رۆژنیوز زاهیر ئیبراهیم
توندوتیژیەکانی سەر ژنان و بەتایبەت خۆسوتانی ژنان لە دەڤەری سۆران لەزیادبوندایە، وێڕای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندویژی ئامادەنەبوو ئامار بدات بە ڕۆژنیوز، بەڵام ڕۆژنیوز لەوبارەیەوە ئامارێک کۆدەکاتوە. تەنها بەگوێرەی ئەو ئامارە ڕێژەی سوتانی ژنان لە بەرزبونەوەدایە. چەند ژن بەدەستی کەس و کاریان کوژراون، ئەمە جگە لەوەی تەنها لەیەک هەفتەدا 4 ژن بەهۆی حەب خواردنەوە هەوڵی خۆکوژیان داوە. چالاکوانێکی ژنانیش داوا دەکات هەڵوێستی جدی هەبێت لەسەر ئەو ڕەوشەی بەرۆکی ژنانی گرتۆتەوە.
بەگوێرەی تەنها ئەو ئامارەی ڕۆژنیوز کۆیکردۆتەوە، لەمانگی 10 و 11 لە خەلیفان و مێرگەسۆر ئەوە ڕاگەیەندرا کە دوو ژن خۆیان کوشتووە، بەڵام بەپێی زانیاریەکان دوای لێکۆڵینەوەی پۆلیس دەرکەوت کە هەردووکیان کوژراون، بەڵام وەک دەگوترێت یاسا وەک پێویست سزای ئەو کەسانەی نەدا بۆ ئەوەی ڕێگە لەدووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە بگرێت.
رێژەی سوتان یان خۆ سوتاندنی ژنان ڕۆژبەرۆژ لە زیادبوندایە، بەگویرەی تەنها ئەو زانیاریانەی بەناو لامانە، لە 11 مانگی ڕابردوو تەنها لە دەڤەری سۆران زیاتر لە (10) ژن سوتاون یان خۆیان سوتاندووە، کە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ڕێژەی سوتان زیادی کردووە، هاوکات لەنێو سوتاوەکانیشدا کچانی خوارتەمەنی 18 ساڵی تیادایە. هەوەها لەقەزای ڕواندز لەماوەی هەفتەیەکدا سێ ژن خۆیان سوتاند، لەمانە کچێکی (18) ساڵان بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتانەکەی گیانی لەدەستداو ئەوانی تریش دوای مانەوە لە ژێرچاودێری پزیشک چارەسەریان بۆکراوە. دواین ژن کەخۆی سوتاند لە گوندێکی سەر بەناحیەی وەرتێ بوو لە ناوەراستی مانگی یانزە، لای پۆلیس وە سکاڵاش تۆمارناکەن.
رۆژنیوز ئاشکرای دەکات لەکاتی سوتانی ژنان لەلایەن کەس و کاریانەوە هەوڵدەدرێت هۆکاری سوتانەکەیان پەردەپۆش بکرێت، بەڵام دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی پۆلیس دەردەکەوێت ژنان خۆیان خۆیان سوتاندووە. بەڵام دەربارەی هۆکاری خۆ سوتاندنەکەیان ژنان ترسیان هەیە ڕاستی خۆسوتانەکەیان لای دادوەر و پۆلیس ئاشکرا بکەن.
هەروەها پەنابردن بۆ حەب خوارد یەکێکی ترە لەو ڕێگایانەی لەلایەن ژنان و کچانەوە بەمەبەستی هەوڵی خۆکوژی پەنای بۆ دەبرێت و لە قەزای سۆران ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان و کچان پەنایان بۆ حەب خوردن بردوە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک دژی هەرەشە و کێشە کۆمەڵایەتیەکان، تەنیا لەماوەی هەفتەیەکدا 4 ژن لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سۆران بەهۆی خواردنی ڕێژەیەکی زۆری حەب داخیل کران، سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سۆران بە ڕۆژنیوی ڕاگەیاند کە ئەم ساڵ حاڵەتی حەب خواردن زۆر بوو، هەر بەپێی ئەو ئامارەی کۆمانکردۆتەوە 8 ژن بەرێگای حەب خواردن هەوڵی خۆکوشتنیان دا.
بەپێی لێکۆڵینەوەکەی ڕۆژنیوز لەسەر ڕەوشی ژنانی لەدەڤەری سۆران، هەر لە 11 مانگی ڕابردوو کچێکی تەمەن (16) ساڵان خۆی خنکاند.
بەپێی بەدواداچوونەکەی ڕۆژنیوز لەماوەی ڕابردوو تائێستا دەیان ژن هاتوونەتەلای بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندونیژی سۆران بەمەبەستی بەهاناوەچوونی کێشەکانیان. لەسنوری دەڤەری سۆران بەهۆی بەکارهێنانی توندوژتیژی و ئەشکەنجەدانیان، ژمارەیەک ژن سکاڵایان دژی هاوسەر و کەس و کاریان تۆمارکردووە، بەتایبەت لە ڕێگای بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سۆران. سەرچاوەیەکیش لە بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی توندوتیژی ڕایدەگەینێت کە چەندین پیاو بەتۆمەتی هەرەشەوتوندوتیژی دژی ژنان دەستگیرکراون.
لەدەڤەری سۆران ژمارەیەک ژن لە هاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە، ئەمەش بەهۆی بوونی کێشەی کۆمەڵایەتی و نەگەیشتن بە چارەسەری وەبەشێک لەو ژنانەش کە لە مێردەکانیان جیابوونەتەوە خاوەنی مندڵ بوونە. هۆکاری ئابووری و بێ باوەڕی (دڵپیسی) لەلایەن هاوسەرەکانیان لە بەرامبەریاند، کاریگەری زۆری لەسەر جیابوونەوەی هاوسەرەکان هەبووە.
یەکێکی تر لەهۆکارەکانی لێکجیابوونەوەی هاوسەرەکان و دواجار شکست هێنان لە پرۆسەی هاوسەرگیری و زیادبوونی خۆکوشتن. زوو بەشوودانی کچانە، بەپێی ئەو بەدواداچوونەی ڕۆژنیوز بەشێک لەو ژنانەی خۆیان سوتاندووە، یان خۆیان کوشتووە لەخوار تەمەنی 18ساڵی بەشوودراون، یەکێک لەو ژنانەی بەم دوایانە خۆی سوتاند تەمەنی 16ساڵَ بووە و خێزانداربووە. هاوکات ژنێکی تر تەمەنی 18ساڵ بووەکاتی کوژراوە، ئەو ژنە خێزانداربووە و خاوەنی منداڵێک بووە.
ئەگەرچی چەندین ڕێکخراو چالاکوان لە دەڤەرەکەدا لەبارەی مافەکانی ژنانەوە کاردەکەن، بەڵام کاردانەوەیان لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتانەوە وەک دەوترێت بەگوێرەی پێویست نیە، بەگوێرەی بەدواداچونەکانمان تەنانەت لەئامارەکانیشدا زانیاریان نیە، هاوکات یەکلایی کردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتیەکانیش بەڕێگای عەشایری و مەکتەبی کۆمەڵایەتی حزبەکان بۆتە هۆی نیگەرانی، چونکە وەک دەوترێت ڕێگای بۆ زیادبوونی تاوان دژی ژنان لەم دەڤەرە خۆش کردووە.
مینا تەها چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنیو مافی ژنان دەربارەی ڕەوشی ئافرەتان لە سۆران، وتی " بەداخەوە بەم دوایانە چەندین ڕووداوی دڵتەزێن ڕووبەرووی ژنان بۆتەوە لەدەڤەری سۆران کە ناخۆشترین حاڵەتیش خۆسوتاند و کوشتنی ژنانە بەبیانووی جۆراوجۆر، وەک لە ئامارەکان دەردەکەوێت کەرێژەی سوتان وکوشتنی ژنان لەکوردستان بەگشتی ودەڤەری سۆران بەتایبەتی مایەی نیگەرانیە.
مینا پێیوایە چەندین هۆکاری کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاینیی لەپشت خۆسوتاندن وکوشتنی ژنانەوەیە، ئەم هۆکارانە تارادەیەک ڕێگە خۆشکەرەن بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەو کردەوەیانە، وەک چۆنیەتی ژیانی ژنان و باری ئابوری و ئاستی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و کلتوری کۆمەڵگا و بە یاساکردنی دیاردە ناباوەکانی کۆمەڵایەتی. ئەو چالاکوانە وتیشی" کاریگەری کلتوری نەتەوەکانی سنوری و هەروەها زاڵ بوونی ویستە جەستەییەکانو غەریزەییەکانی مرۆڤو ناهوشیاری کۆمەڵایەتی و پەروەردەی ناتەندروستو نزم بوونی ئاستی ڕۆشنبیری تاک سەرچاوەی تاوانەکانن.
راشیدەگەیەنێت کە پێویستە ڕێکخراوەکانی ئافرەتان ولایەنە پەیوەندیدارەکان بەجدی کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی ژنان بکەن و هەڵوێستی جدیان هەبێت لەسەر ئەو ڕەوشەی بەرۆکی ژنانی گرتۆتەوە.
هەرسەبارەت بە ڕەوشی ژنان لەدەڤەری سۆران بەرپرسێکی ئافرەتان بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوەکرد کێشە کۆمەڵایەتیەکان هۆکاری سەرجەم ئەوگرفتانەن کە ڕووبەرووی ژنان بوونەتەوە. زیبا تەها بەرپرسی ئەنجوومەنی قەزای ئافرەتانی سۆران. وتی" دیاردەی خۆسوتاندن و کوشتنی ئافرەتان لەدەڤەری سۆران تەشەنەی کردووە، ئێمە وەک ڕێکخراوی ئافرەتان هەوڵی زۆرمانداوە لە ڕێگای کۆروسمینا بۆ وشیاکردنەوەی ئافرەتان.
ئەو چاڵاکوانە دەڵێت " پیاوان غەدری زۆرلە ئافرەتان دەکەن زۆر کێشە هەیە چارەسەرکردنی ئاسانە و پێویستی بە لێک تێگەیشتن هەیە، نەک پەنابردن بۆ کوشتن و ئەشکەنجەدان. زیبا تەها وتیشی "رێکخراوەکان کاریان کردووە، بەڵام لەئاست زۆری کێشەکان نەیان توانیوە ڕێگە لە کێشەکان بگرن.
رۆژنیوز بۆ قسەرکردن لەسەررەوشی ژن لەو دەڤەرە، هاوکات ڕۆڵی بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، ڕاید خۆشەوی عزیز بەرێوەبەری بەدواداچوون و نەهێشتنی توندوتیژی دواند. ئەو بەرپرسە نەی شاردەوەکە ڕەوشی ژنان لەماوەکانی ڕابردوو لەسۆران زۆر خراپە و چەندین حاڵەتی جیاجیای توندوتیژی تۆمارکراوە.
خۆشەوی عزیز ئەگەرچی ئامادە نەبوو ئاماری ڕەوشی ژن بە(رۆژنیوز) بدات، باسی لەوەکرد کە تەنها ساڵانە ئامار دەدەن. وتی" لە سنوری دەڤەری سۆران هەموو جۆرەکانی کێشەی ژن تۆمارکراوە، هەروەها هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و خۆسوتاندن و کوشتن و ئەشکەنجەدان هەبووە.
خۆشەوی وتیشی "ساڵانە لەدەڤەری سۆران ئامارەکان لەیەکترەوە نزیکن، تەنیا کێشەی خۆسوتان نەبێت کە لەزیادبووندایە، ئەمەش پێویستی بەکاری جیدی هەیە بۆ وشیارکردنەوەی ئافرەتان، چونکە هەموو کێشەیەک قابیلی چارەسەرە.
بەرێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە سۆران. ڕاشیگەیاند" حاڵەتی خۆخنکاندن هەبووە، بەڵام توندوتیژی سێکسی زۆر کەمە. هەروەها ئاشکرای کرد ڕێژەی سکاڵا زۆرە و زۆرکەسیش دەستیگرکراوە، زۆرجاریش کێشەکان لای خۆمان چارەسەری دەکەین و ژن و پیاوەکان ئاشت دەکەینەوە.
ناوبراو وتیشی "هەر ئافرەتێک هەڕەشەی کوشتنی لەسەر بێت، ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەکەین.
ئەو بەڕێوەبەرە پێیوایە ڕێکخراوەکان وەک پێویست نەیان تواینوە ڕۆڵی باش بگرێن لەکەم کردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتیەکان.