34 ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی تورکیا کراوە
ەپێی ماڵپەری (ئۆیل رێڤیو) کە ماڵپەرێکی ناسراوی تایبەت بە چالاکییەکانی نەوت و گازە لە جیهاندا، تا کۆتایی ئەمساڵ ئاستی هەناردەکاری نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێی بۆرییەوە بەرزدەبێتەوە بۆ رۆژانە 400 هەزار بەرمیل و لەسەرەتای ساڵی 2015 شدا ئەو رێژەیە بەرزدەبێتەوە بۆ رۆژانە 500 هەزار بەرمیل.
ماڵپەری ئۆیل ریڤیۆ لە زاری بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گواستوویەتیەوە کە پێشکەوتنەکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو ئامانجەی دەسنیشانیان کردووە دەگونجێت.
بەپێی بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەساڵی 2015 و سەرەتای 2016 ئاستی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە بۆ رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل. ئەوە لەکاتێکدایە لەسەرەتای ساڵی 2014ەوە بڕی 34 ملیۆن و نیو بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان کراوە.
لەو رێژەیە بڕی 21 ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت لەرێی بۆری نەوتی کوردستان -جەیهان فرۆشراوە، ئەو 13 ملیۆنەش کە دەمێنێتەوە لە رێی تانکەرەوە هەناردەی بەندەری مێرسینی تورکیا کراوە.
بەپێی لێدوانێکی تانەر یڵدز، وەزیری وزەی تورکیا لە فرۆشتنی ئەو رێژە نەوتە، هەرێمی کوردستان بڕی 2 ملیار و 870 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە، کە لەو رێژەیە دوو ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری بە کاش بووەو ئەو 775 ملیۆن دۆلارەش کە دەمێنێتەوە خەرجی پاڵاوتنی 710 هەزار تۆن لە بەرهەمە نەوتییەکانی وەک بەنزین و کێرۆسین و گازوایل کراوە.
سەرەرای ئەوەش ئەو داهاتەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێی فرۆشتنی نەوتی خۆی لەمساڵدا دەستەبەری کردووە تەنیا رێژەیەکی کەم لە موستەحەقاتی خۆی کە لەسەدا 17 ی بەشە بودجەیەتی پێکدەهێنێت.
لە داهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فرۆشتنی نەوتی خۆی نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار تێچووی گواستنەوەو کۆگاکردنی ئەو نەوتە بووە لە رێی تورکیاوە.
بەپێی شارەزایانی نەوت، ئەمساڵ ساڵێکی گرینگ بووە بۆ هەرێمی کوردستان لە رووی گەشەسەندنی کەرتی نەوت لەبەر ئەوەی کە خەریکە لەرێی ئەو کەرتەوە هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی ئابووری بەدەستدەهێنێت. لەبەر ئەوەشە تۆنی هایوارد، سەرۆکی کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی رایگەیاندووە کە ساڵی 2014 بۆ هەرێمی کوردستان لە کتێبەکانی مێژوودا تۆماردەکرێت.
- 26-11-2014