هەڵەبجە کەمترین رێژەی توندوتیژی تێدا تۆمارکراوە
📊 ئامار و راپرسی
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژیی شارەزورو ئاشکراکردنی ئاماری 6 مانگی رابردو لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە، تەنها 282 حاڵەت تۆمارکراوە کە هیج له و حاڵەتانەش توندوتیژیی دەرونیی و کوشتن و لێدان نەبون، چالاکوانانی ناوچەکەش هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی کە لەرابردودا ژنان له و دەڤەرە دەسەڵاتداربون و پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی تایبەتیان هەبوە کە دیارترینیان عادیلە خانم بوە.
ئا: میهرەبان سەلام، هەڵەبجە
شیلان مەحمود کە چالاکوانێکی مەدەنیە، باس لەوە دەکات "تا ئێستا هیچ توندوتیژییەک بەرامبەر ژنان نەکراوە و هۆکارەکەش بۆ بەرزیی ئاستی رۆشنبیریی هەردو رەگەزی ژن و پیاو دەگەڕێتەوە کە توانیویانە باوەڕ بەتواناکانی یەکتر بکەن و شان بەشانی یەکتر کار بکەن".
پێکهاتەی دانیشتوانی هەڵەبجە ژمارەیەکی زۆر عەشرەت لەخۆدەگرێت، وەک ئیناخی، رێشاوی، کۆکۆیی، هاواری، بۆینی، نەورۆڵی، گریانی، خەرپانەیی، شەمێرانی و تاویرەیی، جگە لەوەی لەکۆنەوە تا ئەمڕۆ چەندین پێکهاتەی جیاوازی وەک کاکەییەکان و خێڵەکانی جاف و جولەکەکانی تیادا ژیاوە.
رەنگین سەلام، رۆژنامەنوس، پێیوایە هۆکاری سەرەکی کەمیی توندوتیژیی ئەوەیە کە "پێکهاتەی دانیشتوانی هەڵەبجە زۆری ئه و عەشیرەتانەیه و هەریەک لەوانەش وەک داب و نەریتێکی گشتیی، رێزی زۆریان لەئافرەت گرتوه و شانبەشانی پیاوان توانیویانە لەلادێ و شوێنەکاندا کار بکەن. ئەگەر سەیری زۆربەی دامودەزگا ئیدارییەکانی هەڵەبجەش بکەین، ژنان توانای زاڵبونیان هەیە بەسەر کارەکانیاندا، لەلایەکی تریشەوە زۆری پێکهاتەی ئاینیی لەهەڵەبجە، هۆکارێکە بۆ کەمیی توندوتیژیی و رێزگرتن لەیەکتر".
هاوکات نوخشە ناسیح، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بەئاوێنەی راگەیاند، "کەمبونەوەی رێژەکانی توندوتیژیی لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە لەخۆوە نیە، بەڵکو هاوڵاتیان و حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنیی هۆکارە کە هەریەکەیان لەڕێگەی ڕێنمایی یان یاساوە کاریانکردوە بۆ کەمبونەوەی توندوتیژیی. سروشتی هەڵەبجه و هەورامان و کارە دەستەجەمعیەکان، ئەوە دەخوازێت کە بەهیچ جۆرێک توندوتیژیی نەبێت".
بەپێی وتەی گوڵستان ئەحمەد، بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤ لقی هەڵەبجە، لەئاماری شەش مانگی رابردو تەنها 100 حاڵەت تۆمارکراوە کە هیچیان حاڵەتی کوشتن و لێدان و سوتان و برینداربون نین، تەنها کێشەی لاوەکی بون و زۆربەی حاڵەتەکان چارەسەریشیان بۆ کراوە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرێتیی مافی مرۆڤی شارەزوریش، کۆی گشتیی حاڵەتەکان 282 حاڵەتە کە پێنجوێن 26و هەڵەبجە 62 و سەیدسادق 121 و شارەزور 73 حاڵەتی بەرکەوتوە.
- 01-01-2015