رووداوەکانی هاتووچۆ و رێژەی گیان لەدەستدان کەمیان کردووە
📊 ئامار و راپرسی
رێبین محەمەد
نەخۆشخانەی گشتی دەربەندیخان ئاماری رووداوەکانی ساڵی 2014یان راگەیاند و دەرکەووتووە رووداوەکانی هاتووچۆ بریندار و مردنی لێکەوتووەتەوە کەمبووەتەوە، هەروەها بۆ چارەسەری ئاسایی 60 هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەی کردووە و 964 منداڵ لە دایک بوون و 115 کەسیش گیانی لەدەستداوە.
لە ئامارەکەدا کە کۆپییەکەی بۆ خەندان نێردراوە، بەراوردی رووداوەکانی هاتووچۆ کراوە رونکراوەتەوە: "لە ساڵی 2012 دا 215 رووداوی ئۆتۆمبیل روویاندا بوو کە تیایدا 24 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 418 هاوڵاتیش بریندار بوون و لە ساڵی 2013 دا 183 رووداوی ئۆتۆمبێل روویانداوە و تیایدا 20 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 372 هاوڵاتیش بریندا بوون، لە ساڵی 2014 دا 132 رووداوی ئۆتۆمبێل روویانداوە کە تیایدا 18 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 254 هاوڵاتیش بریندار بوون".
سەبارەت بە سەردانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەیان ئەوە هاتووە: "ساڵی 2014 بە گشتی 38500 نەخۆش رووداوی جۆراوجۆریان بەسەردا هاتووە، 132 رووداوی هاتووچۆ، 18 کەس گیانیان لەدەستداوە، 254 کەسیش بریندار بووە، 3816 کەس بە رووداوی جۆراروجۆر بریندار بوون، 6 حاڵەتی پێوەدانی مار 80 حاڵەتی پێوەدانی دوپشک تۆمار کراون".
لە بەشێکی تری ئامارەکەدا رێژەی مردن و لەدایک بوون خراوەتە ڕوو کە: "رێژەی لەدایکبوون بۆ ساڵی 2014، 964 منداڵ لەدایکبوون، 468 منداڵ کوڕ بوون و 496 منداڵیش کچ بوون، رێژەی مردنیش 115 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 65 کەس لە رەگەزی نێر و 50 کەسیشیان لە رەگەزی مێ بوون".
- 01-01-2015