پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی ئاراستەی دانیشتووان و پارێزگاری هەولێر کرد و ئیدانەی توندی کردەوە خۆکوژیی
📝 بەڵگەنامەکان
دانیشتوانی شاری هەولێری خۆشەویست
بەرێز پارێزگاری هەولێر
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و برینداران
بەداخەوە، ئەمرۆ جارێکی تر تیرۆریستانی دوژمن بە گەلەکەمان و دوژمن بە ئازادی و ئاوەدانی، دەستی رەشیان بەخوێنی گەشی ژمارەیەک لە رۆڵەکانمان سور کردوو لە کردەوەیەکی ترسنۆکانەی تیرۆریستانەدا ژمارەیەک لە رۆڵەکانی شاری خۆراگری قەڵاومنارەیان شەهید و بریندار کرد، بەم بۆنەیەوە بەناوی خۆم و پارێزگای سلێمانی و دانیشتوانی پارێزگای سلێمانییەوە، وێرای بەتوندی ئیدانەکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییە، دڵگرانی و هاوخەمی خۆمانتان پێ رادەگەیەنین و سەرەخۆشی لە کەس و کاری شەهیدان دەکەین و هیوای تەندروستی باش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ئەم کردەوە قێزەونەی تیرۆریستان دوای ئەوە دێت لەسەرجەم بەرەکانەوە پێشمەرگە قەرەمانەکان زەبری کوشندەیان لە تیرۆریستان داوە بەم جۆرە کردەوانە دەیانەوێت باری لاریان راست بکەنەوەو دڵە راوکی َ لەنێو هاووڵاتیاندا دروست بکەن، بەڵام بێگومان خەیاڵیان خاوەو خەڵکی کوردستان چۆن لە رابردوودا شکستیان بە سەدان پلانی داگیرکەران تیرۆریستان هێناوە،ئاواش بە پشتیوانی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش و سەرجەم هێزەکانی ناوخۆ پلانی تیرۆریستان شکست پێدەهێنن.
جارێکی تر سەرەخۆشی لەکەسوکاری شەهیدان دەکەین و خۆمان بە هاوخەمتان دەزانین و پشتیوانی دانیشتوان و دەزگاکانی سلێمانتان بۆ دووپات دەکەینەوە.
بەهرۆز محەمەد ساڵح
پارێزگاری سلێمانی
19ی تشرینی دووەمی2014