چەند ڕۆژێکە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە باس لەوە دەکرێت کە لایەنێکی سیاسی کوردستانی داوای ئەوە دەکات، شنگال بکرێتە کانتۆنیکی سەربەخۆ، ئێمە لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە توندی ئەم جۆرە بیریکردنەوەیە ڕەت دەکەینەوەو بە هەڕەشەی دەزانین بۆ یەکپارچەیی خاکی هەرێمی کوردستان، پێمان وایە ئەم جۆرە هەنگاوانە کوردستان دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆ، کە بەسەر چەند ئیدارە و کانتۆنێکدا دابەش ببوو، لە هەمانکاتیشدا ئەم هەنگاوە پێچەوانەی دەستوور و یاسا ئیدارییەکانی هەرێمی کوردستانە.
قسە کردن لە سەر بە کانتۆنکردنی شاری برینداری شنگال کە هێشتا بەشێکی گرنگی لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدایە، پێچەوانەی ئەو یەکدەنگییەیە کە لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان دروست بوەوە و هەروەها دژی یەک سەنگەری نێوان هێزی پێشمەرگە و شەرڤانانە، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە کۆبانیەوە تا جەلەولا دروست بوەوە، هەنگاوێکە بۆ لێکترازان و چاندنی تۆی دووبەرەکی لە نێوان پێکهاتەکانی گەلەکەماندا، بیرکردنەوە لە درووستکردنی کانتۆن لە کاتێکدا بەداخەوە تا ئێستاش سیمای دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت و بە هەمو لایەکمانەوە کار بۆ ئەوە دەکەین ئاسەوارەکانی دوو ئیدارەیی نەیەڵین و هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەک بخەین و بیکەینە هێزێکی نیزامی، نەک بیر لە درووستکردنی کانتۆنێکی تر بکرێتەوە.
پێویستە سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستان، بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکەن و ناکۆکییەکان قوڵتر نەکەنەوەو درێژە بە گیانی پێکەوە جەنگان دژ بە تیرۆرستان بدەن و هەنگاوەکانیش دەستپێبکەنەوە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی و یەکخستنی گوتاری هاوبەشی نەتەوەیی.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
17-01-2015
Cet article a été écrit en (کوردیی ناوەڕاست) langue, cliquez sur l'icône
pour ouvrir l'élément dans la langue originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Cet article a été lu fois 5,996
Donnez votre avis sur ce produit!