51 تەن مەودای جوانکاری و برنج و خواردنەوە کحولییەکان لەناوبراوە
📊 ئامار و راپرسی
بەپێی راپۆرتێکی لیژنەی لەناوبردنی قایمقامیەتی سلێمانی لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا نزیکەی 51 تەن مەوادی ماوە بەسەرچوو لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی لەناو براوە.
تەها ساڵح، سەرۆکی لیژنەی لەناوبردن لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: پاش سەردانکردنی لیژنە هاوبەشەکان لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا لە 1-7 تا 31-12-2014 بڕی 50 هەزار و 965 کیلۆگرام مەوادی خراپ بووی ماوە بەسەرچوو لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی لەناوبراون.
وتیشی: "سەردانکردن و بەدواداچوونکردنی لیژنە هاوبەشەکان بۆ بازاڕ و کۆگاکان و چێشتخانە و ئارایشتگاکان بووەتە هۆی کەمبوونەوەی سەرپێچییەکان بەجۆرێک لەکاتی هەبوونی مەوادی ماوەبەسەرچوودا خاوەنەکان خۆیان لیژنەکان ئاگادار دەکەنەوە تا پشکنین بۆ مەواد و کەلوپەلەکانیان بکرێت و ئەگەر شیاوی خواردن و بەکارهێنان نەبوون لەناوببرێن".
سەرۆکی لیژنەکە ئاماژەی بەوەشکرد: "جۆری ئه و مەوادانەی لە لایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە بریتین لە (برنجی سامان، خواردنەوە کحولییەکان، چای ئێرانی، مەوادی جوانکاری، لەگەڵ چەندین جۆر کەلوپەل و مەوادی ماوەبەسەرچوو)".
تەها ساڵح رایگەیاند: "دەست بەسەراگرتن و لەناوبردنی مەوادی ماوەبەسەرچوو لەسەر فەرمانی قایمقامی سلێمانی بەردەوام دەبێت، تا رێگری تەواو بکرێت لە خواردن و مەوادی نەگونجاو زیان بەخش".
- 30-12-2014