300 هەزار ئاوارەی عەرەب نیشتەجێی کەرکووکن
چەند دەیەیەکە عەرەب نیشتەجێی پارێزگای کەرکووکن، یان لەوێ نیشتەجێکراون، بەڵام دوای هێرشەکانی چەکدارانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) لە 10-6-2014 تا ئێستا، بە دەیان هەزار عەرەبی دیکەی دانیشتووی پارێزگاکانی هاوسنووری کەرکووک روویان لەو پارێزگایە کردووە.
عەممار سەباح، بەڕێوەبەری فەرمانگەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند:"ژمارەی ئاوارە عەرەبەکان لە کەرکووک ئێستا گەیشتووەتە 67 هەزار خێزان و بەپێی رێنمایی وەزارەت هەر خێزانێکی ئاوارە لانیکەم لە 5 ئەندام پێکهاتووە، بۆیە دەتوانین بڵێین زۆرتر لە 300 هەزار ئاوارەی عەرەب نیشتەجێی کەرکووکن".
عەممار سەباح گوتیشی: "پێش هێرشەکانی چەکدارانی داعش ژمارەی ئاوارە عەرەبەکان لە کەرکووک نزیکەی 9 هەزار خێزان بوو، بەڵام دوای هاتنی داعش ژمارەکە گەیشتە حەوت هێندە، کە زۆربەیان لە پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، ئەنبارەوە هاتوون".
بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی کەرکووک ئاماژەی بەوەشدا، کە "ئاوارە عەرەبەکان لە هەموو ناوچەکانی پارێزگای کەرکووک بە گشتی نیشتەجێبوون و بەتایبەتی لە کەمپی ئاوارەکان لە شارەدێی لەیلان، کە 1500 خێزان لەخۆدەگرێت و بڕیارە 3 کەمپی هاوشێوەیان لە لەیلان بۆ دروست بکرێت".
عەممار سەباح ئاشکراشیکرد کە لە کۆی 67 هەزار خێزانی ئاوارەی عەرەب لە کەرکووک 28 هەزاریان ئەو ملیۆن دینارەیان وەرگرتووە کە حکومەتی عێراق بۆ خێزانە ئاوارەکان تەرخانی کردووە، جگە لەوەی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیغاسەی ئیسلامی، منداڵ پارێز کۆمەکیان دەکەن.
لای خۆیەوە شیرزاد دەلۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆچ و کۆچبەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە ژمارەی راستەقینەی ئاوارە عەرەبەکان لە کەرکووک نزیکەی 55 هەزار خێزانە، چونکە بەشێک لە عەرەبەکانی نیشتەجێی کەرکووک کە لە راستیدا ئاوارە نین لە پێناو بە دەستهێنانی یەک ملیۆن دینار و هاوکاریی خۆیان بە ئاوارە تۆمار کردووە".
شێرزاد دەلۆ گوتیشی: "کاریگەری ئاوارەکان لەسەر کەرکووک زۆرە و ئەوان بوونەتە هۆی بەرزبوونی نرخی خانووبەرە و کرێ و گرانبوونی کەلوپەل بە گشتی، جگە لەوەی فشاریان خستووەتە سەر خزمەتگوزارییەکانی کارەبا، ئاو و مەترسی بەدیهاتنی گۆڕانکاری دیمۆگرافیش لە کەرکووک لە ئارادایە".
ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی حکومەتی عێراق ژمارەی ئاوارەکانی عێراق بەهۆی هێرشەکانی گرووپی داعش گەیشتووەتە سەرووی 2 ملیۆن ئاوارە.
- 08-12-2014
⚠️ Dette produktet har blitt skrevet på et språk (🏳️ کوردیی ناوەڕاست), klikk på ikonet
for å åpne elementet på originalspråket!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!