14 کرێکار لە هەولێر گیانیان لەدەستداوە
📊 ئامار و راپرسی
رەهێڵ سەمەد
بەرپرسانی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان رایدەگەیەنن ئەمساڵ رێژەی گیان لەدەستدانی کرێکاران لەکاتی کارکردنیان بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمتر بووە، ئەویش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەمساڵ بەهۆی بارودۆخی و ئەمنی و قەیرانی دارایی کەمتر پرۆژە ئەنجامدراوە.
حەسەن رەمەزان لێپرسراوی راگەیاندنی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە خەندانی راگەیاند: "لەماوەی ئەمساڵدا 14 کرێکار لەکاتی کارکردنیان لە سنووری پارێزگای هەولێر گیانیان لەدەستداوە".
وتیشی: "دوا رووداوی گیان لەدەستدانی کرێکاران لە تونێلی پیرمام لەسەر رێگای هەولێر- شەقڵاوە بووە، کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی سێ کرێکار.
ئەوەشی راگەیاند: "رێژەکەی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمترە، به و پێیەی لە ساڵی 2013 لە سنووری پارێزگای هەولێر 33 کرێکار لەسەر کارەکانیان گیان لەدەستدابوو".
لێپسراوی راگەیاندنی لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران ئاماژە بەوەشدەکات:" هۆکاری کەمبوونەوەی رێژەی مردنی کرێکاران لەماوەی ئەمساڵ بۆ کەمبونەوەی پرۆژەکان دەگەڕێتەوە، کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و قەیرانی دارایی کەمتر ئەنجامدراون".
پێشیوابوو: "بۆ دەستەبەرکردنی مافی ئه و کرێکارانەی لەسەر کارەکانیان دەبنە قوربانی، هەروەها بۆ رێگاگرتن لە رووداوی له و جۆرە پێویستە یاسای تازە لە پەرلەمان دەربچێت و رێوشوێنەکان لەبەرانبەر کۆمپانیا و خاوەن کارەکان توندتر بکرێت تاکو سەلامەتی کرێکاران زیاتر بپارێزرێن".
- 30-12-2014