لە شەش مانگدا 19 پێشێلکاری بەرامبەر بەرۆژنامەنوسان کراوە
📊 ئامار و راپرسی
هێمن مامەند
سەرۆکی لیژنەی داکۆیکردن لەمافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ 19 حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر بەرۆژنامەنوسان کراوه و لەنێویشیاندا هەڕەشەی کوشتن و داخستنی کەناڵیشی تێدایە و ئاماژەش بەوە دەکات هێشتا راپۆرتی شەش مانگی کۆتایی ئەمساڵیان نەنوسیووە.
جەمال حسێن، سەرۆکی لیژنەی بەرگریکردن لەمافی رۆژنامەنوسان تایبەت بەخەندانی راگەیاند" لەشەش مانگی ئەمساڵدا واتە لە01-01-2014 تا 30-06-2014، نۆزدە حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر بە 38 رۆژنامەنوس کراوە".
جەمال حسێن ئاماژەی بەوەشکرد" لەکۆی ئه و ژمارەیە دوو حاڵەتی کوشتن و پێنج حاڵەتی راگرتن (توقیف) هەیە و داخستنی کەناڵی ئاژانسی دیجلە و گۆڤاری رۆژی وڵات-یش هەن.
سەبارەت بەهۆکاری بڵاونەکردنەوەی راپۆرتەکانی پێشێلکاری لەماوەی ئەمساڵدا، جەمال حسێن وتی" هۆکارەکە بۆئەوە دەگەرێتەوە کە بەشێک لەوانەی پێشێلکارییان بەرامبەر رۆژنامەنوسان کردووە، ناویان هاتووه و ئێستا لە بەرکانی جەنگن و ئەمەش نەدەکرا له و کات و ساتەدا و له و دۆخە ئەمنیە، ئه و راپۆرتە بڵاوبکەینەوە."
لەبارەی راپۆرتی کۆتایی شەش مانگی ئەمساڵیش وتی کە هێشتا راپۆرتەکە نەنوسراوە، بەڵام بەم نزیکانە ئامادەی دەکەن.
- 09-12-2014