پەڕتووکیش کە هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم دەستم بکەونەوە پاش 32 ساڵ لە کۆبانی دەستم کەوتن و لەوەدایە پاش دەستکارییەکی کەم لە شێوەی ڕێنووس و زاراودا لە چاپیان بدەم. تا ساڵی 1971 لە کەرکووک بووم لەگەڵ ئەوەشدا لە مفاوضات بووین لەگەڵ بەغدا بڕیاری دوورکردنەوەم بۆ دەرچوو. دیسانەوە ڕووم کردە چیاو چوومە ناوچەی باڵەکایەتی و لەویش دەزگای پاراستنی ئەو سەردەمەی شۆڕش لەسەر نووسینەکانم و چەند نامەیەک بۆ خوا لێیخۆشبێ بارزانیم (ملا مستەفا) نووسی دووریان خستمەوە وەکوو کادرێکی سیاسی بۆ ناوچەی بادینان لە ڕاستیدا وانەبوو کە پێیان گووتم، لە بادینان ئەوەی دەتەوێت دەتوانی بیکەیت تەنیا باس لە سیاسەت نەبێت، بە کوورتی لە #دهۆک# نیشتەجێ بووم، تا پەڕتووکی (دهۆک و سەربەستی ئافرەت) م بڵاوکردەوە کە مەلاکان بە کفر لە قەڵەمیان داو، دیسانەوە گەڕامەوە بامەڕنی و بە یارمەتیی خوا لێخۆشبوو اسعد خۆشەوی بۆ #چۆمان# و تا کۆتایی شۆڕشەکە. لەو ماوەیەدا چەندین سەفەری دەرەم کرد چی بۆ چارەسەری و چی بۆ دەورە بینینو کاروباری سیاسی. تا 29-09-1973 ئەندامی پارتی بووم بەڵام لەو ڕۆژەدا وازلێهێنانی خۆم ڕاگەیاند لەسەر ئەوەی کە بۆ زۆرمان دەرکەوت کە دیسانەوە شۆڕشەکە سەد لە سەد کەوتە بندەستی ئێرانەوەو منیش حزم دەکرد وکە لەوەبەر نووسیبووم بە ڕەشمەکەی بە دەستی خۆمانەوە بێت.
کۆی گشتی سێ جار بریندار بووم، جاری یەکەم وەک باسم کرد لە 1968 و دووەم لە دهۆک لە کاتی هێرش بۆ دایەرەی أمن بۆ ڕزگارکردنی پێشمەرگەیەکی هاوڕێ ئەگەرچی دانووستانیش بوو لە 1972. جاری سێیەم لە 17-04-1974 لە چیای گۆرەس، هەفتەیەک بە لە بۆمباران کردنی زانکۆی قەڵادزی.
$هەندێک لە بەرهەمەکانی:$
1- بێچووە چۆلەکە و ڕابەرانی کورد
2- ژن سەرچاوەی شعرە
3- نەسرین - تابلۆیەکی خوێناوی لە کوردستانەوە
4- کیژە کوردە بەرلینییەکە
5- کیژێک نێوی پێنج خاڵە
6- کوردستان سەرزەمینێکی جادوولێکراو[1]