راگەیەندراوێک لەوەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمەوە
📝 بەڵگەنامەکان
لای هەمووان ئاشکرایە بارودۆخێکی نوێی سیاسیو سەربازیی لەکوردستان هاتۆتە ئاراوە، کەلێمان دەخوازێ هەرلایەک لەئاستی پێگەو ئەرکو کاری خۆیەوە بەرپرسیارانەو بەوردی مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا بکات وهەموان پێکەوە داکۆکی کاروپارێزەری خاکو بەرژەوەندیەکانی هەرێمەکەمان بین،لەم روانگەنی شتیمانیەوەو تایبەت بۆ هەڵوەستەکردن لەئاست رۆڵی راگەیاندن لەم هەلومەرجەدا، کەرۆڵێکی زۆرهەستیاروکاریگەرە، هەردوو وەزارەتی پێشمەرگەو رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەئامادەبونی وەزیری رۆشنبیری ولاوان و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی راگەیاندنی هەردوو وەزارەت لەگەڵ دەزگاو کەناڵە میدیاییەکانی کوردستان کۆبوونەوە، بەمەبەستی راگۆڕینەوە لەسەر رەوشی میداکان و خستنەڕووی ئەو سەرنجانەی لەمبارەیەوە هەیە. لەکۆبونەوەکەدا جەخت کرایە لەسەر شێوازی ئەو هەواڵ و رووماڵکردنانەی کەمیدیاکان لەبارەی رەوشە سەربازییەکەی ئەمڕۆدا بڵاویدەکەنەوە، کە دەبێت هەموان پابەندبن بەسنووری بەرژەوەندیەکانی گەلەکەمان و پاراستنی ئاسایشی سەربازی.
هەروەها جەختکرایەوە کە پێویستە خەڵکی بەشەرەفی کوردستان لەم قۆناغەدا بەئاگا بێت و تەواوی چین وتوێژەکانی کۆمەڵگای کوردستانیش بە ئامادەییەکی باشەوە دڵنیابن لەئەنجامی سەرکەوتوانەی رەوشەکە بەقازانجی پێشمەرگەو هەرێمی کوردستان، هاوکات پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیش رۆڵی خۆیان بگێڕن لەهۆشیاری ناو کۆمەڵگادا. هەرلەکۆبونەوەکەدا تەئکید کرایەوە کە پێِویستە میدیاکانی بینراو بیستراو و نوسراو لەئاستی بەرپرسیارێتی نیشتمانیدا بن و بزانن کە نەفەسی سیاسی بەرتەسک هیچ خزمەتێک بەئاسایشی نیشتیمانی و پێگەی بەهێزیمان ناکات، لەلایەکی ترەوە لەرووی گواستنەوەی هەواڵەکان و رووماڵکردندا پێویستە میدیاکان زۆر بەورد بینییەوە هەڵسوکەوت بکەن ورەچاوی ئاسایشی هێزەکانی پێشمەرگەو پێداویستییە مەعنەوی و دەروونییەکانی ئەم قۆناغە هەستیارە بکەن. لەبەر رۆشنایی رێنماییەکانی سەرۆکایەتی هەرێم بۆهەبوونی ئاراستەیەکی نیشتمانی و ئەرێنی میدیایی لەکۆبونەوەکەدا جەختکرایە سەرئەوەی کەدەزگاو کەناڵەکانی راگەیاندن بۆ تەندروستبوونی کارەکانیان و باشتر روماڵکردنی رووداوەکان و دەرنەچوون لەسنووری یاسایی و سەربازیی پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و راگەیاندن و هۆشیاری لەوەزارەتی پێشمەرگەوە سەرچاوەی هەواڵ و زانیارییەکان و پردی پەیوەندی بکرێتە مەرجەع، هاوکات تەئکیدیشکرایەوە کە هەر دەزگا و کەناڵێک پێچەوانەی بەرژەوەندی نیشتمانی بجوڵێتەوەو ئاراستەیەکی خزمەت بەخش بەرۆڵی فیداکارانەو سەرکەوتوانەی پێشمەرگە و ورەی بەرزی گەلەکەمان نەگرێتەبەربەتوندی رووبەڕووی سکاڵاو لێپرسینەوە یاسای یدەبێتەوە.
7ی ئاب، 2014