25 هەزار قوتابی ئاوارە لە هەرێمی کوردستانن
📊 ئامار و راپرسی
هەماهەنگیکاری گشتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ پارێزگاکان رایگەیاند بەهۆی ناجێگیری باری ئەمنی نزیکەی 25 هەزار قوتابی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
عەبدولعەزیز جاسم، هەماهەنگیکاری گشتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ پارێزگاکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " بە هۆی ناجێگری رەوشی ئەمنی پارێزگاکانی باکوور و ناوچەکانی دیکەی عێراق نزیکەی 25 هەزار قوتابی کچ و کوڕ روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە".
گوتیشی: "بڕیارە بە هەماهەنگيکردن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر 3 قوتابخانە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی بۆ ئەو قوتابیە ئاوارانە بکرێنەوە و ئێستا چاوەڕێی رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکانین، چونکە ساڵی خوێندن دەستیپێکرد".
نافیع حسێن بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " سەرجەم ئەو پێشنیارانەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قوتابیان خستویەتیە روو چارەسەری کاتین و کێشەکە چارەسەر ناکەن، چونکە پێشنیارەکان خۆیان لە تەرخانکردنی قوتابخانە دەبیننەوە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ، لەکاتێکدا پێویستیمان بە کردنەوەی قوتابخانەکان هەیە".
بەهۆی رەوشی نالەباری پارێزگاکانی ئەنبار، نەینەواو سەڵاحەدین، دیالەو کەرکووک، ناوچەکانی چواردەوری شاری بەغدا ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانانی ئەم پارێزگايانە هەڵاتن و روویان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کرد.
- 11-09-2014